زانكۆی جیهان چاپێكی نوێی دیوانی (تەمەن)ی ئەحمەد محەمەد بڵاوكردەوە
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 21/9/2024 زانكۆی جیهان لە شاری هەولێر كۆڕی خوێندنەوەو بڵاوكردنەوەی چاپی نوێی دیوانی (تەمەن)ی شاعیری دیاری كورد ئەحمەد محەمەد ساز كرد.
بە ئامادەبوونی دكتۆر (نەوزاد یەحیا باجگر) سەرۆكی ئەنجومەنی زانكۆكانی جیهان,و ئەندازیار (بورهان سابیر) سەرۆكی دەزگای ڕۆشنبیری زانكۆكانی جیهان,وه شاعیر و هونەرمەندی شێوەكار (ئازا حەسیب قەرەداغی),هەروەها نووسەر و هونەرمەندی شێوەكار(حەمە هاشم) و موسیزیان و هونەرمەندی گۆرانیبێژ (كاوە كاوانی) و پۆلێك لە نووسەر و ئەدیبان و هونەرمەندان,كۆڕی شیعری بۆ شاعیری دیاری دیاری كورد (ئەحمەد محەمەد) بەڕێوەچوو,هەروەها هونەرمەند (شێرزاد شێخانی)بە ژەنینی موزیك لە كۆڕە شیعرییەكەدا بەشداربوو.
دوای باس و گفتوگۆكردن دەربارەی گرنگی و بایەخی ئەم دیوانە لە هونەری كوردیدا و خوێندنەوەی بەشێك لە شیعرەكان لە لایەن خودی شاعیرەوە, لە كۆتایی كۆڕەكەدا شاعیر ئەحمەد محەمەد دیوانی شیعریی (تەمەن)ی بە واژووی خۆی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
شایەنی باسە..لە ماوەكانی ڕابردوودا ئەم دیوانە شیعرییە لە زمانی كوردییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئیتاڵی و فەرەنسی و سویدی,هەروەها بڵاوكردنەوەی دیوانەكە بە زمانی بیانی پێشوازییەكی گەرمی لێكراو لە كوردستان و دەروە چەندین كۆڕی بۆ ڕێكخرا,ئەحمەد محەمەد یەكێكە لە شاعیرە دیارەكانی كورد و زیاتر لە 500 شیعری كراونەتە گۆرانی,دیارترین ئەو هونەرمەندانەی كە تێكستی ئەم شاعیرەیان خستووەتە نێو موزیكەوە پێكهاتوون لە هونەرمەندانی كۆچكردوو كەریم كابان-حەمە جەزا-سابیر كوردستانی,هەروەها هونەرمەندان ناسری ڕەزازی- كەماڵ محەمەد-عەدنان كەریم- میكائیل-مەریوان سەفائەدین-عەتا قەرەداغی- تارا رەسوول-هانی -ئەژدەر وەهبی-سامان عومەر و چەندین گۆرانیبێژی دیكە .
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
