فوئاد ئیزەدی پڕۆفیسۆری دیپلۆماسییەتی گشتی لە زانكۆی تاران بۆ گوڵان: بۆی هەیە ئێران پەنا بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی ببات
فوئاد ئیزەدی، پڕۆفیسۆری دیپلۆماسییەتی گشتیی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكایە لە زانكۆی تاران، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە هەڕەشەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ئێران و ئەگەری پێكدادانی سەربازیی نێوان ئەم دوو وڵاتە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە لە ماوەی ڕابردودا گۆڕانكاریی قووڵ و هەژێنەر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان داوە، هەر لە شەڕ و پشێوییەكان و ڕوخانی ڕژێمەكانەوە تاوەكو دەستێوەردانی و گوشارە دەرەكییەكان، هاوشان بە گرتنەوەدەستی دەسەڵاتی كۆشكی سپی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، هێندە دیكە بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشان چووە، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم هەلومەرجە چییە؟
* با لە كۆتایی پرسیارەكەتانەوە هەوڵی وەڵامدانەوە بدەم، ئەوەی پەیوەست بێت بە سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، ئەوا ئاشكرایە ئێمە مامەڵە یان با بڵێین ئەزموونی چوار ساڵی پێشوومان هەیە لەگەڵیدا، لەم ڕوانگەیەوە من پێم وانییە ئێمە تووشی كێشەیەك بین لەگەڵیدا، كە نەتوانین ئیدارەی بدەین، مەبەستم ئەوەیە هەروەك چۆن توانرا لە چوار ساڵی یەكەمدا ئیدارە بدرێت، ئەوا بە هەمان شێوە دەكرێت ئەم چوار ساڵەشی لەگەڵدا تێپەڕێندرێت. پرسێكی دیكەی ئەم ناوچەیە بریتییە لە بەردەوامبوونی ئەو كوشتارەی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت، كە بە دڵنیاییەوە ئەمە لە ئاست و مەودایەكدایە كە پێشتر بەدیمان نەكردووە لەم بەشەی جیهاندا، كە لە ڕووكەش و ڕواڵەتدا وا دەردەكەوێت كە ئیسرائیل بەرەوپێش دەچێت و ئامانجەكانی بەدی دەهێنێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ناتوانن بە بەردەوامبوون لە گرتنەبەری ئەم ڕێچكەیە نەتەوەیەك لە ناو ببەن و ڕیشەكێشی بكەن، مەبەستم فەلەستینە. واتە پێم وایە درەنگ، یان زوو ئیسرائیل دەرك بەم ڕاستییە دەكات و ئەو كەسانەشی بەرپرسن، دەبێت ڕووبەڕووی ئەو سزایە ببنەوە كە شایستەین. ئەگەر ئەمە زیاتر ڕوون بكەمەوە، ئەوا دەڵێم كوشتار كارێكی مەترسیدارە و لە هەمان كاتدا چارەسەر نییە بۆ كێشە و گرفتەكانی ئیسرائیل، بۆ نموونە، ئیسرائیل دەیتوانی ڕێككەوتنەكانی ئۆسلۆ جێبەجێ بكات و بوونی دەوڵەتی فەلەستینی قبووڵ بكەن، ئەگەر ئەمەیان بكردایە، ئەوا تووشی ئەو كێشانەی ئێستا نەدەبوونەوە، بەڵام لەبری ئەوە، بڕیاریان دا كە ڕووبەڕووی فەلەستین ببنەوە، كە بە تێڕوانینی من ئەمە زیانێكی گەورەیان پێ دەگەیەنێت لە مەودا و ئایندەی دووردا. ئەوەی پەیوەست بێت بە دید و هەڵوێستی هەندێ لە وڵاتانی دیكەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا ڕوونە كە ژمارەیەك لە وڵاتان، وەك عەرەبستانی سعودیە و ڕەنگە ئیماراتیش هەبن كە دەرك بەوە دەكەن كە جیهان لە ئێستادا فرە جەمسەرییە و، ئەوە لەبەرچاو دەگرن كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وڵاتێكە لە باری داكشاندایە و ئەو ڕاستییە ڕەچاو دەكەن كە ناتوانن پشت بە سەرچاوە، یان دەوڵەتە دەرەكییەكان ببەستن بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەیان، واتە ئەم وڵاتانە ئەوە دەزانن كە ئەگەر بیانەوێت بەرەوپێشچوون بەدەست بهێنن، ئەوا دەبێت هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی بدەن لەم بەشەی جیهاندا، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بوو كە بڕیاریان دا بارگرژییەكانییان لەگەڵ ئێراندا خاو بكەنەوە، نەك هەڵەكانی ڕابردوویان دووبارە بكەنەوە.
* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە دەكرێت دۆخەكە لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا تێپەڕێندرێت، كەواتە با بپرسین ئێوە چۆن لە سیاسەتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا دەڕوانن؟
- بە تێڕوانینی من، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵی داوە كە هەمان سیاسەتی كۆنی «پەرت كە و زاڵ بە» پیادە و پەیڕەو بكات، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین كە زۆرێك لە گەلانی ئەم ناوچەیە دەرك بەو ڕاستییە دەكەن كە ئەم سیاسەتە پیادە كراوەی ئەمریكا لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خزمەت بە بەرژەوەندییەكانیان ناكات، لەم سۆنگەیەوە گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە دەبێت كێشە و دژوارییەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، لەو ڕوانگەیەی كە من لە تارانەوە قسەت لەگەڵ دەكەم، ئەوا دەتوانم ئەوە بڵێم كە ئەمە سیاسەتی ئێران بووە، مەبەستم ئەوەیە ئێران هەوڵی داوە پەیوەندییەكی باشی هەبێت لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكانیدا، ئەوەشی پەیوەست بێت بە پەیوەندییەكانی ئێرانەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ئەوا دەبێت ئاماژە بەوە بكرێت كە پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ كورددا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدام حوسێن، هەروەها دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئێران هاوكاری و چەكی بۆ ئەم هەرێمە دەستەبەر كرد، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی كە كورد بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات، كەواتە پێم وایە ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە باشەكانی لەگەڵ عێراقدا، ئیدی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت، یان لەگەڵ حكومەتی عێراق، كەواتە هاوشان بە بەرهەڵستیكردنی ئەو گوشارانەی واشنتۆن دەیكات لە بەرانبەر ئێراندا برەودان بە پەیوەندییە باشەكان لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكان ئەولەوییەتی ئێران دەبێت. با ئەوەش بڵێم كە ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بتوانێت ئامانجەكانی بەدی بهێنێت، ئەوا لە ماوەی 46 ساڵی ڕابردوودا دەیتوانی ئەم كارە بكات، لەبەر ئەوە پێم وایە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری سیاسەتە سەرنەكەوتووەكانی و سیاسەتەكانیشی هەر بەم شێوەیە دەمێننەوە.
* هەر لە پەیوەندی بە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپەوە، ئەوا ئاشكرایە كە ئەم ئیدارەیە گوشاری زۆری خسووەتە سەر ئێران و تەنانەت هەڕەشەی پەنابردنەبەر بەكارهێنانی هێزی سەربازییش دەكات لە دژی ئەم وڵاتە، ئێوە چۆن لە جددییەت و كاریگەریی ئەم هەڕەشانە دەڕوانن؟ ئایا پێتان وایە ئێران بتوانێت تێیانپەڕێنێت، یان ئەوەتا ڕوودانی جۆرێك لە پێكدادانی سەربازی بووەتە شتێكی حەتمی؟
- دەكرێت پێكدادانی سەربازی ڕوو بدات، چونكە ئەمریكا هیچ پێوەرێكی ئیتیكیی نییە، بە چەشنی ئەوەی لە كەرتی غەززەدا بینیومانە، كە ئێمە دەزانین توانای ئەوە هەیە كە كوشتار لە غەززەدا ئەنجام بدەن و لەم ڕووەوە توانای سەربازییان هەیە، بەڵام پێم وانییە ئەمە دەرئەنجامێكی باشی هەبێت بۆ خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر پێكدادانی سەربازی لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا ڕوو بدات، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی مردنی هەزاران سەربازی ئەمریكی، چونكە ئێمە دەزانین كە ئێران توانایەكی سەربازیی گەورەی هەیە، كەواتە ئەگەر سەركردەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە خەمی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەیاندا بن، ئەوا خۆیان لە پێكدادانی سەربازی لەگەڵ ئێراندا تێوەناگلێنن، بەڵام ئەگەر بیر لە بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل بكەنەوە -كە پێدەچێت چەندین كەسایەتیی نێو ئیدارەی ترەمپ ئەوەندی بیر لە بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل دەكەنەوە، هێندە لە خەمی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەیان نین-، ئەوا بەڵێ لەم حاڵەتەدا پەنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەبەن لەگەڵ ئێراندا.
* بەڵام لە نێو ئەم هەڕەشە و گوشارانەدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشنیاری ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێراندا كردووە، بەڵام ئێران پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی گفتوگۆكان ناڕاستەوخۆ بن، تا چەند ئێوە لم ڕووەوە گەشبینن بۆ ئەوەی هەردوولا لەم ڕێیەوە بگەنە ڕێككەوتن، بە تایبەتی لە سەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران؟
- من گەشبین نیم، ئێران بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ گفتوگۆی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە، ئەوە بوو دوو ساڵی پێچوو تاوەكو ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرندا ئەنجام درا، بەڵام ئەوە ترەمپ بوو – لە سەروەختی ئیدارەی یەكەمی دەسەڵاتەكەیدا- لەم ڕێككەوتنە كشایەوە. كەواتە، ئەگەر ئەمریكا نیگەرانە لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، ئەوا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێككەوتنەی پێشتر كراوە، لەلایەكی دیكەوە، تەنانەت دەزگای هەواڵگریی ئەمریكاش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتێكی پێشكەش كرد و، ئەوە ڕادەگەیەنێت كە ئێران هیچ پڕۆگرامێكی نییە بۆ دروستكردنی چەكی ناوكی، لەبەر ئەوە، دەكرێت بڵێین كە پرسی پڕۆگرامە ناوكییەكە پاساوێكە بۆ گوشارخستنەسەر ئێران، كە ئەمە چەندین ساڵە سیاسەتی ئەمریكا بووە، بەڵام پێم وانییە سەركەوتوو بێت.
* بەڵام لاریجانی لێدوانی دا و ئاماژەی بەوە كرد ئەگەر ئێران ناچار بێت، ئەوا بۆی هەیە پەنا بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی ببات، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- بەڵێ، ئەو ئەمەی ڕاگەیاندووە و تەنیا كەسیش نییە ئەم بۆچوونەی هەبێت، واتە كەسانی دیكەش هەن كە پێیان وایە دەبێت ئێران توانای ئەوەی هەبێت بەرگری لە خۆی بكات، ئەویش بۆ ئەوەی ئەگەر ئەمریكا هێرش بكات، ئەوا ئێرانیش بتوانێت بەرپەرچی بداتەوە، واتە ئەگەر تۆ چەكی ئەتۆمیت هەبێت، ئەوا كەس ناتوانێت هەڕەشەت لێ بكات، بەو چەشنەی كە ئێستا ئەمریكا هەڕەشە لە ئێران دەكات. بۆ ئەوەی زیاتر ئەمە ڕوون بكەمەوە، ئەوا زۆر كەس لە ئێران هەن كە پێیان وایە ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرش بكاتەسەر ئێران، ئەوا ڕەنگە ئەم هێرشە بۆ ماوەیەك پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئەم وڵاتە دوا دەخات و ئەم دواخستنەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران پەنا بباتە بەر دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.
