لۆژیكی سه‌رۆك بارزانی . . . عێراق وه‌ك به‌شێك له كێشه‌ی ناوچه‌كه ده‌گۆڕێت بۆ به‌شێك له چاره‌سه‌ر
له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له 2003 ، عێراقی نوێ له‌سه‌ر سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی» هاوبه‌شی ، هاوسه‌نگی، سازان» بونیادنرایه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بوون، ئێستاش چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و سێ بنه‌ما سه‌ره‌كییه و پابه‌ندبوون به ده‌ستووره‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌رچی به ئێمه بكرێت ئاماده‌ین، ده‌بێت هه‌موو هێزه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و عێراق، بوێریی ئه‌وه‌یان هه‌بێت دان به هه‌ڵه‌كاندا بنێن و دیسان لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه بكه‌نه‌وه بۆ عێراق تووشی گرفتی گه‌وره‌تر نه‌بێت».
سه‌رۆك بارزانی – 9ی نیسانی 2025 پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ كتێب
گه‌ڕانه‌وه بۆ هاوبه‌شی..
هاوسه‌نگی ..سازان
خاڵی گرنگ كه نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی فیدڕالی بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی بڵاویكرده‌وه ئه‌وه‌یه، كه ئامانج له‌م سه‌ردانه و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و پێكه‌وه گرێدانه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بگه‌نه چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بوونیان هه‌یه، هه‌روه‌ها نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌شی به‌وه كردووه، ئه‌م سه‌ردانەی سوودانی بۆ باره‌گای بارزانی له‌سه‌ری بڵند په‌یامێكه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ئاماده‌باشیی هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و دیالۆگ و ڕێككه‌وتن كێشه ناوخۆییه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات، له‌مه‌ش زیاتر جه‌ختكردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه عه‌ره‌بییه عێراقییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرانسیپه به‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای «هاوبه‌شی» محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه و، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسیان له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ها باردۆخی ناوچه‌كه و دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له‌وەی ببێته به‌شێك له‌و كێشه‌ی ئێستا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوونی هه‌یه، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی له ڕۆژی 9ی نیسانی 2025 و له مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر كرد ، ئه‌مه لۆژیك و بیركردنه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی بووه هه‌ر له ساڵی 2003وه دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، بۆ ئه‌وه‌ی عێراقی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای «هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان» بونیادبنرێته‌وه، به‌ڵام وێرای ئه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی شیعه‌ی عێراق هه‌موو كات ئاماده باشییان هه‌بووه ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنانه بكه‌ن، كه له‌سه‌ر ئه‌م پرانسیپانه گرێدراون، به‌ڵام له بواری كرداریدا پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بوون و جێبه‌جێ نه‌كراون، هه‌ر بۆیه‌ش له‌بری ئه‌وه‌ی عێراق ببێته ئه‌و ده‌وڵه‌ته فیدراڵی و دیموكراتی و په‌رله‌مانی و فره‌ییه‌ی كه هه‌موو گه‌لانی عێراق ئومێدی بۆ ده‌خوازن، ئێستا عێراق بۆته ده‌وڵه‌تێك كه ناتوانێت ڕێز له سه‌روه‌ریی خۆی بگرێت و خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان بۆ هاووڵاتیانی دابین بكات.
خاڵی سه‌ره‌كی و نوێ له په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر كرده‌وه ئه‌وه بوو كه گوتی: ئێستاش چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و سێ بنه‌ما سه‌ره‌كییه «هاوبه‌شی، هاوسه‌نگی، سازان، پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوره‌وه»، له‌مه‌ش گرنگتر داوای له هه‌موو هێزه كوردستانی و عێراقییه‌كان كرد به‌وه‌ی «بوێریی ئه‌وه‌یان هه‌بێت دان به هه‌ڵه‌كاندا بنێن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی عێراق تووشی گرفتی گه‌وره‌تر نه‌بێت»، ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی هێنده‌ی دووپاتكردنه‌وه و جه‌ختكردنه‌وه‌یه له له‌سه‌ر لۆژیك و هه‌ڵوێسته‌كانی پێشتری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دووباره بونیادنانه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی ده‌وڵه‌تی عێراق، وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی «فیدراڵیی ڕاسته‌قینه» له هه‌مان كاتدا هۆشدارییه‌كیشه بۆ هێزه سیاسییه عێراقییه‌كان كه وه‌ك دوا ده‌رفه‌ت دان به هه‌ڵه‌كانیاندا بنێن و ڕێگه نه‌ده‌ن عێراق تووشی «گرفتی گه‌وره‌تر!» بێته‌وه.
ده‌رفه‌تێك هاتۆته پێشه‌وه شیعه‌ی ئه‌قڵانی ده‌توانێت خۆی له شیعه‌ی سیلاح جیابكاته‌وه
له مانگی حوزه‌یرانی 2024 بازنه‌ی گفتوگۆی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی گفتوگۆیه‌كی به ناونیشانی «مامه‌ڵه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه» بۆ ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده و سیاسه‌تمه‌داری عێراقی و كوردستانی ڕێكخست، ئامانج له‌م گفتۆگۆیه ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و وه‌رچه‌رخانه گه‌وره‌یه بكه‌ین، كه ئاستی به‌رزی دیپلۆماتییه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی كانوونی دووه‌م تا حوزه‌یرانی 2024 له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه و نێوده‌وڵه‌تی دروستی كردووه، كه لێره‌دا یه‌چه‌ند خاڵێك ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ین:
1- له كانوونی دووه‌می 2024 له‌و كاته‌ی مسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان له سویسرا بوو بۆ به‌شداری له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له داڤوس، له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه هه‌ولێر به ڕۆكێتی بالیستی قه‌ده‌غه‌كراو بۆمبا‌باران كرا و، ڕۆژانه‌ش له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره وه‌لائییه‌كانی شیعه‌وه به درۆن و كاتیویشا بۆ مباباران ده‌كرا.
2- له مانگی شوباتی 2024 له كۆنگره‌ی لووتكه‌ی حكومه‌ته‌كانی جیهان له دوبه‌ی، وتاری سه‌ره‌كی بۆ مسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكرا، كه تیایدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه چۆن بتوانین به هه‌ماهه‌نگی هاریكاریی یه‌كتری كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
3- هه‌ر له مانگی شوباتی 2024 ئیداره‌ی ئه‌مریكیی سه‌رده‌می بایدن به فه‌رمی بانگهێشتی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی مسرور بارزانی و شاندی ئیداره‌ی ئه‌مریكی به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نتۆنی بلینكن، ڕاشكاوانه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند «سه‌لماندتان حكومه‌تێكی خۆڕاگرن، بۆیه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به عێراق 360 پله پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین».
4- له مانگی مارتی 2024 محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی عێراقی سه‌ردانی واشنتۆنی كرد و، له ئاستێكی به‌رز پێشوازی كرا، له‌سه‌ر ئه‌م پێشوازییه باڵایه، سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه پێیان گوتین «ئه‌گه‌ر ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه، ئیداره‌ی بایدن به‌و ئاسته به‌رزه پێشوازی له سوودانی بكات» ئه‌م په‌یڤه له لاپه‌ره 403 ی كتێبی «كوردستان و ململانێی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی - ی بازنه‌ی گفتوگۆ» تۆمار كراوه.
5- له مانگی نیسان كۆماری ئیسلامی ئێران به فه‌رمی بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌لایه‌ن خوالێخۆشبوو ئیبراهیم ڕه‌ئیسی به‌فه‌رمی و به دانانی ئاڵای كوردستان پێشوازی لێكرا.
ئه‌م وه‌رچه‌رخانه گه‌وره دیپلۆماتی و سیاسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا له ماوه‌ی كه‌متر له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی دروستی كرد، گۆڕانكاری به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی به‌شی زۆری سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه هێنا كه ئێستا حكومه‌تی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و، ڕاشكاوانه له گفتوگۆكانی « بازنه‌ی گفتوگۆ» پێیان گوتین «برایان ئێوه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت وردتر له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعییه‌كانی عێراق مامه‌ڵه بكه‌ن، ئێمه وه‌ك شیعه دوو به‌شین «شیعه‌ی ئه‌قڵانی كه بڕوامان به ده‌ستوور و هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان هه‌یه، به‌شێكی دیكه‌مان شیعه‌ی سیلاحه كه عه‌قیدین و بڕوایان به ولایه‌تی فه‌قیهی هه‌یه و، نابێت هه‌ردوولامان تێكه‌ڵ بكه‌ن».
هه‌ر له‌و گفتوگۆیه ئاماژه‌م پێكرد جیا له‌سه‌ركرده‌كانی «ده‌وڵه‌تی یاسا، ڕێكخراوی به‌در، ته‌یاری حیكمه» كه سێ لایه‌نی سه‌ره‌كیی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه بوون، له هه‌مانكاتدا سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی عه‌زم و سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقیش ئاماده‌بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ی ئێمه بوو، وه‌ك ئه‌ندامانی بازنه‌ی گفتوگۆ ئه‌وه بوو، كه سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕاشكاوانه داوایان لێكردین ئێمه وه‌ك به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان زه‌مینه‌یه‌ك دروست بكه‌ین، تاكو پێش ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له ته‌مموزی 2024 سه‌ردانی به‌غدا بكات، لێكتێگه‌یشتنی زیاتر له‌نێوان مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی دروست بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی هاوپه‌یمانیی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت ڕێكده‌خرێت چڕ و پڕتر و به‌رهه‌مدارتر بێت .
بێگومان سه‌رۆك بارزانی له ته‌مموزی 2024 سه‌ردانی به‌غدای كرد‌و، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه و كۆی سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانیی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كۆبووه و، زۆر ڕاشكاوانه سه‌رۆك بارزانی له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیدا به ته‌واوی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقی ڕاگه‌یاند «ئه‌گه‌ر دان به هه‌ڵه‌كاندا نه‌نرێت و نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی هاوبه‌شی، هاوسه‌نگی، سازان - پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوور» ئه‌وا ناتوانرێت عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر ڕزگار بكرێت.
بێگومان ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك بارزانی كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌ردوو لایه‌نی «شیعه‌ی ئه‌قڵانی و شیعه‌ی سیلاح» دروستكرد به‌وه‌ی ڕێگه دروسته‌كه بۆ ڕزگاركردنی عێراق له لێواری هه‌ڵدێر گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لۆژیكی سه‌رۆك بارزانی، به‌ڵام وه‌رچه‌رخانی ئاستی شه‌ره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌تی دوای شه‌ڕی ته‌قاندنه‌وه‌ی په‌یجه‌ره‌كان «ئامرازی په‌یوه‌ندی» حزبوڵڵا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه و پاشانیش كه‌وتنی ڕژێمی ئه‌سه‌د و، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ جاری دووه‌م بۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، باردۆخه‌كه گۆڕانكاریی زۆر گه‌وره‌ی به‌سه‌ر هات و، هه‌موو ئه‌و ملیشیا چه‌كدارانه‌ی ناوچه‌كه‌ش كه به‌خۆیان ده‌ڵێن «به‌ره‌ی مقاوه‌مه» و سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پێیان ده‌ڵێن «شیعه‌ی سیلاح» زۆر به خراپی هه‌ر له حه‌ماسه‌وه تا ده‌گاته حزبوڵڵا و ڕژێمی ئه‌سه‌د و حوسییه‌كان له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شان و، له ئێستاشدا نه‌ك هه‌ر گرووپه چه‌كداره وه‌لائییه‌كانی شیعه‌ی عێراق كه‌وتوونه‌ته دووڕیانێك هیچیان له‌وی دیكه باشتر نییه، له هه‌مانكاتدا هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش كه به سوپای هاوته‌ریبی سوپای عێراق ناو ده‌برێن، ئێستا ئه‌وانیش له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دان و، ئه‌گه‌ر «شیعه‌ی ئه‌قڵانی عێراق» زۆر به ئه‌قڵانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م باردۆخه نه‌كات، ئه‌وا گێڕانه‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر كارێكی مه‌حاڵ ده‌بێت.
له مانگی شوباتی ئه‌مساڵدا « 2025» جارێكی دیكه لووتكه‌ی حكومه‌ته‌كانی جیهان له دوبه‌ی په‌نێڵێك بۆ مسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكرابوو به‌ناونیشانی «تێپه‌ڕاندنی ئالنگارییه‌كان و سوود وه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته‌كان»، ناونیشانی ئه‌م په‌نێڵه له‌م لووتكه‌یه‌دا به‌و مه‌به‌سته دانرابوو، كه حكومه‌ته‌كانی جیهان سوود له‌و شێوازه ده‌وڵه‌تمه‌دارییه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرن، كه له‌به‌ر ڕۆشنایی لۆژیكی سه‌رۆك بارزانی به‌دروستی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداوه گه‌ورانه كردووه، كه له‌ساڵی 2024 هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه و، پیایدا تێپەڕیوه و له‌ناو ئه‌و ئالنگاری و كاره‌ساته گه‌ورانه‌دا ده‌رفه‌تی قۆستۆته‌وه و، به‌سه‌ر ئالنگارییه‌كاندا زاڵ بووه.
بۆ ئێستای ئه‌زموونی محه‌مه‌د شیاع سوودانی، كه عێراق له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و ئالنگاریی زۆر مه‌ترسیداردایه و، گه‌یشتۆته سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر، سه‌رۆك بارزانی جیا له‌وه‌ی ده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خساندووه «دان به هه‌ڵه‌كاندا بنرێت و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی - هاوبه‌شی، هاوسه‌نگی ، سازان، پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوور» له هه‌مانكاتدا هه‌موو ئاماده‌باشییه‌كی پیشانداوه، هه‌موو ئیمكانییه‌تی هه‌رێمی كوردستان بخاته خزمه‌تی ڕزگاركردنی عێراق له سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر.
سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێنرێته‌وه كه ته‌واوی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه كه خۆیان به خاوه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی ده‌زانن، گه‌یشتوونەتە ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی به‌بێ یارمه‌تیی سه‌رۆك بارزانی زه‌حمه‌ته بتوانرێت عێراق له‌ناو ئه‌م گێژاوه ڕزگاری بێت و، ته‌نیا به لۆژیكی سه‌رۆك بارزانی، عێراق وه‌ك به‌شێك له كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته به‌شێك له چاره‌سه‌ر.
