نەرمین عەلی محەمەد بەرزنجی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی سلێمانی/ ڕۆژئاوا: پێویستە هەوڵ بدەین ئاستی مامۆستایان بەرز بكەینەوەو توناداریان بكەین
نەرمین عەلی محەمەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەییە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ڕێگاكانی وانەوتنەوەی زانستە كۆمەڵایەتییەكان و خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەیە لە بواری پەوەردە و خوێندندا، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «هەڵسەنگاندنی سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان»، چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی بە سوودی خستە ڕوو.
سوپاس بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سازدانی ئەم گفتوگۆیە گرنگە لەسەر «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان»، لێرە بەڕێز وەزیری پەروەردە و پۆلێك لە پەروەدەكاران كۆ بووینەتەوە بۆ ئەوەی ڕاشكاوانە قسە لەسەر كێشە و كەموكورتییەكانی پرۆسەی خوێندن بكەین و دەست بخەینە سەر برینەكان.
ئەگەر پێناسەی پرۆسەی پەروەردە بكەین، ئەوا بریتییە لە پرۆسەیەكی ئامانجدار و فرە ڕەهەند، گشتگیر و، ئامانجی پەروەردەكردنی تاكە لە هەموو ڕوویێەكەوە، كاردەكات لەسەر پەرەپێدانی لایەنی (عەقڵی، جەستەیی، دەروونی، كۆمەڵایەتی، ڕۆحی، ڕەفتاریی تاك)، كەواتە پرۆسەیەكی گەورەی لەم جۆرە پێویستی بە سیستمێكە هەمووی پێكەوە كۆبكاتەوە، بە ڕیكوپێكی بەڕێوەی ببەن، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت. چونكە پەروەردەی سەركەوتوو و سەردەمییانە كۆمەڵگەیەكی تەندروست و هۆشیار و پێشكەوتوو بەرهەم دەهێنێت.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان سیستمی پەروەردەمان هەیە كە بەپێی یاسای وەزارەتی پەروەردە (ژمارە 4ی ساڵی 1992)ی هەموار كراوە، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (7)ی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە (30) لە ڕێكەوتی 21/1/2009 بەپێی ڕوونكردنەوەكانی وەزیری پەروەردە پێشكەشی كرد، بڕیار لەسەر سیستەمی قوتابخانە بنەڕەتییەكان ژمارە (1)ی ساڵی (2009) كە پێكهاتووە لە (75) بەند و سیستمی قوتابخانە ئامادەییەكان ژمارە (2)ی ساڵی (2009) كە پێكهاتووە لە (64) بەند، ئەم یاسایە چوارچێوەیەكی زۆر باشە بۆ ئەوەی فاكتەرەكانی پرۆسەی خوێندن كۆبكاتەوە و بە زیندوویی بیانهێڵێتەوە، كۆمەڵێك بنەماش هەن كە پرۆسەی پەروەردەی لەسەر بینا دەكرێت و لەسەر ئەم بنەمایانە ڕادەوەستێت كە بریتین لە:
1- مامۆستا.
2- خوێندكار.
3- پڕۆگرامی خوێندن.
4- ژینگەی فێربوون.
5- كات، یان ماوەی دەوامی قوتابخانەكان.
وەك خۆم كە ئەزموونی 17 ساڵ مامۆستایی و 15 ساڵیش ئەزموونی سەرپەرشتیاری پەروەردەیم هەیە، بێگومان كاتێك دەچینە ناو ناوەندەكانی خوێندن، گوێبیستی چەندین گلەیی و گازندە دەبینەوە، لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەم، بۆ ئەوەی ئەو گلەیی و گازندەیانە كەم بكەینەوە و پرۆسەی خوێندیش لە باشەوە بەرەو باشتر هەنگاو هەڵبگرێت، لەوانە:
• یەكێك لەو كێشانەی گلەیی و گازندەی زۆری لەسەر دەكرێت، زۆریی ژمارەی قوتابییانە لە پۆلەكانی خوێندن، بەشێكی بەرچاوی قوتابخانەكان دوو دەوامین و هەتا ئێستاش قوتابخانەمان هەیە كە سێ دەوامین.
• زۆریی ژمارەی قوتابی لەناو پۆلدا، كەمیی ژمارەی قوتابخانەكان بووەتە هۆكاری ئەوەی مامۆستاكان نەتوانن وەك پێویست كۆنتڕۆڵی وانەكان بكەن و بە باشی پەیامەكە بگەیەنن بە قوتابیان و پڕۆگرامەكە بە ڕێكوپێكی تەواو بكەن، هەروەها بوار نییە بۆ ئەنجامدانی چالاكی لەلایەن قوتابییەوە و هەروەها بوار نییە بۆ گفتگۆی پێویست و بەشداریی كارای قوتابی.
• پڕۆگرامی خوێندن زۆر گرنگە، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی سیستەمی خوێندنی باش پڕۆگرامێكی باشە كە گونجاو بێت لەگەڵ فەلسەفەی پەروەردە و ژینگە و سرووشتی كۆمەڵگە.
بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن سەركەوتوو بێت، دەبێت ڕیفۆرمی زۆر جددی لە پڕۆگرامی خوێندن بكرێت. ژاپۆن دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی، پێش ئەوەی هەوڵ بدات وڵاتە كاولەكەی نۆژەن بكاتەوە، دەستی بۆ پەروەردە برد و ڕیفۆرمی لەم سێكتەرە گرنگە دەستپێكرد. لەناو ئەم ڕیفۆرمەدا جەختی لەسەر كاری پێكەوەیی وەك تیم و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنانە كردەوە كە لەناو ناخی قوتابیدا بیچێنێت، بۆ ئەوەی ئەو توانایەی بۆ دروست بێت، چارەسەری كێشەكان بكات. گومان لەوەدا نییە، ئامانج لە پرۆسەی پەروەردە، پرۆسەی ئامادەكردنی تاكی لێهاتووە بۆ پاشەڕۆژی وڵات و بۆ ژیانی داهاتووی، هەر بۆیە كاتێك پرۆسەی پەروەردە لە وڵاتێك سەركەوتوو دەبێت، كۆمەڵگەی پێشكەوتوو بەرهەم دێت.
• كەمیی كاتی وانەكان كێشەیەكی گەورەیە، ڕاشكاوانەتر ئەو كاتژمێرانەی بۆ وانەكانی ساڵ دادەنرێن، بەراورد بەو پڕۆگرامە درێژەی دانراوە، زۆر كەمە، زۆربەی مامۆستایان گلەیی و گازندەی ئەوەیان هەیە كاتی پێویستیان لەبەر دەست نییە بۆ ئەوەی پڕۆگرامەكە تەواو بكەن. لە ئێستادا فەلسەفەی نوێی پەروەردە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە پێویستە خوێندكار لەناو پرۆسەی پەروەردە تەوەری سەرەكی بێت، ئەمەش بەو مانایەی گەر ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە، ئەوا پێناسەی وانەوتنەوە بریتی بووە لە گواستنەوەی زانیاری لە مامۆستاوە بۆ قوتابی، بەڵام ئێستا وانەوتنەوە بریتیە لە ڕەخساندنی ژینگەیەكی پەروەردەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتی بۆ فێربوون، ئێستا جەخت لەوە دەكرێتەوە كە دەبێت زەمینەسازی بكرێت بۆ ئەوەی خوێندكار بەشدارییەكی كارای هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە لە ناخی قوتابیاندا بچێنرێت.
• سیستمی هەڵسەنگاندن، تێبینی و سەرنجی زۆری لەسەر هەیە. لەم پرۆسەیەدا هەتا ئێستا سیستمی بانكی پەیڕەو دەكرێت، وەك پاوڵۆ فرێری لە كتێبی پێداگۆكی جەختی لەسەر دەكاتەوە، سیستمی بانكی تاكێكی سەركەوتوو بەرهەم ناهێنێت، تەنیا گواستنەوەی زانیاری لە مۆستاوە بۆ قوتابی فەراهەم دەكات، قوتابی پشت بە ئەزبەركردن دەبەستێت، لەم حاڵەتە دەتوانێت ئەوەی مامۆستا پێی دەڵێت، هەمووی لەبەر بكات و لە تاقیكردنەوە نمرەی باش بە دەست بهێنێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە قوتابییەكە بە تەواوەتی لە بابەتەكە تێگەیشتووە، بەڵكو ئەمە تەنیا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو قوتابیە بۆ لەبەركردنی بابەتەكە زیرەكە، بۆیە لەم حاڵەتەدا ناتوانرێت هەڵسەنگاندنی دروست بۆ قوتابیەكە بكرێت، بۆیە پێویستە سیستەمی بانكی بگۆڕێ بۆ سیستەمی دیالۆگی .
• كێشە و قەیرانی ئابووری، كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر باری دەروونی مامۆستایان هەیە، ئەم قەیرانە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە، لە كاتێكدا مامۆستا بڕبڕەی پشتی پرۆسەی پەروەردەییە، ئەگەر مامۆستا لە ڕووی دەروونییەوە ئاسوودە نەبێت، مەحاڵە بتوانێت لە وانە وتنەوەدا سەركەوتوو بێت. هەر بۆیە كاتێك مامۆستا بە دەروونێكی نائارامەوە دەچێتە پۆل، لە وانەیە جۆرێك لە هەڵچوون لەگەڵ خوێندكار دروست بێت و نەتوانێت ئەو پەیامەی كە دەیەوێت بیگەیەنێت و بگرە كاریگەریی نەرێنییش لەسەر فێرخواز بەجێ دەهێلێت.
• پرۆسەی هەڵسەنگاندنی بونیادنانی تواناكان وەك پرۆسەیەك بۆ هاندانی قوتابخانەكان و باشتركردنی ئەدایان پرۆسەیەكی باشە، بە مەرجێ زەمینەسازی هەبێت بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام بە یەك جۆر ستاندارد هەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەكانی ناو شار و دەوربەری شارەكان دەكرێت. وەك ئەزموونی خۆم قوتابخانەی ناو شارەكان لەگەڵ قوتابخانەی دەوروبەری شارەكان وەك یەك نین و ناكرێت بە یەك جۆر ستاندارد هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت. ئێمە ئومێدەوارین ئەو جیاوازییە لە نێوان قوتابخانەی ناو شارەكان و دەوروبەر نەمێنێت و، بە یەك ستاندارد مامەڵەیان لەگەڵ بكەین، بەڵام ئەو جیاوازییە ئێستا هەیە. وڵاتێكی وەك فینلەندا كە وڵاتێكی بچووكە لەسەر ئاستی جیهان لە ڕووی جوگرافییەوە و لە گۆڕەپانی سیاسی هێندە دیار نییە و زۆر كەم باس دەكرێت، بەڵام لە ڕووی سیستەمی پەرورەدەوە یەكێكە لەو دەوڵەتانەی وەك نموونەیەكی سەركەوتوو ئاماژەی پێدەكرێت. لە ڕاپۆرتێكدا لە وەزیری پەروەردەی ئەو وڵاتەیان پرسی، نهێنیی سەركەتنی ئێوە چییە لە بواری پەروەردە و چی وای كرد، فینلەندا لە پرۆسەی پەروەردە بەو ئاستە سەركەوتوو بێت؟ لە وەڵامدا گوتبووی «ئێمە هەوڵمان دا قوتابخانەكەمان لە گوندێكی دوورە دەست لەگەڵ قوتابخانەی ناوەندی شارە گەورەكان هیچ جیاوازییەكی لە ڕووی پێداویستی و كوالێتی و ژینگەی فێركردن و وانەوتنەوە، نەبێت».
بۆ ئەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و بگاتە ئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكان من چەند پێشنیارێك دەخەمەڕوو، لەوانە:
- دەستكردن بە ڕیفۆرم لە پڕۆگرامی خوێندن، ئەمەش بەو جۆرەی كە ئەم پڕۆگرامە لەگەڵ كاتی دەوامی قوتابخانەكان و ژمارەی قوتابییان لەناو پۆلدا بگونجێت. ئەم پڕۆگرامەی خوێندن كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، لەوانەیە سەركەوتوو بێت، ئەگەر ژمارەی قوتابیان لە پۆلێكدا تەنیا (20) قوتابی بێت، بەڵام بۆ ئێستا بارودۆخی ئێمە كە ژمارەی قوتابیان لە پۆلێكدا زۆرە و، دەوامی قوتابخانەكان دوو دەوامی و تەنانەت سێ دەوامیشن، ئەوا دەبێت پڕۆگرامی خوێندنیش بە جۆرێك بێت كە لەگەڵ ئەو واقیعە گونجاو بێت.
- پێویستە هەوڵ بدەین ئاستی مامۆستایان بەرز بكەینەوەو توناداریان بكەین، ئەمەش بەوە دەكرێت كە خولی تایبەت بۆ ڕاهێنانی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بكەینەوە، لە هەمان كاتدا خولی ڕاهێنانیش بۆ مامۆستایان بكەینەوە، سەردانی كادیرانی پەروەردە (چ سەرپەرشتیار، یان مامۆستا) بۆ وڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری پەروەردە زۆر پێویستە.
- لە ئێستادا بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە بەردەوام گۆڕانكاریی تازە دێتە ئاراوە، پێویستمان بەوە هەیە كە هاوشانی ئەو گۆڕانكارییانە ئێمەش بچینە پێشەوە و خۆمان ئەپدەیت بكەینەوە، بەتایبەتیش بۆ مامۆستایان كە كار لەناو پرۆسەیەك دەكەن، بەرهەمەكەی مرۆییە. مامۆستا وەك كرێكار، یان فەرمانبەری ناو كارگەیەك نییە كە كار لەسەر بەرهەمهێنانی بابەتێكی نامرۆیی بكات و هەتا ئەگەر سەركەوتووش نەبوو تەنیا زیانی ماددی بكات، نەخێر مامۆستا كار لەسەر قوتابی دەكات و دەیەوێت بیكاتە ئەندامێكی باش و بەتوانا بۆ كۆمەڵگە، بۆیە ئەگەر لەم پرۆسەیەدا سەركەوتوو نەبوو، ئەوا داهاتووی وڵات و نیشتمان لەدەست دەدات و زیانێكی مرۆیی ئەوتۆ دەكەین كە پاشان بە هیچ شتێك قەرەبوو ناكرێتەوە.
- باشتركردنی ژینگەی قوتابخانەكان، دەبێت قوتابخانەكانی ئێمە كاتێك دروستیان دەكەین، بە جۆرێك دیزاین كرابن كە ژینگەیەكی ساخڵەم بۆ خوێندن فەراهەم بكات، هەروەها دەبێت ژمارەی قوتابخانەكان بە ئاستێك زیاد بكرێن كە لەگەڵ ژمارەی قوتابیان جۆرێك لە هاوسەنگی دروست بكات. پێویستە كەرتی پەروەردە بودجەیەكی ئەوتۆی بۆ دیاری بكرێت، كە لە ئاستی گرنگیی ئەم سێكتەرە گرنگەدا بێت. لە ئێستا قسەیەك هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر كۆمەڵگەیەكی پێشكەتوو و دەڵێن «ئەگەر بمانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ داهاتووی هەر كۆمەڵگەیەك بكەین، دەبێت سەرەتا هەڵسەنگاندن بۆ سیستمی پەروەردە و فێركردنی ئەو كۆمەڵگەیە بكەین».
- كۆتا قسەم: پەروەردەی تەندروست. تاكێكی هۆشیار و داهێنەر و بەرهەمدار . كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو.
