سەرسووڕان نیشانەیە یان نەخۆشی ؟
سەرسووڕان Dizziness حاڵەتێكی باوە، نیشانەیە نەك نەخۆشی. باوترین هۆكارەكانی سەرسووڕان: هەوكردنی گوێی ناوەوە Labyrinthitis كە كاریگەریی دەكاتە سەر توانای بیستن و بالانسی لەش، شەقەسەر، سترێس، پەستی، ئازاری زۆر توند، وەستان بۆ ماوەیەكی زۆر، كەمخوێنی، كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن تا كەمتر لە 70ملگم/دێسیلیتر، هەروەها دابەزینی لەناكاوی پەستانی خوێن بۆنموونە لەكاتی خێرا دانیشتن یان خێرا هەڵسانەوەدا. كەی پێوست بە سەردانی دكتۆر دەكات؟ ئەگەر سەرسووڕان هاوكات بێت لەگەڵ چەند نیشانەیەك یان چەند حاڵەتێكدا ئەوا پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات، بۆنموونە: نیگەران بوون سەبارەت بە سەرسووڕان، بەردەوامبوونی سەرسووڕان بۆ ماوەیەكی زۆر یان زوو دووبارەبوونەوەی نۆرەی سەرسووڕان، بوونی گرفت لە بیستن یان قسەكردندا، هەستكردن بە زرنگانەوە Tinnitus لە گوێیەكاندا، ڵێڵبوونی بینین یان گۆڕانی تر لە بینیندا، هەستكردن بە بێهێزی یان سڕبوون لە قۆڵ یان قاچەكاندا، سەرئێشە، لەهۆشچوون، هەروەها لەكاتی هەستكردن بە گۆڕان لە لێدانەكانی دڵدا.
