ئالین بۆ گوڵان:گرنگیدان بە فۆلکلۆری كوردی و پاراستنی ئەرکی هەموومانە
لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، خانمە هونەرمەندی کورد ئالین، گۆرانییەکی فۆلکلۆری کۆنی بە ناوی “شێخانی” پێشکەش بە هەوادارانی کرد. ئەم گۆرانیە لە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆری کۆنی باکووری کوردستانە.
گۆرانییەکە لە قەڵای هەولێر بە سەرپەرشتی دەرهێنەری گەنج ڕێناس میران وێنەگیراوە.
دەربارەی ئەم گۆرانیە ئالین لە لێدوانێکیدا وتی:
لە پاڵ خۆشەویستیم بۆ گۆرانی و سروودە نیشتمانییەکان، من یەکێکم لە حەزلێکەرانی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردی و هەمیشە هەوڵ دەدەم سوود لەم سامانە هونەری و نەتەوەییە بەنرخە وەربگرم. ئێمەی کورد لە ڕووی هونەرییەوە خاوەنی سامانێکی گەورەین لە فۆلکلۆری پتەو و ڕەسەن کە لەلایەن هونەرمەندە گەورەکانی پێش ئێمەوە پێشکەش کراوە و لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە زیندوویی ماوەتەوە. ئەم فۆلکلۆرە هۆکارێک بووە بۆ بەردەوامیی ململانێ و خەباتی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافەکانمان لە ڕێگەی هونەر و گۆرانییەوە بە شێوەیەکی گشتی.
هەر بۆیەش، لە هەموو بەرهەمە هونەرییەکانی پێشوومدا، کەلەپووری هونەریی کۆن و ڕەسەن پشکی شێری بەرکەوتووە لەو بەرهەمانەی کە پێشکەشم کردوون.
ئالین هەروەها وتی:
من لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبم بۆ ژیاندنەوەی کەلەپووری ڕەسەنی کوردی لە ڕێگەی ئەو گۆرانیانەی کە پێشکەشیان دەکەم. پێویستە لەسەر هونەرمەندە گەنجەکان و هەموو هونەرمەندانی کورد سوود لەم کەلەپوورە وەربگرن و بیژێننەوە، چونکە ئەمە ئەرکی هەموو لایەکمانە و وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئەم کەلەپوورە هۆکاری سەرەکیی پاراستنی ناسنامە و زمانی کوردی بووە و هەیە بە درێژایی سەردەمەکان، سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و کارەساتانەی کە گەلی کورد تووشی بووە و تێیدا دوژمنان هەوڵیان داوە زیان بە زمان و کەلەپوورە ڕەسەنەکەمان بگەیەنن.
سەبارەت بەوەی بۆچی لە ماوەی ڕابردوودا زۆربەی بەرهەمەکانی بە سینگڵ پێشکەش کردووە ئالین وتی:
تەکنۆلۆژیا و بارودۆخی ئێستا وای لە هەموو هونەرمەندان، بەتایبەتی هونەرمەندانی کورد کردووە، کە گۆرانی تاک (سینگڵ Single) پێشکەش بکەن، چونکە بەرهەمهێنانی ئەلبوومێکی گۆرانی پێویستی بە کات و هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر و هەروەها پشتیوانیی ماددی هەیە، کە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە هونەرییەکان زۆر گرنگە. بەڵام بەداخەوە، لە سەرەتای کاروانی هونەریمەوە تا ئێستا، هیچ کەسێک یان هیچ لایەنێک ئەو پشتیوانییە ماددییەیان پێشکەش نەکردووم کە بۆ پێشکەشکردنی گۆرانییەکان پێویستە. هەموو بەرهەمە هونەرییەکانم و ئەو کارانەی لە درێژایی ئەم ساڵانەدا پێشکەشم کردوون، لەسەر ئەرک و خەرجیی تایبەتی خۆم بوون.
من لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبم، چونکە خۆشەویستی و حەز و خولیام بۆ گۆرانیی کوردی، هونەری کوردی و نەتەوەی کورد، هاندهر و پاڵنەری سەرەکیی منە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەم و گۆرانیی کوردی بە جەماوەری کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا بێ هیچ جیاوازییەک، هەروەها بۆ هەموو کوردێک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن. چونکە من هەموو پارچەکانی کوردستان بە نیشتمانی خۆم دەزانم، هەموو شارێکی کوردی لە هەر پارچەیەکدا بێت بە شاری خۆم دادەنێم، و هەموو کوردێکیش بە جەماوەر و خۆشەویستانی خۆم دەزانم، کە شایستەی هەموو ڕێز و پێزانینێکی منن.
لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک گۆرانیم بە شێوەی تاک (سینگڵ) پێشکەش کرد. گۆرانیی (شێخانی) یەکێکە لەو گۆرانیانەی کە پێشکەش بە جەماوەرم کردووە. كە گۆرانییەکی میللیی دەڤەری بۆتانە، هیوادارم بە دڵی جەماوەرەکەم بێت و جێگەی ڕەزامەندییان بێت.
دواتر باسی لە دۆخی هونەری کوردی کرد و وتی:
بە بڕوای من، هونەری کوردی هەنگاوی زۆر و گەورە بەرەو پێشەوە دەنێت، و ئەمەش لەو بەرهەمە هونەرییانەدا دەردەکەوێت (ڕەنگ دەداتەوە) کە هونەرمەندان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی تردا پێشکەشی دەکەن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێویستە گرنگیی زیاتر بەم بەرهەمانە بدریت و وتی:
ئەم بەرهەمە هونەرییانە بەڵگەن لەسەر خۆشەویستیی هونەرمەندانی کورد بۆ ناسنامەی کولتووری و کەلەپوورییان، و بۆ زمان و هونەرەکەیان، و پێش هەموو شتێک، بۆ گەل و نیشتمانەکەیان. بۆیە دەبینین کە ئەم هونەرمەندانە ڕێگای هونەریان بە هەموو شێوازەکانییەوە هەڵبژاردووە بۆ بەرگریکردن لەم ناسنامەیە، و لە مافە نەتەوەیی و مێژووییەکانی گەلی کورد، و کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە.
پاراستنی ناسنامەی کولتووری و کەلەپووری دەبێت بە پاراستنی زمانی کوردی و کەلەپووری کوردی و کولتووری کوردی دەست پێ بکات. و مۆسیقا بە سەرکەوتووترین هۆکار (یان ئامراز) لەم بوارەدا دادەنرێت.»
