ڕۆحت شاد «دیا جوان» سیمبوڵی كوردایەتی و وڵاتپارێزی

ڕۆحت شاد «دیا جوان» سیمبوڵی كوردایەتی و وڵاتپارێزی

 

هەواڵی كۆچی دوایی هۆزانڤان و وڵاتپارێز و كوردپەروەر «دیا جوان» لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێكەوتی ٢٦/٢/٢٠٢٥، مایەی خەم و دڵتەنگی بوو بۆ هەموو ئەوانەی كە ئەم تێكۆشەرە خۆڕاگر و كوردپەروەرەیان ناسیبێت، بەتایبەت بۆ من ئەم هەواڵە زۆر خەمبار و دڵتەنگی كردم، لەبەر ئەوەی بەشێكی تەمەنم لەگەڵ ئەم كەسایەتییە جوانە بەسەر بردووە، هەر كات دیا جوان، بهاتایەتە هەولێر، ماڵی ئێمە ماڵی دووەمی دیا جوان بوو، هەموو جاریش دەیوت تەنیا لای ئێوە هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەكەم و وا دەزانم لە ماڵی خۆمم، هەمیشە بە هاتنی ماڵەكەمانی ئاوەدان و ڕووناك دەكردەوە، زۆر بەداخەوە بۆ كوژانەوەی ئەم چرا گەشەی ڕێگەی ڕۆشنبیری و وڵاتپارێزی و كوردایەتی.

 خاتوو دیا جوان ئافرەتێكی بە ویقار، مرۆڤێكی نموونەیی، كەسایەتییەك پڕاوپڕ لە جوانی، شێرە ژنی كوردپەروەر، وڵاتپارێز، هۆزانڤان، فەرهەنگێك تژی لە قسەی شیرین و نەستەق و بەسەرهات و چیرۆك و وانەی خۆڕاگری و خۆشویستنی نیشتمان و كوردپەروەری بوو، دیرۆكێك لە بزاڤی كەلتووری و كۆمەڵایەتیی كوردانی شام، شۆڕشێكی لەپێناو پاراستنی كەلتووری كوردی كردووە، بەڵێ، دیا جوان واتە وێنەیەكی جوانی هەڵوێست و كوردایەتی و ئەڤینداریی وڵات.

 لە دواگەشتم بۆ پارێزگای دهۆك، بە پێویستم زانی وەك وەفایەك سەردانی دیا جوان بكەم لە هەواڵی بپرسم، دیا جوان بۆ من زۆر شت دەگەیەنێت. دیا جوان بۆ من واتە سۆز و میهر و وەفا، پەیوەندیم لەگەڵ دیا جوان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە تەمەنم یەك ساڵان بوو و خۆم لە باوەشی گەرمی ئەودا بینیوەتەوە، هەموو ئەو كاتانەی كەوا لەگەڵ دایك و باوكم گەشتی شامم كردبێت، بێ بینین و سەردانی دیا جوان نەگەڕاوینەتەوە، هەر كاتێ دیا جوان هاتبێتە هەولێر یەكەم قۆناغ و دواقۆناغی ماڵی ئێمە بووە، بۆیە كۆچی دوایی دیا جوان بۆ من زیانێكی گەورەیە و قەرەبوو ناكرێتەوە.

 ئەو كاتانەی كەوا لەگەڵ دیا جوان لە ماڵەوە دەبووین، زۆر شەوان تا درەنگ پێكەوە دادەنیشتین و دەیان چیرۆك و بەسەرهاتی خۆش و قسەی نەستەقی بۆ دەگێڕامەوە و زۆر شتی گرنگی لێوە فێر بووم، لەم ساڵانەی دواییشدا كەوا لە پارێزگای دهۆك دەژیا، بە هەمان سۆز و ئەڤینەوە سەردانم كردووە و باوەشی گەرمی بۆ كردوومەتەوە و لە ئامێزی گرتووم.

دیا جوان، كەسایەتییەكی مەزن و سەرمایەیەكی كەلتووریی گرنگی نەتەوەكەمان بوو. كۆچی دوایی دیا جوان، زیانێكی گەورەیە بۆ سەرجەم بزاڤی كەلتووری و سیاسی و كوردایەتی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن و قەرەبوو ناكرێتەوە.

 ڕۆحی دیا جوان شاد و ئاسوودە بێت و، سەبر و ئارامی بۆ ماڵباتی دیا جوان و هەموو لایەكمان.

Top