د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: گفتوگۆ پانتاییەكی فراوانی هەیە و تابلۆ گەورەكەی نیشتمان وێنا دەكات
د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرپەرشتیاری بازنەی گفتوگۆیە، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان» لە پەیڤێكدا دوای بەخێرهاتنی گەرمی میوانەكان، جەختی لەسەر ئەو هۆكارنە كردەوە كە بوونەتە هۆی ئەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بیر لە ئۆرگانێكی سەربەخۆ بە ناوی «بازنەی گفتوگۆ» بكاتەوە، تاكو فراوانتر لە چوارچێوە حزبییەكان بیر بكەینەوە و خواست و داواكاریی خەڵك لە ناو پلاتفۆرمێكی كراوەدا كۆمان بكاتەوە و ڕاشكاوانە لە ڕوانگەی جیاوازی بیر و بۆچوونی سیاسی و جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینیمان پێكەوە بیر بكەینەوە و، هەوڵەكان یەك بخەین بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری كێشەكانی خەڵك و گرفتەكانی ئەم نیشتمانە، كە هەموومان پێكەوە كۆ دەكاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ڕایگەیاند:
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی دەكات كە ببێتە ماڵێك بۆ كۆكردنەوەی هەمووان، پلاتفۆرمێكی كراوە بێت بۆ ئەوەی وێڕای جیاوازییەكانمان، بە ئازادانە گفتوگۆ بكەین و پێكەوە بیر بكەینەوە و خەمەكانی ئەم نیشتمانە و خواست و داواكاریی خەڵك پێكەوە كۆمان بكاتەوە.
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە لە سەرەتای ساڵی 2023 بیرمان لەوە كردەوە دەستپێشخەرییەك بكەین و ئۆرگانێكی سەربەخۆ بەناوی «بازنەی گفتوگۆ» لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بكەینەوە، هەروەها بڕیاریشمان دا، گفتوگۆكانی ئەم پلاتفۆرمە كراوە لە ناو هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەڕێوە بچێت، لەمەش زیاتر، میتۆدێكی تازەمان پێڕەو كرد، كە وەك سەرچاوەی هێز مامەڵە لەگەڵ كۆی جیاوازییە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەكاندا بكەین، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو سێ توخمی سەرەكی كە بریتین لە (ڕاستگۆیی، متمانە، ئاكار) بكەینە ڕێكار، كە بە ڕاستی هەستمان بەوە كردبوو، لە پرۆسەی دیالۆگ و لێكتێگەیشنی نێوان بۆچوونە جیاوازەكاندا ئەم سێ توخمە سەرەكییە بە تەواوەتی لاواز بوون. هەر بۆیە لەم گفتوگۆیەدا گوێتان لە هەڤاڵی پێشكەشكاری گفتوگۆكە بوو كە ئاماژەی بەوە كرد «ئەو گفتوگۆیەی لێرە دەكرێت، پاشان دادەڕێژرێتەوە و بۆتان دەنێردرێتەوە و ئێوە خۆتان بڕیار دەدەن چۆن بڵاوی بكەنەوە»، ئەمەش دروست مانای ئەوەیە بازنەی گفتوگۆ تەنیا پلاتفۆرمێكی كراوە نییە كە بواری بۆ قسەكردنی ئازادانەی ڕەخساندبێت، بەڵكو پلاتفۆرمێكی كراوەیە و ئێوە خۆتان ئازادانە بڕیار دەدەن، چی بڵاو بكرێتەوە و چ زانیارییەك پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێت».
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە درێژەی وتەكانیدا گوتی: «ماوەی دوو ساڵ زیاترە بازنەی گفتوگۆ مانگانە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، یان پرسێكی تایبەت بە خزمەتگوزارییەكان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك دەكاتە تایتڵی خۆی و گفتوگۆی ڕاشكاوانەی لەسەر بەڕێوە دەبات، ئەمڕۆ كە گفتوگۆ لەسەر (خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان) دەكەین، 27ـەمین گفتوگۆیە كە لەم هۆڵەدا مانگانە بەڕێوە دەچێت، ئەوجا وێڕای ئەوەی پوختەی ئەم گفتوگۆیانە مانگانە لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان و پەیجی بازنەی گفتوگۆ بە جوانترین كوالێتی و دیزاین بڵاو دەكرێتەوە، هەر شەش مانگ جارێك ئەم گفتوگۆیانە بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی لە دوو كتێبی قەوارە گەورەدا چاپ دەكرێن و لە مەراسیمێكی شایستەدا پێشكەشی هاووڵاتیان و كتێخانەی كوردی و كوردستانی دەكرێت».
ئەوەشی خستە ڕوو كە بەرهەمی بازنەی گفتوگۆ لە 24 گفتوگۆی هەردوو ساڵی (2023-2024) چوار كتێب بووە بە ناونیشانی «گفتوگۆ لەگەڵ نارەزایی خەڵك، ئالنگارییەكانی ئاسایشی نیشتمانی، كوردستان لە ناو ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی، كوردستان لە ناو گۆڕانكارییەكانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا». لەم 24 گفتوگۆیەدا زیاتر لە 300 دەستەبژێری «كورد، كوردستانی، عەرەبی عێراق(شیعە و سوننە)، كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستان، ڕەوەندی كوردستانی»، لە میانەی بەشداریی ڕاستەوخۆ و ڕاپۆرتە مەیدانییەكانماندا بەشدارییان لەگەڵ كردووین، لەمەش زیاتر ڕاپرسیمان ئەنجام داوە و بە سەدان هەزار هاووڵاتی لە كوردستاندا بەشدارییان لەگەڵ كردووین.
لە بەشێكی دیكەی پەیڤەكەیدا بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن هاتە سەر گرنگیی گفتوگۆ و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە «گفتوگۆ چەمكێكی گشتییە بۆ لێكتێگەیشتن، بۆیە گفتوگۆ تەنیا خەسڵەتی سیاسیی نییە، وەك لای هەموو لایەكیش ئاشكرایە، گفتۆگۆ پانتاییەكی زۆر فراوانی هەیە، لەم ڕوانگەیەوە بازنەی گفتوگۆ لە ڕوانگە فراوان و گەورەكەیەوە سەیری كۆی كێشە و پرسە هەستیارەكانی كۆمەڵگە دەكات، هەر بۆیە هەوڵی داوە كۆی ئەو پرسانەی پەیوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك، پرۆسەی حوكمڕانی، تووڕەیی گەنجان، مافی ئافرەتان، بەرپرسیاریەتی میدیا، سەروەریی یاساو.. هتد، گفتوگۆكانی كراونەتە تایتڵ و گفتوگۆی زۆر ڕاشكاوانەی لەسەر كراوە.
گوتیشی: «هەربۆیە دەخوازم ڕاشكاوانە ئەوە بڵێم، ئەم پلاتفۆرمە خەسەڵەتی سیاسیی نییە، بە قەد ئەوەی مەبەستێتی خەسڵەتی گفتوگۆی ساخڵەم و كۆكەرەوە و زانستییانەی هەبێت، بڕوای بەوەیە بە تەنیا یەك تێگەیشتن و یەك ئاراستە كێشەكانی پێ چارەسەر ناكرێت و ناتوانێت وەك پێویست وەڵامدەرەوەی خواست و گازندەی هاووڵاتیان بێت، بۆیە بەرەو ئەو ئاسۆیە هەنگاو هەڵدەگرێت كە پێكەوە ئەو تابلۆ گەورەیە دروست بكەین، كە پێی دەگوترێت تابلۆی بیركردنەوە و وێنا گەورەكەی هەرێمی كوردستان بەگشتی، كوردستان بە مانا سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەییەكەی، ئەمڕۆش كە پێكەوە كۆبووینەتەوە گفتوگۆ لەسەر پرسی خزمەتگوزاریی كارەبا و پڕۆژەی ڕووناكی دەكەین، كە یەكێكە لەو كارە گرنگانەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، بۆ ئەوەی كێشەی كارەبا بە ڕیشەیی چارەسەر بكات و كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هەموو كوردستان دابین بكات، ئەمەش پرسێكە پەیوەندیی بە هەموو هاووڵاتیانەوە هەیە، بۆیە گرنگە وەك پرسێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت».
لە دوماهیی پەیڤەكەیدا د.سالار عوسمان گوتی: «خۆم و هەڤاڵانیشم لە بازنەی گفتوگۆ، دەمانەوێت گوێ لە ئێوە بگرین، نەك ئێمە قسەتان بۆ بكەین، هەروەها دەمانەوێت پرسیاری خەڵك و شەقامتان بۆ بگوازنەوە و وەڵامی پرسیاری خەڵك و شەقام بدەینەوە، هەر بۆیە دوای ئەوەی گوێ لە ڕاپۆرتە مەیدانییەكە دەگرن، كە لەسەر سكرین بۆتان نمایش دەكرێت، سەرنج دەدەین چۆن كارلێك لە نێوان پرسیارەكانی شەقام و وەڵامەكانی بەرێزتاندا دروست دەبێت».
