پاپا فرانسیس: توندوتیژی خێزانی دژ بە ژنان هەڵسوکەوتێکی " خراپ و شەیتانییە"
پاپا فرانسیس، سەرکردەی کاسۆلیکی جیهان دەڵێت: ئەو پیاوانەی کە توندوتیژی دژی ژنان دەکەن کارێکی خراپ دەکەن و دوورن لە مرۆڤایەتی.
ئاژانسی ڕۆیتەرز، وتەکانی پاپای بە یەکێک لە توندترین ئیدانەکردنی ئەو توندوتیژیانە وەسـف کرد.
وتاری پاپا شەوی یەکشەممە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی ئیتاڵیدا پەخش کرا.
لە بەرنامەکەدا، کە لە " تی جەی 5 " پەخش کرا، پاپا قسەی لەگەڵ سێ ژن و پیاوێک کرد، کە هەموویان بارودۆخی قورسیان هەبوو.
پاپا لە وڵامی پرسیاری یەكێك لەو ژنانەی کە قوربانی توندوتیژی خێزانی بووە، دەڵێت: ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە ماڵەکانیان توندوتیژیان لە بەرامبەر كراوە، تەنانەت لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە زۆر زۆرە.
گوتیشی: بە بڕوای من ئەم جۆرە ڕەفتارانە شەیتانی و ڕیسوایی یە و دوورە لە مرۆڤایەتی، چونکە ئەمە دەستدرێژی کردنە بۆ سەر کەسێک کە ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و تەنیا دەتوانێت (هەوڵ بدات) بۆ ڕێگرتن لە لێدان .
گوڵان: سەردار خەلیل
