ئاستی فێربوون و زانست زۆر له پێویست نزمتره هۆكار و چارەسەر
(*)
پەروەردەیەکی تەندروست لە دایەنگەوە هەتا بەرزترین پلەکانی زانستی و پیشەیی، لەم ساتە هەستیارەدا کە هەرێم و ناوەکەی پێدا دەگوزەرێت، کۆڵەکە هەرە گرنگەکەی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکە کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن بە سەربەرزی لەسەر خاکەکەی خۆیان ژیان بەسەر بەرن و بەخشندە بن بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتوویان و نیشتمان، ئەوەش ئاشکرایە کە هەر کۆمەڵگەیەک دەستی لە پەروەردە بەرەڵڵا کرد، کۆڵەکەی کۆمەڵگەکە دەترازێت و کۆمەڵگەکەش بۆ خۆیان و جیهان دەبێتە بەڵا.
لێرەدا ئاماژە بە چەند زەنگێکی مەترسیدار دەکەم کە ئەگەر لە کاتی شیاودا فریای ڕاستکردنەوەیان بکەوین، دواڕۆژمان ڕووناک دەبێت؛
1- ئاست و دروستیی خوێندن و خوێندنی باڵا بەوە ئەژمار دەکرێت کە ڕێژەی چەند لەو دەرچوووانەی کە بە سەرکەوتووانە خوێندن و ڕاهێنانیان لە بوارە جیاجیاکاندا تەواو دەکەن، بە پراکتیکی دەچنە هێزی کارەوە لەو ئەزموونەدا کە لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەستیان هێناوە. زانیاری لەسەر ئەم پێناسە ڕنگە لەلای لایەنە پەیوەندیدارەکانیشەوە هەر نییە.
وەک لەم ژمارانەدا دەردەکەوێت، کۆی ٣٩٤،٧١٨ خوێندکار سەرکەوتووانە خوێندنیان لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ تەواو کردووە، ئەم ژمارەیەش تەنیا دەرچوووانی زانکۆ گشتییەکان نیشان دەدات و هیچ زانیارییەک لەسەر دەرچوووانی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێم بەردەست نەبوو، هەتا نیشان بدرێت، هەرچەندە ئەم ژمارانەش دەگەڕێنەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، واتە گۆڕانێکی وا ڕیشەیی ڕووی نەداوە، جگە لە زیاتر هەڵاوسانی ژمارەکان کە بڵێین ئەوە دوێنێ بوو و ئەمڕۆ جیاوازە. هەرچەندە هیچ زانیارییەکیش تەنانەت لە لای وەزارەتی خوێندنی باڵاش بەردەست نەبوو، لە ژمارە و ڕێژەی ئەو دەرچوووانەی کە بەپێی ئەزموونەکەیان لەکاردان، ئاشکرایە کە بەشێکی زۆری دەرچوووانی زانکۆکانمان بە بێ‌کاری ماونەتەوە و ساڵ بە ساڵ هەر وەک لیستی دەرچوووان هەڵاوسانی تێدایە، بە هەمان شێواز لیستی بێکارەکان زیاد دەبێت، ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ ڕوودانی مانگرتنی تاک و کۆمەڵ و تەنانەت هەڵگیرسانی ئاژاوە و شەڕ و کۆمەڵگە بەرەو هەرەسهێنان دەبات. دیاردەکانی لەم بابەتەش بە دیاردەی گەڕەلاوژێ واتە (Chaos) ناسراوە و توێژینەوەی زۆر لە بارەیەوە ئەنجام دراوە.
2- سه‌رباری ئه‌م ژماره زه‌به‌لاحه‌ی دەرچوووانی زانکۆکان ئاستەکەیان لە جیهاندا، به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له ڕووپێوێكی خێزانی (لە سه‌رانسه‌ری عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه) كه به هاوكاریی بانكی جیهانی له ساڵی ٢٠١٢ ئه‌نجام درا، كه نزیكه‌ی ٦٠٠٠ به‌شدار له هه‌ر پارێزگایه‌ك زانیاریی وردیان لەسه‌ر كۆكرایه‌وه، ده‌ركه‌وت كه تەنیا له ١٩%ی یاساناسان و به‌رپرسه باڵاكان و به‌ڕێوه‌به‌ران هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی زانكۆ و به‌رزتر بوون. په‌نجا له سه‌دی هه‌مان پیشه‌گه‌ران تەنیا هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی، یان دیبلۆم بوون. وردەکاریی زیاتر له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا نیشان دراون:
هەرچەندە ئەم ئەنجامانە بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێنەوە، بەڵام ناوەرۆکەکەیان سوودبەخشە و پێشبینی ناکرێت کە شۆڕشێکی گۆڕانکاری و چاکسازی لە ناوەندەکەدا ڕووی دابێت، کە ژمارەکان لە ئێستەدا زۆر جیاواز بن. ئه‌م ژمارانەش ئەوە دەبەخشن کە یان خاوه‌ن بڕوانامه‌كان ئه‌و زانیارییانه‌یان به‌ده‌ست نه‌هێناوه له خوێندنه‌كه‌یاندا كه شایسته‌ی دامەزراندن بن و بڕوانامەکانیان لە پارچەیەک کاغەز زیاتر نییە، یان نه‌بوون و پەیڕهونهكردنی سیستمێكی كارا بۆ دامه‌زراندن هۆكار بووە، کە هه‌ركامێكیان بێت، جێگای دڵخۆشی نییه.
3- ئەگەر لە گوگڵ بگەڕێین بەدوای (اسئلة وزارة المعارف العراقية) یەکێک لە و پرسیارانە دەبینین کە نه‌وه‌د و نۆ (٩٩) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی ئه‌نجام دراوه. بە چاوپێداخشانی پرسیارەکان گومان دەکرێت، ئەگەر دەرچووانی زانکۆکانمان بتوانن بە سەرکەوتووانە وەڵامی پرسیارەکەن بدەنەوە، ئەوەش ئاستی دابه‌زینی زانستی له خوێندنگاكانماندا بە ڕوونی دەردەخات له‌گه‌ڵ گشت ئه‌و پێشكه‌وتنه زانستییانه‌ی كه له جیهاندا به ده‌ست هاتوون و دەردەکەوێت کە قه‌باره‌ی كاره‌ساته‌كه چه‌ند مه‌ترسیداره.
4- ڕێژەیەکی بەرچاوی ئەنجامەکانی بەکەلۆریا کۆ نمرەی ٩٠٪ و زیاتر بە دەست دەهێنن و بەشەکانی پزیشکی و چەند تایبەتمەندییەکی ئەندازیاریی لە ٩٥٪ بەرەو خوار دادەخرێن و بەگشتی زانکۆکان لە ٧٠٪ کەمتر وەرناگرن. ئەمەش بە بەراورد بە هاوتای جیهانی، دەبووا ئاستی زانستی و توێژینەوە و داهێنان و به‌روبوومی زانستی له هه‌رێم، هیچى كه‌متر نه‌بووایه له‌وه‌ی كه له وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانەوە پێشكه‌ش به مرۆڤایه‌تی ده‌كرێت. جێگای داخه كه ئه‌مه‌ش وا نییه و ئاستی فێربوون و زانستی لە هەرێم و لە عێراق زۆر له ئاستی پێویست نزمتره.
هه‌تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر پاساوی جۆراوجۆر ده‌هێنرایه‌وه بۆ داپۆشینی كه‌موكووڕییه‌كانی سیستمی خوێندن له گشت ئاسته‌كاندا كه له ناویاندا بارودۆخی ڕامیاری و ناوچه‌كه و ڕ‌ژێمى سه‌ددام و دابڕانی نێوده‌وڵه‌تی و كۆمه‌ڵێك پاساوی دیكه‌ی له‌خۆ ده‌گرت. بێگومان ئه‌م هۆكارانه پێش ڕووخانی سه‌ددام و ئه‌و میراته‌ی دوای خۆی به‌جێی هێشت، ڕۆڵی خۆیان هه‌بووه له هێواش كردنه‌وه‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی زانستی لە هەرێم و عێراق، کە ڕیزبه‌ندیی زانكۆكانی عێراق له نێوان ٨٠١ تا ١٠٥١دا دەبینرێن. بێگومان زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه و هه‌ر به هه‌مان پێوه‌ر هیچكام له زانكۆكانی هه‌رێمیش باشترین زانكۆ نییه له‌سه‌ر ئاستی عێراق.
هـــــــۆكـــــارهكــــــان
لە هۆکارە گرنگەکان کە هاوتەریبی کۆڵــــــــەکەکانی نــــیشتــمانسازین:
1. نه‌بوونی سیستمێكی گشتگیر بۆ نرخی كار: یاسایه‌كی زانستییانه‌ی گشتگیر نییە، كه تێیدا نرخی كار (مانگانه‌ی گشت كارمه‌ندانی كه‌رته‌كانی تایبه‌ت و گشتی به پێی بڕوانامه و ئه‌زموون) ده‌ستنیشان كرابێت و پابه‌ندی به یاسا دابین بكرێت، کە ئەوە یه‌كێكه له یاسا كۆمەڵایهتییه هه‌ره گرنگه‌كان كه پشتگوێ خراوە و گرنگیی پێ نەدراوە، کە یەکێکە لەو کۆڵەکانە کە په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵگە و حكومه‌ت پێناسه ده‌كات و حكومه‌ت له به‌ینی ئاغا و باوك، یان خزمه‌تگوزار پێناسە دەکات. بۆ ڕوونكردنه‌وه، ئه‌گه‌ر مانگانه‌ی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دامەزراوێکی تازەی به‌كالۆریۆس له ٥٠٠ هه‌زار دینار کەمتر بێت، ناكرێت ڕێگا له مامۆستایه‌كی ناوندی بگیرێت كه دوای ده‌وامی قوتابخانه‌كه‌ی، شۆفێری، یان هەر کارێکی دیکە بكات بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی، یان پزیشكێك له‌گه‌ڵ ده‌رمان فرۆشه‌كاندا ڕێك بكه‌وێت كه ده‌رمانه‌كانیان بۆ ساخ بکاتەوە، به‌رانبه‌ر بەدەستهێنانی شیرینی. هه‌ردوو كاره‌كه به دڵنیاییه‌وه نه‌ك تەنیا نایاسایی و ناشایسته‌ن، یه‌كه‌میان كۆمه‌ڵگەیه‌كی بێ ئه‌زموون و ئاست نزمی زانستی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و ئه‌وی كه‌یان كۆمه‌ڵگە زه‌هراوی ده‌كات، بەڵام له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م سیستمه‌ی كه په‌یڕه‌و ده‌كرێت، هۆكاری په‌روه‌رده‌كردنی كۆمه‌ڵگەیه‌كی سست و گەندەڵ و بێبهرههمە كه تێیدا به‌هره‌داران بێ به‌رهه‌من و نه بۆ خۆیان و نه بۆ كۆمه‌ڵگەكه‌یان سوودمه‌ند ده‌بن. جێگای سه‌رسوڕمان نییه كه به‌شێكی دیار له‌و گهنجانەمان كه له‌و وڵاتانه‌دا جێگیر ده‌بن كه سیستمێکی تەندروست په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتوو ده‌بن و سوودبەخش دەبن بۆ خۆیان و ئەو كۆمهڵگەیەی کە تێیدا ژیان دەگوزەرێنن.
2. لاوازی یان نەبوونی سیستمێکی تۆکمە بۆ دامەزراندن به‌پێی شایسته‌یی: هه‌رچه‌نده یه‌كێك له ڕسته، یان قسه نه‌سته‌قه‌كانی نیشتمانسازی ده‌ڵێت: (كه‌سانی شایسته بۆ شوێنی شیاو و شایستە)، بەڵام ورده‌كاریی و مانای وشه‌ی شایسته باس نه‌كراوه و ئه‌وه‌ش له هه‌رێم و به‌گشتی له عێڕاقیش لە جێگای پەیڕەوی پێناسەی کار، به ڕادده‌ی متمانه‌پێكردن لێك ده‌درێته‌وه، نه‌ك توانای زانستی و ئه‌زموونی پیشه‌یی (ئاماژه بەو خشتەیهی سه‌ره‌وه). ڕادده‌ی متمانەپێكردنیش بۆ دامەزراندن زیاتر به نزیكیی خزمایه‌تی و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندی و پله‌ی ئه‌ندامیی له یه‌كێك له پارته سیاسییه‌كاندا بەدەست دێت، ئه‌مه‌ش بووەته یه‌كێك له هۆكاره‌كانی لاوازكردن و دابهشبۆۆنی كۆمه‌ڵگەی كوردستانی به سه‌ر چه‌ند كۆمه‌ڵێكی ململانێکەر له‌سه‌ر پێگه و ده‌سه‌ڵات و سامان و بێهێزكردنی حكومه‌ت و ده‌زگای چاودێری و به‌گشتی به‌ڕێوه‌بردن و گه‌یاندنی دواڕۆژی هه‌رێم بۆ كه‌نارێكی نادیار و نائارام.
3. لاوازیی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له به‌ینی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و پلاندانان: هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی كه له خاڵی دووه‌مدا ئاماژه‌ی پێ كرا، یه‌كێكه له هۆكاره گرنگه‌كان و ته‌واوكه‌ری ئه‌و بۆشاییه مێژووییه‌ی كه ده‌یان ساڵی پێش ڕووخانی سەددام و ڕژێمی به‌عسی ڕه‌وڕه‌وه‌ی زانستی و باڵه په‌یوه‌ندیداره‌كانی به‌جێهێشت، یاریده‌ی به‌رده‌وامبوونی سستی و كۆڵبوونى به‌رده‌وام كردووه و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی به‌ینی وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی زانست و فێركردن و پلاندانان بۆ به‌ره‌وپێشبردنیان له ئاستێكدا به‌رهه‌م نه‌هێناوه كه یاریده‌ده‌ری پێشكه‌وتن بێت. بەردهستكردنی بوودجه‌یه‌كی شایسته بۆ هه‌ر یه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده، وه‌ك دوو ده‌زگای بنه‌ڕه‌تی و ته‌واوكه‌ری یه‌كتری. ئەم دوو وەزارەتە گرنگە لە تەمەنی حوکمڕانیی کوردییەوە، ململانێ بە زەقی لە بەینیاندا ڕەنگی داوەتەوە.
4. لاوازی و نه‌بوونی په‌یوه‌ندیی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و به‌رنامه‌كانیان به كه‌رته‌كانی گشتی وتایبهتهوه.
5. لاوازیی ئاستی زانستی و ئه‌زموونی فێركه‌ران له گشت ئاسته‌كاندا.
6. لاوازیی و نه‌بوونی كهرتەكانی تایبه‌ت كه پێویستیی به ئه‌زموونی ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان هەیە.
گه‌نجان كه ده‌بینن، هه‌وڵدانی هه‌ندێکیان له به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه له ئاستێكی به‌رزدا مانای ئه‌وه نابێت، كه دواڕۆژێكی باش و كارێكی گونجاو به ده‌ست بهێنن، كه له‌گه‌ڵ ئه‌زموون و بڕوانامه‌یاندا بگونجێت، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كی باش نه‌بێت، كه یارمه‌تی بدات ئه‌و پۆسته به ده‌ست بهێنێت، هەروەها كه ده‌زانێت كه‌سانی نه‌شیاو لەو پۆستانه‌دا دادهمازرێن، بە دڵێکی ساردەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن و گرنگیی پێویست بە خوێندن نادەن.
لەم ماوەی ڕابردوودا جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕەنجدا ئاماژەی بەوە کرد کە چارەسەرەکان هەمە لایەنن، تەنیا بە وەزارەتەکەیان ناکرێت. زۆر ڕاستی فەرموو! هەر وەک زۆربەی کێشەکان کە کۆمەڵگەکەمان پێوەی دەناڵێنێت، کێشەیەکی فرە ڕەهەندە و پەرلەمان و حکومەت و کەرتەکانی تایبەت و کۆمەڵگە بەگشتی دەبێت بەشدار و هاوکار بن لە چارەسەری ئەم کێشە ڕووخێنەرە.
ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان:
١- پەرلەمانی کوردستان:
هەر وەک ڕۆڵی ئەم دەزگا گرنگەی هەرێم یاسادانان و چاودێریی پەیڕەوکردنیانە، چەند یاسایەک پێویستن کە، یان بوونیان نییە وەک یاسای نرخی کار کە وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ‌کرد و یاسای پاراستنی داتا و زانیارییەکان کە بیری لێ نەکراوەتەوە، یان لە دروستبوونی عێراقەوە داڕێژراون، بەڵام پەیڕەو ناکرێن و لۆبیی پێویستیان بۆ نەکراوە کە کۆمەڵگە هەست بە بوونیان بکات و لە کاتی پێویستدا بەگەڕ بخرێن، وەک یاسای خاوەنداریەتی و داهێنان.
ئەو یاسایانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پەروەردە و خوێندنی باڵاوە هەبێت، جومگە هەرە سەرەکییەکەی دڵنیایی جۆرییە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دڵنیایی جۆریی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و دەبێت کارەکانی ئەم دەزگایانە سەربەخۆ بن و دوور بن لە دەست و پەنجەی دەزگا حکوومییەکان و حزبەکان و تەنیا کەسانی سەربەخۆ و خاوەن بڕوانامەی باڵا و بەئەزموون لەو تایبەتمەندییانەدا بەرپرسیارەتییان هەبێت.
پێویستە بوودجەی تایبەت بۆ تازەکاری و گەشەپێدان لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان بکرێت، کە داهێنان و توێژینەوەی تایبەت بە چارەسەری کێشەکانى تەندروستى و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبێت و ببن بە یەکێک لە بنەماکانی پێشبڕکێی زانکۆ و دەزگاکانی توێژینەوە و چاودێریی بەردەوام بۆ ئەنجامدانی بکرێت.
٢- حکومەتی هەرێمی کوردستان:
١- پێویستە کاری خێرا بکرێت لە بەگەڕخستنی پەیوەندیەکی کارا لە نێوان شارەزایان و پسپۆڕان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە لە دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن و بە پێی تایبەنمەندیی خۆیان و پێداویستییە زانستی و تەکنیکییەکانی ئەو دەزگایەی کاری تێدا دەکەن، لەگەڵ هاوتایبەتمەندانی زانکۆکانی هەرێم بە گشتی و تایبەتەوە و تەنانەت زانکۆ ناودارەکانی دەرەوەی هەرێمیش.
٢- ئەو یاسایەی کە خاوەن بڕوانامەکانى دکتۆرا و ماستەرکان لە دەزگاکانی دەرەوەی خوێندنی باڵا کار دەکەن، بە هاوتەریب لەگەڵ کارمەندانی خوێندنی باڵا مامەڵە بکرێن کە چەند ساڵێکە پەرلەمان پەسەندی کردووە، بەڵام بە پاساوی جیا جیا پشتگوێ خراوە و کاری پێ ناکرێت، پێویستە زیندوو بکرێتەوە و بخرێتەگەڕ.
٣- لە هەر یەکێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆبەیەکی هاوبەشی توێژینەوە دابمەزرێت لە کارمەندانى خاوەن بڕوانامەی بەرز و بەئەزموون و نوێنەری زانکۆکان بەپێى پسپۆڕیی گونجاو بۆ وەزارەتەکە و تەنانەت خاوەن بڕوانامەی باڵا لە وڵاتانی دەرەوی هەرێمیش ڕێگای هاوکارییان پێ بدرێت بۆ توێژینەوەی پەیوەست بە شوێنی کاریانەوە.
ئەم هەنگاوانەی سەرەوە جگە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی پێویست بۆ پێشخستن و بەرەوپێش بردنی کاری هەر یەکێک لە وەزارەتەکان، ڕێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بنیادنانی پەیوەندیەکی کارا لە بەینی زانکۆکان و وەزارەتەکان و کارئاسان دەبێت بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆکان.
٤- پێویستە لە هەر یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێم، تاقیگەیەکی گشتی دابمەزرێت کە گشت توێژەرانی زانکۆ و دەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بتوانن بەکاری بهێنن لە توێژینەوەکانیاندا و پلانی تۆکمەی بۆ دابنرێت بۆ بەڕێوەبردنی. دەکرێت ئەو ئامێرانەی لە شوێنە جیاوازەکاندا پارێزراون و بەکارهێنانیان لە ئاستی پێویستدا نییە، لەو شوێنەی لێی دانراون، بگوێزرێنەوە بۆ ئەو تاقیگەیە هەتا سوودی زیاتر بگەیەنن، پێش بەسەرچوونی تەمەنیان.
٣- وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:
ئەم دوو وەزارەتە یەکەم هێلانەی نیشتمانسازین و بە شێوازێکی وا تەواوکەری یەکترین، ئەگەر بە ناچاری دوو جەستەیان هەبێت، دەبێت یەک دڵیان هەبێت و سیاسەت هەر یەکەیان بەلایەکدا نەبات. داڕشتن و پەیڕەوکردنی بەرنامەی خوێندنی سەردەمییانە کە بە شێوازێک بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی کۆمەڵگەدا بگونجێت و هاوتەریب بێت لە گەڵ ئاستی زانستیی جیهاندا. هەر چەندە لە دۆخێکی ئاسایی‌دا دەبوو ئەم دوو وەزارەتە یەک وەزارەت بن، پێدەچێت کە لەژێر پاساوی بەشبەشێنەدا کرابن بە دووان، بەڵام ئەگەر پێکەوە لەسەر کارە گرنگەکان هاوسۆز و هاوکار بوونایە، قەبارەی ئەو کێشە گەورانەی کە لەسەر شانیانە، دووانییەکە کاریگەرتر دەبوو. دەکرا و دەکرێت:
١- کۆمیتەیەکی هاوبەش کە ئەندامەکانی بە درێژخایەنی دابمەزرێن و کەسانى پسپۆڕ و خاوەن ئەزموونی سەلمێنراو بن و دوور لە سیاسەت و حزبایەتی و بەرپرسیار بکرێن لە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەو داڕشتنی بەرنامەکانی خوێندن لە سەرەتاییەوە بۆ زانکۆ کە خواست و پێداویستیی ئەمڕۆ و دواڕۆژی کۆمەڵگە لەخۆ بگرێت و هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکاندا.
٢ـ هەڵسەنگاندنی بەردەوام و ڕاستەقینە بۆ کارمەندان و وانەبێژان بکرێت، بە سیستمێکی هاوچەرخانە و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمان بکرێت بە بێ جیاوازی.
٣- پابەندیی تەواو بە بەرنامەکانی خوێندن بکرێت، بەبێ هیچ پاساوێک ڕێگای دابڕان نەدرێت و مەرج بێت بۆ وەرگرتنی بڕوانامە بەگشتی.
٤- بە یاسا هۆبەی بەهرەداران لە گشت قوتابخانە و زانکۆکان‌دا دابمەزرێت بۆ پشتگیری و هاوکاریی بەهرەداران و بیرۆکە نوێکان کە لە ئەنجامی توێژینەوەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن و دەزگای کارا و بەئەزموون هەبێت بۆ پشتگیری و ڕێنمایی بەهرەداران بۆ بنیادنانی کۆمپانیای شایستە بۆ بەرهەمهێنان و بە بازاڕ گەیاندندنی بەرهەمەکانیان.
٥- هاندان و کار کردن لەگەڵ گشت قوتابخانە و زانکۆکان کە بەڵگەنامەی دڵنیایی جۆری بەدەست بهێنن لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە لەسەر ئاستی جیهانی باوەڕپێکراو بێت و دوور بێت لە مۆری حزبی و سیاسەت، ئەمەش بکرێت بە مەرج بۆ وەرگرتنی خوێندکار.
٦- یاسایەکی زانستیانە و گشتگیر دابڕێژرێت و پەیڕەو بکرێت بۆ دامەزراندنی پلە باڵاکانی زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکان و هەر لایەنەی لە سنووری خۆیدا کاری خۆی بەڕێ بکات لەگەڵ سیستمێکی چاودێریی تۆکمە بۆ ڕاگرتنی سنووربەزاندن لە هەر ئاستێک‌دا بێت.
٧- یاسایەکی گشتگیر و سەردەمیانە پەسەند بکرێت کە نزمتر نەبێت لەو پەیڕەوانەی کە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان دەکرێن بۆ هەڵسەنگاندن و پلەبەندیی گشت کارمەندانی زانکۆ و پەیمانگە گشتی و تایبەتەکانی هەرێم بە کارمەند و خوێندکار و وانەبێژان و توێژەران بە بێ جیاوازی.
4- زانکۆکان بە گشتی و تایبەتەوە:
دەرئەنجامی دەرچووانی بەکەلۆریا وای دەسەلمێنێت کە دەزگاکانی پەروەردە بە شێوازی حوجرەکانی جاران ڕادەهێنرێن بۆ لەبەرکردن و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان، کە پێشبینی کراون هیچ پرسیارێک نییە کە ئاستی بیرکردنەوە و تازەکاریی هەڵبسەنگێنێت، هەر لەبەر ئەوەش بە ئاسانی کۆنمرەی ١٠٠٪ بەدەست دێت. ئەو سیستمی هەڵسەنگاندنە بۆ ئەمڕۆ بەسەر چووە. پێویستە خوێندکار بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکەی پەیوەند بێت بە ئاستی توانستی تازەکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگەژەی زانستی و کۆمەڵایەتی، بە پێی بوارەکەی. بە واتایەکی دیکە گرنگیدان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کە زۆر بە دەگمەن لە بەرنامەکانی پەروەردە و زانکۆ و پەیمانگەکاندا دەبینرێت. بەرنامەکانیان پێویستە لەو ڕوانگەیەوە سەر لە نوێ دابڕێژرێنەوە و مامۆستا و پسپۆڕی تایبەت بخرێنە گەڕ بۆ کاراکردنی لە گشت بوارەکاندا.
هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، زانکۆکان تەواوکەری پەروەردەن و لە بنەڕەتدا بەستراون بەو خوێندکارانەوە کە وەزارەتی پەروەردە ڕایاندەهێنێت و ئامادەیان دەکات بۆ خوێندنی زانست و پیشەیی، ئەمەش هۆیەکی بنەڕەتییە کە بەرنامەی زانکۆکان ئاراستەی پێداویستییە سەردەمییە جیهانییەکان و خۆماڵی لەخۆ بگرێت و بە شێوازێکی داینامیکییانە لە تازەکاریدا بێت، کە ئەوەش بەستراوە بە بوونی شارەزایان و کەسانى بەئەزموون لە هەر دوو بوارە زانستی و پیشەییەکاندا. واتە شارەزا و بەئەزموون بە گشتگیری لەسەر پێوەرە جیهانییەکان دەستنیشان بکرێن و ئەو پێوەرانەش لە وەزارەتەوە دەستنیشان کرابن و بە یاسا چەسپێندرا بن و پەیڕەو بکرێن.
5 - خوێندکاران:
پێویستە خوێندکار بە ڕۆحێکی ڕاستەقینەوە سەیرى ئەو چەند ساڵەی تەمەنی بکات کە لە زانکۆ بەسەری دەبات و هەر بۆ بەدەستهێنانی پارچە کاغەزێکی بێسوود نەبێت. هەر لەو ڕوانگەیەوە لە ئاستی هەستکردن بە مەسئولییەت هاوکار و چاو‌دێر بن لە پەیڕەوکردن و تەواوکردنی بەرنامە داڕێژراوەکان کە بۆ ساڵەکە بڕیاریان لێدراوە، نەک تەنیا لە کۆتایی ساڵدا هەڵسەنگاندن بۆ خوێندنەکەیان بکەن، بەڵکو لە ساتی بەرنامەکەشدا چاوپۆشی لە کەمتەرخەمی نەکرێت، ئەگەر لە هەر لایەنێکەوە بێت و بێدەنگ نەبن.
6 -کۆمەڵگە:
ئەوەی ئاشکرایە کە زۆربەی زۆری خيزانەکانی کۆمەڵگە هیوای گەورەیان ئەوەیە کە نەوەکانیان ئەگەر نەبن بە دکتۆر، ببن بە ئەندازیار، بە بێ ڕەچاوکردنی بەهرەمەندیی نەوەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێکی دیاریکراو لە داهاتەکانیان تەرخان دەکەن بۆ دابینکردنی ڕاهێنانی تایبەت کە خوێندکاران فێر بکرێن لە تاقیکردنەوەکاندا وەڵامی پرسیارە چاوەڕوانکراوەکان بدەنەوە و هەر بەو هۆیەوە کە پرسیاری چاوەڕواننەکراو لە کۆی پرسیاری تاقیکردنەوەکاندا نییە، لە دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا کۆنمرەی زۆربەی خوێندکاران لە سەرووى نەوەد لەسەدا دەبینرێت، ئەمەش چەواشەکاری نەک تەنیا لە سیستمی خوێندندا دروست دەکات، بەڵکو کار دەکاتە سەر خودی خوێندکارەکە و داهاتووی خوێندنەکەی، لە کاتێکدا ئاشکرایە کە پیشەگەرێکی پسپۆڕ و سەرکەوتوو هەمیشە لە کۆمەڵگەدا ڕێزی بەرزترە و ئاسوودەترە لە پئشەگەرێک کە لە پیشەکەیدا سەرکەوتوو نەبێت، هەرکام پیشەیەکی هەبێت.
(*)

د. جەمال ڕەسووڵ محەمەد ئەمین