ئەمین حاجی عومەر بۆ گوڵان: دیمەنی پێشوازیی خەڵك لە بارزانی نەمر لە كاتی گەڕانەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام

ئەمین حاجی عومەر بۆ گوڵان: دیمەنی پێشوازیی خەڵك لە بارزانی نەمر لە كاتی گەڕانەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام

هونەرمەند ئەمین حاجی عومەر كە لە بەشی دووەمی زنجیرە درامای (ئادیابین) هەیە، وك خۆی دەڵێ لە منداڵییەوە خولیای كاری هونەریی هەبووە و جگە لە ئادیا بین، بەشداریی لە چەند كارێكی هونەریدا كردووە، لەم دیمانەیەی گوڵاندا باس لە ئەزموونی خۆی دەكات.

*ئایا ئەزموونی پێشتری هونەریت هەبوو؟

-بەڵێ لە دیكۆمێنتاریی ئەنفالی بارزانییەكان و ژیاننامەی هونەرمەندی بەڕێز «عومەر دزەیی»كە لە بەرنامەی ژیما پەخش كرا و، چەندین كاری دیكەی هونەریدا بەشدار بووم.

*كێ هاندەرت بووە بێیتە ناو ئەم بوارە، ئایا كەسێكی تایبەت هەیە كە سەرچاوەی ئیلهامت بێت؟

-سەرچاوەی ئیلهامی من بەشێكی زۆر لەو زنجیرە دراما و فیلم و شانۆییانەن كە لە ڕابردوودا كراون، كورد چەندین كارەكتەر و كەسی گرنگ و لێهاتووی تێدایە كە من سەرسام بووم پێیان، بەڵام بەدیاریكراوی كەسێكی تایبەت نییە كە باسی بكەم.

ئەمین حاجی عومەر بۆ گوڵان: دیمەنی پێشوازیی خەڵك لە بارزانی نەمر لە كاتی گەڕانەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام

*دەستنیشانكردنت بۆ ڕۆڵەكەت لە ئادیابین چۆن بوو، دەتوانیت باسی هەندێك لە وردەكارییەكانی بكەیت؟

-پێشتر ئاشناییەكم لەگەڵ دەرهێنەری بە توانا «حەسەن عەلی خان» هەبوو، نموونەی كارە هونەرییەكانم نیشاندا بوو، ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ من بەیانییەك لە ئەركدا بووم كاك «میلاد» یاریدەدەری بەڕێز حەسەن عەلی پەیوەندیی پێوە كردم و پێی گوتم مامۆستا حەسەن دەیەوێ لە نزیكەوە بتبینێت، ئەوە بوو باسی زنجیرە درامای ئادیابینی بۆ كردم، كە سیناریۆكەی پیشاندام، گوتی ڕۆڵێكی تایبەت و كاریگەرم بۆ دەستنیشان كردوویت، كارەكتەری مامۆستا سەردارە كە لە بەشی ڕێكخستنەكانی ناوشار ئەرك وەردەگرێت، بۆیە كاتێك سیناریۆكەم خوێندەوە و هێز و توانای دەرهێنەر لە گفتوگۆ كردن بە یەكەوە، وای لێ كردم ئەم هەستەم بۆ دروست بووكە مامۆستا سەردار بە فیعلی دانیشتووە، هەروەها ئەزموونێكی تازە بوو كە بچمە ناو دراما.

*ئادیابین چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

-دراما بە گشتی لە كوردستان كارێكی قورسە، چونكە لەم بوارەدا پسپۆڕی هونەریمان تا ڕاددەیەك كەمە، هەروەها نەبوونی پاڵپشتی و ئەو كێشەو گرفتانەی ڕوو دەدەن و ئەو ئیمكانییەتە كەمەی كە لە بەردەستماندایە، كارەكەی قورس كردووە، بۆیە لە ئێستادا كە درامایەكی وەكو ئادیابین دروست بووە جێگی ئومێد و دڵخۆشییە كە هەستێكی زۆر خۆشی پێ بەخشیم، ئەم پڕۆژەیە بە گشتی پێم وایە ئاستێكی هونەریی بەرزی هەبووە لەڕووی سیناریۆ و نووسین و هەڵبژاردنی ئەكتەران و دیزاینی جلوبەرگ و شوێن و میوزیك، دەنگدانەوەیەكی باشی ئەزموون و توانای دەرهێنەر لە ناو دونیای هونەریی ئێمەدا هەبوو لەڕووی نواندن و تەكنیكی ستافی كامیرەمان و ستافی دەنگ و سەرپەرشتیكاران كە زۆر لەگەڵماندا ماندوو بوون.

ئەمین حاجی عومەر بۆ گوڵان: دیمەنی پێشوازیی خەڵك لە بارزانی نەمر لە كاتی گەڕانەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام

*پێت وایە چ پەیامێكی گرنگ دەگەیەنێت؟

-ئادیابین بە گشتی گێڕانەوەی مێژووی گەلی كورد و قوربانییەكانیەتی كە پێمان دەڵێ ئەو كوردستانەی ئەمڕۆ دروست بووە و خاوەن هەرێم و پەرلەمان و حكومەتە، لە ئەنجامی ڕەنجی شۆڕش و خوێنی شەهیدانمان هاتووەتە ئاراوە.

*چی دەڵێیت دەربارەی ئەو ڕەخنانەی لە زنجیرەكە دەگیرێن؟

-ڕەخنە پڕۆسەیەكی گرنگ و بنیادنەری هەر پڕۆژەیەكی هونەرییە، هیچ هونەرێك بەبێ ڕەخنە پێش ناكەوێت، بۆیە ئێمە بەدڵێكی فراوانەوە وەریدەگرین و گوێیان لێ دەگرین، خودی خۆشم بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەوڕەخنانە دەكەم كە لێم دەگرن، یان خۆم پرسیارم لە بینەر و هاوڕێیانی پسپۆڕی بواری هونەری كردووە كە ئەدای كارەكتەری مامۆستا سەرداریان پێ چۆن بووە، چونكە ئەزموونی یەكەممە لە درامادا، بۆیە زۆر حەزدەكەم گوێبیستی ڕەخنە جددییەكان ببم لەسەر نواندنی خۆم و تەواوی دراما، دەمەوێ لە بواری نواندندا زیاتر پەرە بەكارەكەم بدەم چونكە نواندن دنیایەكی ئاڵۆز و قووڵە و پێویستیمان بە ڕاهێنانی زیاترە لەسەر  كەرەستەكانمان كە جەستە و دەنگ و خەیاڵ و هەستە.

*ڕۆڵی ئەكتەرە بەئەزموونەكان چۆن بوو لە یارمەتیدان و ڕێنماییكردنی ئەكتەرە گەنجەكان لە ئادیابین؟

-ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان بینی لە پاڵپشتی كردنی من و هاوڕێ گەنجەكانمان لە میانی وێنەگرتن و هاوكارییەكی زۆر باشمان بوون، زۆر هانیان دەداین كە ڕۆڵەكەمان بەباشی بەرجەستە بكەین، بەتایبەتی مامۆستا شوكراللە شێخانی، مامۆستا ئەحمەد وەرتێ و خاتوو خەرمان هیرانی.

*هەستت چۆن بوو بە ڕۆڵبینین لەم درامایەدا؟

-هەستێكی زۆر خۆشم هەبوو كە بەشداریم لەم درامایەدا كرد، چونكە ئەزموونێكی جیاواز بوو لەكارەكانی دیكەم. دەمەوێ سوپاسی تەواوی ستافی ئادیابین بكەم كە بۆمن بووە قوتابخانەیەك و وەك خێزانێك تێیدا كۆبووینەوە، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام دیمەنی هاتنەوەی بارزانی نەمر و پێشوازیی ئەو هەموو خەڵكە زۆرە بوو لە هەموو عێراق كە هاتبوون، دەتگوت پێشوازی لە سەرۆك وڵاتەك دەكەن، بەڕاستی گەورەیی جەنابی بارزانی وەسف ناكرێت.

Top