كەژان ئەسەدی بۆ گوڵان: بەشێك لە بەرهەمە كوردییەكان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا كاریگەرییان لە ناساندنی گەلی كوردستاندا هەبووە
كەژان ئەسەدی ماوەی ٢٠ ساڵە كاری هونەری و چالاكی بۆ خانمان ئەنجام دەدات. وەك ئەكتەرێكی سەركەوتوو، بەشداریی لە چەندین شانۆگەری و فیلمدا كردووە، كە زۆربەیان بەشدارییان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا كردووە، هەروەها دیزاینەری جلوبەرگیش بووە. چەند ساڵێكە لە ئەڵمانیا دەژی و دوو ساڵە خەریكی نووسین و دەرهێنانە، لەو دوو ساڵەدا وەك نووسەر و دەرهێنەر و ئەكتەر، زیاتر لە دە شانۆنامەی پێشكەش كردووە.
لەم دیمانەیەدا، باس لە دوایین كارەكانی خۆی دەكات.
*لە ئێستادا سەرقاڵی چین لە بواری نواندن؟
-ئێستا خەریكی دوو پڕۆژەم، یەكیان شانۆی «خەسیس» كە لە شاری بۆن نمایشمان كرد و بڕیارە لە شارەكانی تریش نمایش بكرێت. شانۆی «لە تاڵێ قژەوە» بە بۆنەی هەشتی مارس ئامادەم كردووە و یەك جاریش نمایش كراوە، هەروەها پڕۆژەیەكی سینەمایی كە بەشێك لە وێنەگرتنی تەواو بووە. هەوڵ دەدەم فەزای زیاتر بۆ نمایشكردنی بەرهەمەكانی پەیوەست بە ئافرەتان و پرسە كۆمەڵایەتییەكان دروست بكەم.
*جیاوازیی كوردستان و ئەورووپا بۆ ئەكتەر چییە؟
-لە كوردستان شانۆ و سینەما ڕووبەڕووی چەندین كۆت و بەند دەبنەوە، لە نەبوونی دەرفەتی پیشەییەوە تا دەگاتە فشارە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان، بەڵام هونەرمەند زیاتر لە ناو خەڵكدایە و نیگەرانییەكانی ڕاستەوخۆ لە ناخی كۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرن و دەتوانێت بە شێوەی نمایش یان فیلم بیگێڕیتەوە، لە ئەورووپا بارودۆخەكە زۆر باشترە لەڕووی تەكنەلۆجیا و ژێرخانەوە، بەڵام چوونە ناو گۆڕەپانی پیشەیی بۆ ئەكتەرێكی ئافرەتی كۆچبەر كە لە كولتوورێكی جیاوازەوە هاتووە، زۆر سەختە، چونكە زمان و تێگەیشتن لە فەزای هونەریی نوێ و قبووڵكردن لە نێو گرووپە هونەرییەكاندا ئەستەمن.
*ئایا ئەورووپا لە ڕووی ئەكادیمییەوە هیچی بۆ زیاد كردیت، بەتایبەتی لە ڕووی بەدەستهێنانی ئەزموونەوە؟
-ژیان و كاركردن لە ئەورووپا ڕێگەی پێدام ئەزموونی نوێ لە ڕووی تەكنیك و شێوازی نمایشكردنەوە بەدەستبهێنم، لێرە دەرفەتی زۆر هەیە بۆ خوێندنی شانۆ و وۆركشۆپ و ناسینی ستایلە جیاوازەكان، هەروەها چاودێریكردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شانۆ و سینەما لە ئەورووپا تێگەیشتنێكی باشتری لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و نمایشكردنی بەرهەمی هونەری پێبەخشیم، بەڵام گرنگترین شت كە فێری بووم ئەوە بوو كە چۆن هونەر وەك ئامرازێك بۆ پەیوەندیی نێوان كولتوورەكان بەكار بهێنم. لە ئەورووپا هونەر تەنیا خولیایەك نییە، بەڵكو ڕێگەیەكە بۆ دروستكردنی دیالۆگ لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا.
*لە ئەڵمانیا بەشداریت لە چەند بەرهەمی هونەریدا كردووە، بە زمانی كوردی یان زمانێكی دی؟
-زیاتر لە 12 شانۆم دروست كردووە، هەندێكیان بە زمانی كوردی و هەندێكیانیش سێ تا چوار زمانم تێكەڵ كردووە و لەبەر كێشەی زمانەكە زۆر جار بێ زمان شانۆكەم دروست كردووە، زۆربەی ئەم بەرهەمانە لە شێوەی شانۆی سەربەخۆ، یان سەرشەقامدا نمایش كراون.
*وڵاتانی ئەوروپا گرنگییەكی زۆر بە هونەر دەدەن، جا چ سینەما بێت یان شانۆ، چۆن دەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان لە گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی هونەردا وەربگرین؟
-یەكێك لە وانە گرنگەكان كە دەتوانرێت لە سیستمی هونەری ئەوروپی وەربگیرێت، گرنگیدان بە ژێرخانی كولتوورییە. لە ئەورووپا هونەر بەشێكی دانەبڕاوە لە پەروەردە و ژیانی كۆمەڵایەتی، حكومەت و ڕێكخراوە ڕۆشنبیرییەكان بودجە و ئاسانكاریی بەرفراوان بۆ هونەر تەرخان دەكەن، ئێمەش لە كوردستان دەتوانین بە دروستكردنی دامەزراوەی هونەری سەربەخۆ و ئەنجامدانی وۆركشۆپ و فێستیڤاڵ و دروستكردنی سیستەمی پشتیوانی ئەم كارە بكەین، هەروەها پێویستە لە ئەزموونی شانۆ و بەڕێوەبردنی سینەمادا كەڵك لە ئەوروپا وەربگرین و شێوازی نوێی ڕاكێشانی بینەر بەكار بهێنین.
*هونەرمەندانی كورد كە لە ئەورووپا چۆن دەتوانن سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەربگرن بۆ نمایشكردن لە كوردستان، كە كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر گەشەسەندنی هونەر دەبێت؟
-یەكێك لە گرنگترین ڕێگەكان گواستنەوەی زانست و ئەزموونە بۆ نەوە نوێیەكانی كوردستان، هونەرمەندانی كورد لە ئەورووپا دەتوانن ئەم پەیوەندییە بە ئەنجامدانی وۆركشۆپ و پڕۆژەی هاوبەش و بانگهێشتكردنی هونەرمەندانی ئەورووپی بۆ كوردستان دروست بكەن، هەروەها دروستكردنی تۆڕێك لە هونەرمەندانی كورد لە ئەورووپا و كوردستان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانست و ئەزموون. ئەگەر بتوانین پردێك لە نێوان شانۆ و سینەمای كوردی و ئەورووپیدا دروست بكەین، دەتوانین زەمینەی گەشەكردن و گەشەسەندنی زیاتر بۆ هونەرمەندان لە چوارچێوەی كوردستاندا دابین بكەین، هاوكات ئێمە لە ئەورووپا دەتوانین فێستیڤاڵی شانۆی كوردی دروست بكەین و شانۆكاران و سینەماكارانی كوردستان هاوكارمان بن.
*بەڕای ئێوە هونەرمەندانی كورد توانیویانە لە ڕێگەی سینەما و شانۆوە وێنەیەكی ڕوونی ئەو مەینەتی و كێشە و گرفتانەی كە گەلی كورد بەرگەی گرتووە، بە گەلانی ئەورووپایی بگەیەنن؟
-لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێك لە فیلم و شانۆنامەكانی كوردی توانیویانە سەرنجی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان ڕابكێشن و چیرۆكی گەلی كورد بە بینەرێكی جیهانی بناسێنن، بەڵام هێشتا كاری زۆر ماوە و پێویستە گێڕانەوەكانمان بەهێزتر و فراوانتر بخەینەڕوو. پێویستە سینەما و شانۆی كوردی زیاتر بەرەو بەرهەمی كوالێتی بەرز و ستانداردی جیهانی هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی كاریگەریی قووڵتری لەسەر بینەری جیهانی هەبێت. پێویستە تراژیدییەكانمان بە زمانێكی هونەری جوان بگێڕینەوە، هەروەها دەبێت بتوانین هاوكاریی هونەرمەند و دامەزراوە هونەرییەكانی دیكە بكەین بۆ ئەوەی چیرۆكی خەڵكی كوردستان زیاتر ببیسترێت. هونەر زمانێكی گشتگیرە، ئەگەر بتوانین بە شێوەیەكی دروست بەكاری بهێنین، دەتوانین دەنگی گەلەكەمان لە سەرانسەری جیهاندا ببیستین.
