بەكر كەریم حەسەن ڕاوێژكاری پەروەردەیی و بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاری بە وەكالەت: هەموو ئەو دەوڵەتە پێشكەوتووانەی ئێستا لە لووتكەی پێشكەوتندان لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردنەوە دەستیان پێكردووە
بەكر كەریم حەسەن، ڕاوێژكاری پەروەردەیی و بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاری بە وەكالەت، یەكێكە لە پەروەردەكارە دیارەكانی كوردستان و جیا لەوەی بە شێوەیەكی پراكتیكی لەم بوارەدا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە كاری كردووە و تا ئێستا بەردەوامە، لە هەمان كاتدا بە بەردەوامییش لەسەر ئەم پرسە دەنووسێت و توێژینەوەی زانستی دەكات و بەرهەمەكانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاو دەكاتەوە، تا ئێستاش چەندین كتێبی لە بواری پەروەردەییدا بەچاپ گەیاندووە و پێشكەشی كتێبخانەی كوردیی كردووە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان» بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خستەڕوو.
دەستخۆشی لە بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆ گرنگە لەسەر «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان» هەورەها سوپاسی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەم كە لەم گفتوگۆ گرنگەدا لەگەڵمان بەشدارە.
سەرەتای قسەكانم بە وتەیەكی بیرمەند و پەروەردەكاری ئەمریكی «جۆن دیوێ» دەست پێدەكەم، كە دەڵێت: «پەروەردە و فێركردن تەنیا هۆكارێك نییە بۆ ژیان، بەڵكو ژیان خۆی پەروەردە و فێركردنە».
پرۆسەی پەروەردە و فێركردن كۆڵەگەیەكی هەرە گرنگە بۆ بونیادنانی تاكی لێهاتوو و پەرەپێدانی بەردەوام و بووژانەوەی كۆمەڵگە، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت تاكێكی كارامە و لێهاتوو و بەرهەمهێن ئامادە بكەین و خۆی بە خاوەنی نیشتمانەكەی خۆی بزانێت، ئەوا دەبێت لە ناو پرۆسەی پەروەردە و فێركردنەوە هەنگاوی بۆ هەڵبگرین.
ئەزموونی نەتەوە سەركەوتووەكانی جیهان پێمان دەڵێن، هەموو ئەو دەوڵەتە پێشكەوتووانەی ئێستا لە لووتكەی پێشكەوتندان لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردنەوە دەستیان پێكردووە، ئەگەر دەوڵەتێكی وەك سەنگافورا بە نموونە وەربگرین، كاتێك لە ساڵی 1965 داوای كرد لە مالیزیا جیا بكرێتەوە و دەربكرێت، وڵاتێكی كاول بوو، ئەو كات «لی كوان یو» سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو، وڵاتەكە هیچ ژێرخانێكی نەبوو، ئابوورییەكی زۆر داڕماوی هەبوو، خەڵكەكە دەیانویست كۆچ بكەن و بەجێی بهێڵن، بەڵام یەكەم هەنگاو كە لی كوان یو دەستی پێكرد، چاككردنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بوو، هات لەگەڵ مامۆستایان كۆبوونەوەی كرد و پێی گوتن هەموو هاوكارییەكتان دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین نەوەیەك پەروەردە بكەین، كە توانای ئەوەی هەبێت كێشەكانی ئەم وڵاتە چارەسەر بكات و ئەم وڵاتە بونیاد بنێتەوە، ئەوان قۆڵیان لێ هەڵكرد، وەك ئەوەی ئێستا ئێمە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستمان پێ كردووە، ئەو بناغەیەی لی كوان یو لە پەروەردە و فێركردنەوە هەنگاوی بۆ هەڵگرت، گەیشتە ئەوەی لە ساڵانی 2014-2015 سەنگافورا بكەوێتە ناو چوارگۆشەی كۆی پۆلێنكردنە جیهانییەكان و بگاتە ئەو ئاستەی كە بەرزترین داهاتی تاكەسیی لە جیهاندا هەبێت.
كەواتە ئێمەش ئەگەر بمانەوێت هەرێمی كوردستان زیاتر پێش بكەوێت، دەبێت لەسەر ئەو ڕەوتە بەردەوام بین كە ئێستا دەستمان پێ كردووە و زیاتر بایەخ بە پەروەردە و فێركردن بدەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پەروەردە و فێركردن سامانی ڕاستەقینەی هەر وڵاتێكە و ئەوانەی گرنگیان بەم سێكتەرە داوە و چەندین خەرجیان بۆ تەرخان كردووە، لە ئاكامدا لێی پەشیمان نەبوون و سوودێكی باشتریان بەدەست هێناوە، هەر ئەمەشە كەسێكی وەك «بنجامین فرانكلین» كە یەكێكە دامەزرێنەرانی ئەمریكا كە دەڵێت: «باشترین داهات و باشترین بەرهەمت دەبێت، ئەگەر لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردنەوە دەست پێ بكەیت».
بە پێی ئەزموونی خۆم كە لە ساڵی 1991ـەوە وەك مامۆستا كارم كردووە و هەتا ئێستاش كە لە پرۆسەی پەروەردەدا دەستبەكارم، لە دەستپێكی كاری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ناو پرۆسەكەدام و ئاگادارم، بەڵام ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ناو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم كراوە، كاری زۆر جددی و باش بووە، بەتایبەتیش لە بواری بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانی پەوەروەردەدا، كە ئێستا هەر دایك و باوكێك لە ناو ماڵی خۆی بە ڕێگەی كۆمپیوتەر، یان مۆبایلەكەی دەتوانێت هەموو شتێك لە ئاستی خوێندن، نمرە، ڕەفتاری منداڵەكەی لە قوتابخانە بزانێت.
لایەنێكی دیكە كە دەمەوێت هەڵوەستەی لەسەر بكەم، باخچەی ساوایان و قوتابخانە ناحكوومییەكانە، كە ئەمانەش بەشێك لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان پێك دەهێنن. لە ساڵی 2019 وەك لێژنەی قوتابخانە ناحكوومییەكان سەردانی دەڤەری سلێمانیمان كرد بۆ ئەوەی بزانین كاروباری باخچە و قوتابخانە ناحكوومییەكان چۆن بەڕێوە دەچن. ئەم لێژنانە بۆ چاودێریكردنی قوتابخانە ناحكوومییەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان فراوان كرا بۆ چوار لێژنە، كە لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكاندا بە دواداچوون بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی كۆی قوتابخانە ناحكوومییەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا دەكەن.
كاری ئەم لێژنانە تەنیا بۆ سەردان و بەسەركردنەوە نییە، بەڵكو كاری جددی لەسەر وردەكاریی بەڕێوەچوونی قوتابخانە ناحكوومییەكان دەكەین، من لە ناو لێژنەیەكدام بۆ سەرپەرشتیی قوتابخانە ناحكوومییەكانی هەولێر و سۆران، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2023وە دەستمان بە كار كردووە، هەتا ئێستا كە بۆ مان تەواو نەكراوە، ئێمە هەفتانە ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ سەردانی ئەو قوتابخانە ناحكوومییانە دەكەین، چوونمان تەنیا بۆ سەیركردنی تۆماری قوتابخانەكان نییە، بەڵكو لەسەر ورد و درشتی شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو قوتابخانانە هەڵوەستە دەكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە قوتابخانەی ناحكوومی تەنیا پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان نییە كە مۆڵەتی پێ درابێت و تەواو، نەخێر لە تێڕوانینی وەزارەتی پەروەردەوە قوتابخانەی ناحكوومی بەرپرسیاریەتییە بۆ ئایندەی ڕۆڵەكانمان، بۆیە چۆن هەڵسەنگاندنی دەرەكی بۆ قوتابخانە حكوومییەكان دەكرێت، بە هەمان شێوە و زیاتریش هەڵسەنگاندنی دەرەكی بۆ قوتابخانە ناحكوومییەكانیش دەكرێت. هەموو ئەو دیسپلین و ڕێنماییانەی لە ساڵی 2021 دەرچوون، یان ئەوانەی لە یاسای ساڵی 2022 هاتوون، لەسەر ئەو قوتابخانە ناحكوومییانە جێبەجێ دەكرێن و، لێپرسینەوەیان بە پێی یاسا لەگەڵ كراوە، ئەوەی سەرپێچیی كردبێت، بە بڕی « 10 -150» ملیۆن دینار سزا دراون.
خاڵێكی دیكە كە جێگەی دەستخۆشییە بۆ وەزارەتی پەروەردە كە فەرزی كردووە ئەوەیە كە دەبێت 80%ی ئەو مامۆستا و كارمەندانەی لەو قوتابخانە ناحكوومییانە كار دەكەن، خەڵكانێك بن لە حكومەت دانەمەزرابن، ئەمەش بە هەزاران هەلی كاری بۆ دەرچووانی كۆلێژەكان فەراهەم كردووە، كە لە حكومەت دانەمەزراون.
جیا لە دۆزینەوەی هەلی كار، پێشتر دەگوترا ئەوانەی لە كەرتی تایبەتدا دادەمەزرێن پاشان هیچ پاشەڕۆژێكیان نابێت، بەڵام لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ هەموو ئەو فەرمانبەرانە كراوە كە لە كەرتی تایبەت كاردەكەن، قوتابخانە ناحكوومییەكان پابەند كراون كە ڕێژەی 5% مووچەی مامۆستایان تەرخان بكرێت بۆ دەستەبەری كۆمەڵایەتی و هەروەها 12% لەلایەن خاوەن پڕۆژەكەوە تەرخان دەكرێت، كە ئەمە دەبێتە گەرەنتییەك بۆ خانەنشینی مامۆستاكە، یان ئەگەر لە قوتابخانەیەكەوە چووە قوتابخانەیەكی دیكەی ناحكوومی ئەوا خزمەتەكەی بۆحیساب دەكرێت، ئەگەریش بوارێك هاتە پێشەوە بۆ ئەوەی لە حكومەت دابمەزرێت، دەتوانێت خزمەتەكەی بگوازێتەوە بۆ حكومەت.
خاڵێكی دیكە كە دیسان جێگەی خۆیەتی تایبەت بە قوتابخانە ناحكوومییەكان دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە بكەین، ئەوەیە كە پێشتر لە قوتابخانە ناحكوومییەكاندا مووچەی 7-8 مانگ دەدرا بە مامۆستیان، لە مانگەكانی پشووی هاویندا مووچەیان نەدەدا بە مامۆستایان، بەڵام ئەوە ماوەی دووساڵە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە مووچەی مانگەكانی هاوین دەدرێتە هەموو ئەو مامۆستایانەی كە سكاڵایان دەگاتە لای ئێمە و بەدواداچوونی بۆ دەكەن و دەبێت مووچەكانیان پێ بدرێت.
خاڵێكی دیكە كە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ مامۆستایانی قوتابخانە ناحكوومییەكان ئەوەیە پێی دەگوترێت «دەست لێك بەردان و دەست هەڵگرتن»، ئەمەش واتە نابێت خاوەن پڕۆژەیەكی قوتابخانەی ناحكوومی بەو ئاستە دەسەڵاتی هەبێت كە ئەمڕۆ مامۆستایەكی بەدڵ نەبوو، پێی بڵێت سبەی مەیێرەوە بۆ دەوام، دەبێت بەپێی ڕێنماییەكان مامەڵە لەگەڵ مامۆستاكاندا بكرێت. ئێمە كاتێك سەردانی ئەو قوتابخانە ناحكوومییانە دەكەین و كۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایان دەكەین، خاوەن پڕۆژەكەش لە تەنیشت ئێمە ڕادەوەستێت، زۆر بە ڕاشكاوی و شەفافانە ئەو ڕێنماییانە بە مامۆستاكان دەڵێن، مافەكانی خۆیان پێ دەڵێن و جەخت لەوە دەكەینەوە ئێوە كار لە پرۆسەیەكدا دەكەن كە وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتیی دەكات و خەمخۆری ئێوەیە، بۆیە ئەگەر لە قوتابخانەیەكی ناحكوومیدا خاوەنەكەی گێچەڵ بە مامۆستایەك بكات، ئەوا لێژنەی لەسەر دروست دەكرێت و پرسەكەی دەبرێتە دادگا و دادگا لە بەرژەوەندیی مامۆستاكە بڕیار دەدات.
مەرجێكی دیكەی وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابخانە ناحكوومییەكان «خولی بونیادنانی تواناكانە» كە پێویستە هاوینان 30 كاتژمێر ڕاهێنان بە مامۆستایانی قوتابخانە ناحكوومییەكان بكرێت و ڕاهێنان لەسەر شێوازی وانەوتنەوەی هاوچەرخ بكەن، بۆ ئەوەی ئاستی زانستیی قوتابخانە نەیەتە خوارەوە.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزارەتی پەروەردە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ڕاهێنانی مامۆستایانی لە ساڵی 2023 – 2030 ڕاگەیاندووە، بۆ ئەم پڕۆژەیە 600 مامۆستای ڕاهێنەر ئامادە كراوە كە هەفتانە یان دوو هەفتە جارێك سەردانی قوتابخانەكان دەكەن و لە ناو قوتابخانەكان ڕاهێنان بە سەرجەم مامۆستایان دەكەن لەسەر شێوازی میتۆدی نوێی وانەوتنەوە، كەواتە لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا مامۆستایان ئاشنان بە میتۆد و شێوازی وانەوتنەوەی نوێ و بەسەنتەربوونی قوتابیان دەبن، بۆیە ئەمەش جێبەجێكردنی ئەو قسەیەی مالكو ئیكس بەبیر دێنێتەوە كە دەڵێت: «سبەی بۆ ئەوانە دەبێت كە ئەمرۆ ئامادە دەكرێن»، لەم چوارچێوەیەدا دەكرێت بڵێین: وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕێگە دروستەكە دەستی بە بونیادنانی ئایندەیەكی گەش كردووە.
لە دوماهیدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە چەند ڕۆژی ڕابردوو كتێبی سیانزەمینم لەسەر سیستمی پەروەردە بە ناونیشانی» بووژانەوەی پەروەردە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان» چاپ كرا، كە 31 وتاری پەروەردەیی لەسەر ڕاهێنان و شێوازی تازەی وانەوتنەوە و دەسكەوتەكانی بواری پەروەردەی لەخۆی گرتووە.
