پ.د. نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: پرسی خزمەتگوزاریی تەندروستی تەنیا وەزارەتێك لێی بەرپرس نییە
پ.د. نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گڵۆبە كە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت، لەهەمان كاتدا مامۆستایە لە كۆلێژی ڕاگەیاندنی زانكۆی سلێمانی. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفنوگۆ «خزمەتگوزاری تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا»، بەم جۆرە دید و تێڕوانی خۆی خستە ڕوو:
خزمەتگوزاریی تەندروستی باسێكی فرەڕەهەندە و لە یەك قۆناغدا ناتوانرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، بەڵكو پێش نەخۆشكەوتنی كەسەكە دەست پێدەكات، تا دوای نەخۆشكەوتن و وەرگرتنی چارەسەر و چاودێریی دوای چاكبوونەوەش، بۆ ئەوەی كەسەكە تووش نەبێتەوە و بە تەندروستی بمێنێتەوە. واتە پەیوەستە بە تەندروستیی ئەو كۆمەڵگەیەی تیایدا دەژی، كە چەندە ژینگەكەی تەندروستە لە سیستمی خۆراكی، دابینكردنی سەرچاوەكانی پێویستیی ژیانی، سیستمی پەروەردە تا كەلتوور و باوەڕی كۆمەڵگەش لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەوە بگرە، تا شێوازی بەكارهێنانی دەرمان و چارەسەر. هەموو ئەمانە لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازن. بە نموونە كاتێك ژینگەی كۆمەڵگەیەك لە ڕووی ئاو و هەوا، بەرهەمهێنانی خۆراك و دروستكردنی ئارامیی دەروونیی تاكەكاندا تەندروست نییە، خەڵكانێكی زۆر نەخۆش دەكەون، ئەمانەش پێویستیان بە چارەسەرە، واتە فشار و ئەركی زۆرتر دەكەوێتە سەر نەخۆشخانەكان و كەرتی تەندروستی. لەلایەكی دیكەوە هۆشیاریی تاك ڕەگەزێكی گرنگی تووشبوون، یان تووش نەبوون بە زۆرێك لە نەخۆشییەكانە، كە چۆن كەسەكە خۆی بپارێزێت و نەخۆش نەكەوێت، چۆن و كەی سەردانی پزیشك بكات و چۆن چارەسەر بەكار بهێنێت. لە كاتێكدا ئەمانە دەبێت ڕاگەیاندن و پەروەردە و دەزگا ئایینییەكان و خێزان و كەلتووری كۆمەڵگە بەشدار بن لەو هۆشیاركردنەوەیەدا، تاكو هاوكار بن و ئەركی كەرتی تەندروستی ئاسان بكەن.
سیستمی خوێندن و پەروەردە دەبێت ڕۆڵی گرنگ ببینێت لەو بوارەدا، چونكە خوێندن و پەروەردە سەرچاوەی دروستكردنی ناسنامەی تاكە كە چۆن ڕەفتار بكات، چۆن خواردن بخوات، سیستمی خۆراكی تەندروست كامەیە و چۆن وەرزش بكات، چۆن خۆی بپارێزێت لە تووشبوون بە نەخۆشی.
ڕاگەیاندن ئامرازی هەرە كاریگەری دروستكردنی ناسنامەی تاكە، بەتایبەتی لەمڕۆدا كە میدیای نوێ لە بەردەست هەموو كەسێكە، بابەتی دیكەی وەك بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی و دراما و ڕێنمایی جۆراوجۆر لە بەرنامەكانی منداڵانەوە بگرە تا بۆ گەورەكان كە چۆن هۆشیاریی تەندروستییان هەبێت.
خێزان دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە پەروەردەی تەندروستی ڕاست بۆ منداڵان و دابینكردنی خۆراك و ژینگەی تەندروست بۆیان تاكو نەخۆش نەكەون. ئەمانە هەموو بەشدار دەبن لە خزمەتگوزاریی تەندروستی بە ئیزافەی ئەو ئەركەی كە حكومەت هەیەتی لە دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە. كەرتی تەندروستی «بە گشتی و تایبەتەوە» خۆی پشكی سەرەكیی هەیە لە هۆشیاركردنەوەی تەندروستیی تاك لە پێش نەخۆشكەوتن تاكاتی چارەسەر و تا دوای چاكبوونەوە و چاودێریكردنی. كەرتی تەندروستی دەبێت خۆی ڕاگەیاندنی هەبێت كە ڕێنمایی و هۆشیارییە تەندروستییەكان بدات بە هاووڵاتیان، دەبێت هەماهەنگ بێت و پرۆژەی هاوبەشی هەبێت لەگەڵ ئەو سێكتەرانەی دیكەی وەك پەروەردە و ڕاگەیاندن لە هۆشیاریی تەندروستیدا. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا لەبەر ئەوەی ژینگەیەكی پۆپۆلیزمی ڕاگەیاندنمان هەیە، بەدوای كەموكورتیی بچووكی تەندروستیدا دەگەڕێن و وەك هەڵەیەكی دكتۆرێك یان كەمیی خزمەتگوزارییەك لە نەخۆشخانەیەكدا، و دەیكەنە هەڵا و موزایەدەی سیاسیی خۆیان. واتە كەرتی تەندروستی بووەتە قوربانیی ئەو ئیریهابە فیكرییەی ڕاگەیاندنی چەواشە كە لەم هەرێمەدا هەیە. پرۆسەكە كە پرۆسەیەكی گشتگیری فرەڕەهەندە خزمەتگوزاریی تەندروستی، بچووكیان كردووەتەوە لە كەموكووڕییەكی بچووك و گەورەی دەكەن لەبری ئەوەی ڕۆڵ ببینن وەك ڕاگەیاندنێك لە هۆشیاركردنەوەی تەندروستیی تاك و پاراستنی لە تووشبوون و فەراهەمكردنی كۆمەڵگەیەكی تەندروست بۆ هەمووان. سەرباری ئەوەش ساڵانێكی زۆرە هەرێمی كوردستان قەیرانێكی قورسی یەك لەدوای یەكی ئابووری لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە بەسەردا سەپێندراوە، كە هەموو ئەمانە نەك هۆكارن بە تەنیا بۆ كەمبوونەوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نەخۆشخانەكاندا، بەڵكو نەخۆشخستنی كۆمەڵگە و هەژاربوونی خێزان و هاوڵاتییانە كە سەرچاوەی تووشبوونن بە نەخۆشی. بۆیە دەبێ هۆشیاریی تەندروستی ببێتە ئەركێك لەم هەرێمەدا كە پابەندی كۆمەڵێك سیستمی دیكەی وەك پەروەردە و كۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەرتی كشتوكاڵی و بەرهەمهێنانی خۆراك بكات، كە هاوكار بن لەگەڵ كەرتی تەندروستیدا تاكو كۆمەڵگەیەكی تەندروست بەرهەم بهێنین.
