ئایا دەست لەرزین نیشانەیە یان نەخۆشی؟
دەست لەرزین Hand tremors لەوانەیە كە نیشانەیەك بێت بۆ نەخۆشیی پاركینسۆن، یان نەخۆشیی MS كە گرفتێكی درێژخایەنی كۆئەندامی دەمارە، هەروەها لەوانەیە كە پاش جەڵتەی مێشك یان زەبر بۆ ناوچەی سەر ڕوو بدات، گەلێك جاریش هۆكاری دەست لەرزین نازانرێت. دەست لەرزین لەوانەیە كە لە كاتی حەسانەوە یان تەنیا لەكاتی جووڵەی وەكو گرتنی كوپی چای یا پەرداخی ئاودا ڕوو بدات. هۆكارەكانی دیكەی دەست لەرزین: كەمیی ڤیتامینەكانی B1، B2، B12، زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكان، زیادبوونی چالاكیی گلاندی دەرەقی، سترێس، ماندووبوونی توند، كەم خەوی، زیانی لاوەكی بەكارهێنانی چەند دەرمانێكی وەكو دەرمانی دژەخەمۆكی، نەخۆشیی مێشكۆك Cerebellum، هەروەها خواردنەوە ئەلكهولییەكان. چارەسەركردنی دەستلەرین بریتییە لە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكان، هەروەها بەكارهێنانی دەرمانی دژەپاركیسنیۆن یان چاندنی ئەلیكترۆد لە ناو شانەكانی مێشكدا لە حاڵەتەكانی نەخۆشیی پاركینسۆندا.
