محەمەد ئیسماعیل:لە جیهانی گۆی زەویدا بەهێزەکان بە درێژایی مێژوو ستەمیان لە لاوازەکان کردووە
لە 37هەمین ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری,هونەرمەندی شێوەكاری دیاری كورد(محەمەد ئیسماعیل) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك شاكارێكی هونەریی خۆی بڵاوكردەوە مێژووەكەی بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە,كە ئەم تابلۆیە لەسەر شێواز و ستایڵی نیگاركێشی ئیسپانی و هونەرمەندی جیهانی (سلڤادۆر دالی) كێشراوە.
هونەرمەند (محەمەد ئیسماعیل)لە بڵاوكراوەكەیدا لە فەیسبووك دەربارەی تابلۆكەی و چیرۆكی جەرگبڕی هەلەبجە نووسیویەتی..
ئەم تابلۆ سوریالیستییە لە تەمەنی 20 ساڵیدا کێشاومە، ساڵی 1992. ئەوکاتە کاریگەری ستایلی سلڤادۆر دالی بەسەرمدا هەبوو، بە ڕەنگی ڕۆنی لەسەر تەختە کێشاومە، بە قەبارەی 60×80سم.
دیمەنێك نیشان دەدات کە بوونەوەرە پێست سەوزەکان لە هەسارەیەکی ترەوە هەوڵ دەدەن لە ئازار و ململانێکانی مرۆڤایەتی تێبگەن, لە کاتێکدا بینا بەرد و دەروازە، گەڕەك و ئاوهەوای جیهانی ئەوان لە جیهانی ئێمە جیاوازترە، تەماشای تراژیدیای پۆستەری (عومەری خاوەر) دەکەن، ئەم بوونەوەرانە نوێنەرایەتی خواستی هێنانەدی ئاشتی و دادپەروەری بۆ مرۆڤایەتی دەکەن, لە کاتێکدا ڕووداوە بە ئازارەکانی وەك کۆمەڵکوژی هەڵەبجە ئەو کارەساتانەمان بیردەخەنەوە کە مرۆڤایەتی لە ڕابردوودا تووشی بووە, بوونی ئەو بوونەوەرانە بانگەوازێکە بۆ هیوا و یارمەتی.
لە جیهانی گۆی زەویدا بەهێزەکان بە درێژایی مێژوو ستەمیان لە لاوازەکان کردووە و بە دەگمەن ئاشتی هاتۆتە ئاراوە، ئەم تابلۆیە هێمای خواستی مرۆڤایەتییە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر و هەوڵی بوونەوەرەکانی جیهانە جیاوازەکان بۆ ئەوەی دەستی هاوکاری بە مرۆڤایەتی بدەن, ئەم کارە هانی بینەر دەدات بە قووڵی بیربکاتەوە, هۆشیاری بۆ مرۆڤایەتی بەرز بکاتەوە و هانی کردەوەی بەکۆمەڵ بدات بۆ جیهانێکی دادپەروەرتر.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
