خانمە هونەرمەند نزار محەمەد بۆ گوڵان: منیش دەپرسم بۆچی تەنها لە مانگی رەمەزان دراما هەیە
خانمە ئەكتەری شۆخ و شەنگ نزار محمەد تا ئێستا بەشداری چەندین كاری هونەری فیلم و دراما و شانۆ كردووە دانیشتووی پشدەرە و دەرچووی کۆلێژی كشتوكاڵە. لە دەرفەتێکدا چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد.
*چۆن ئاشنایەتیت درووست بوو لەگەڵ هونەر؟
-هەرلە سەردەمی قوتابخانەوە خولیام هەبووە بۆ هونەر و نواندن و شانۆ كە لە قوتابخانە چەندین شانۆ و كاری هونەریمان ئەنجامدا بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە ساڵی 2021 هاتمە ناو دونیای هونەر و نواندن.
*لە ئێستادا خەریكی درامایەكی تازەیت ئەم درامایە باس لە چی دەكات و چ ڕۆڵێكت دراوەتێ؟
-وەكوو گروپی هونەری دوارۆژ كە خۆم سەرپەرشتی دەكەم وابریارە پازدە بۆ بیست بڕگەی چیرۆكی بالۆڵ تۆمار بكەین لە نوسین و سیناریۆی هێدی چنارەیی دەبێت لەوێدا وێڕای رۆڵی سەرەكیم كاری دیزاین و راكوارم گرتۆتە ئەستۆ.
*بۆچی دراماكان تەنها لە مانگی رەمەزان بەرهەم دەهێنرێت و پەخش دەكرێت ؟
-منیش هەمان پرسیارم هەیە كە بۆچی تەلەفزیۆنەكان تەنها لەو مانگەدا گرنگی بە دراما دەدەن وەڵامەكەی لە دیدی منەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەگەڕێتەوەو كە سەپۆرتی ئەو پرۆژانە ناكات .
*سەرەتای دەركەوتنت تاوەكو ئێستا لەكاتی وێنە گرتن هیچ دەرهێنەرێك هەبووە دڵی تۆی شكاندبێت؟
-لەهەموو كارێك قورسایی و بگرە ناخۆشی خۆی هەیە جدیەت هەبووە ئەویش بۆ جوانتر كردنی كارەكانمان ئەگەرنا وەكوو دڵ رەنجاندن نەخێر .
*دەرهێنەر ڕۆڵی سەرەكی دەدات بە كەسی لێهاتوو و بەتوانا یاخود تەنیا رووخساری جوان ؟
-بەهۆی ئەوەی خانمان كەمتر لەناو بواری دراما و فیلمسازیدان دەرهێنەر ناتوانێت تەركیز بخاتە سەر ئەو لایەنە ئەوەی بۆی مەبەستە پێكهێنانی كارەكەیەتی ئەگەرنا بەپێی رۆلەكە لەوەیە چەند ئەكتەر بگۆریت تاوەكوو بزانیت لەگەڵ كام كەسایەتییە دەگونجێت واتا هەلبژاردن و ڕۆڵ دەگەرێتەوە سەر لێهاتویی نەك ڕوخسار تەنها ئەو فیلمانە نەبێ كە ڕۆڵی سەرەكی لای ئافرەتێكە ئەویش گرنگە بیر لە كۆنتراسێكی زاڵ بكرێتەوە كە بەر لەناوەرۆك سەرنجی بینەر بەلای خۆیدا كێش كات .
*لەكاری هونەری چ شتێك زۆر توڕەت دەكات؟
-بێ پلانی و خۆهەڵواسین بە كارێكەوە كە هی تۆ نییە و دەتەوێت بەزۆر خۆتی تێدا بگونجێنیت.
*خەونی تۆ چییە لە كای هونەریدا؟
-بەشداری كردن لە فیلمی ئاست بەرزی جیهانی ناساندنی رووە گەش و جوانەكەی میللەتی كورد جگە لە ئەنفال و لێدان و پێكدادان بە گەڵانی جیهان .
*لەنێو هونەرمەندان ڕكابەری یەكتر هەیە لەگەل خانمە هونەرمەندەكانی دیكە؟
-لەوانەیە لە شوێنی دیكە هەبێت بەڵام لە ناو گروپەكەی ئێمە وەكو چەند دەستە خوشكێكین هەمیشە هاوكار و پالپشتی یەكترین واتا تەواوكەری یەكترین .
*لەكاتی ڕۆڵگێڕان ترسی چیت هەیە؟
-كاردانەوەی كۆمەڵگە بەهۆی ناتێگەیشتویی بێت یاخود مەبەستبێ دەبێ هەمیشە بە ئاگادارییەوە مامەلە لەگەل واقیعدا بكەین و رۆڵ ببینین .
*كێ بەهاوخەم و دڵسۆزی خۆت دەزانیت لەكاری هونەری؟
-خێزانەكەم چونكە هەمیشە پاڵپشتی تەواوی منن لە كاری هونەری هەرچەندە رێگری و رەخنەی زۆر هاتۆتە بەردەمم، بەڵام هەمیشە دلسۆزو پشتگیریم بوونە.
*حەز لە چ ڕۆڵێک دەكەیت؟هەروەها ئەو رۆڵە چییە كە ناتەوێت بەرجەستەی بكەیت؟
لە رۆڵەكانمدا زیاتر حەزدەكەم كاریگەریم هەبێت واتا ئەو دیمەنەی كە ڕۆڵی تێدا دەبینم پێم خۆشە گەیاندنی پەیامێك بێت ئەگەر ڕۆڵەكەم كەم و بچوكیش بێت وە هیچ شێوەیەك نامەوێت رۆلێكی نەخوازراوببینم كە پێچەوانەی نەریتە كۆمەڵایەتیەكان بێت و ئافرەت وەكوو كاڵا نیشان بدات.
