دیمانەیەك لەگەڵ یەڵماز گۆنای لەزیندان دا (1-2)
نووسەری سینەمایی(بورهان شاوی) دەگێڕێتەوە دەڵێت: لەساڵی 1987 كتێبێك بەناوی (یەڵماز گۆنای) لە نووسینی ڕۆژنامەنووسی ئازربێجانی (حوسینۆف ) لە دەزگای (ناوكا) لە مۆسكۆ بڵاو كرایەوە، بریتی بوو لەتەنیا دیمانەیەكی دوورودرێژ، لەگەڵ سینەماكاری بەناوبانگی كورد (یەڵماز گۆنای) لەو كاتەدا كە لەزیندان بووە،
ئا/حەیدەر عەبدولڕەحمان
ئەو كتێبە بڕوا پێكراوترین سەرچاوەیە كە دەربارەی یەڵماز گۆنای نووسرابێت، چونكە لە زاری هونەرمەند خۆیەوە وەرگیراوە.
بۆ دیكۆمینتكردنی بابەتەكە كە گرنگییەكی مێژوویی خۆی هەیە، ئێمەش بەشێك لەو دیمانەیە دەخەینە ڕوو:
* ناوی تەواوتان ؟
- یەڵماز حەمید، دایكیشم ناوی ( ئۆغلو بیتۆن ) ـە.
* كەی و لە كوێ لەدایكبوویت؟
- لە یەكی نیسانی ساڵی 1937 لە گوندی (ئینجە) بە دووری 27 كم لە شاری ئەدەنە لەدایكبووم.
* ئەی بۆچی هەندێك ساڵی لەدایكبوونتان بە 1931 لە قەڵەم دەدەن؟
- ئەوانە بە هەڵە داچوون .
- تكایە دەكرێت هەندێك دەربارەی منداڵیت و داهێنانەكانت قسەمان بۆ بكەیت؟
- دایك و باوكی من هەردوكییان كوردن، دایكم لە بنەماڵەیەكی خوا پێداو بووە، بەڵام لە كاتی جەنگی یەكەمی جیهانی و لەگەڵ هاتنی قەیسەرییەكان ڕایان كردووە، باوكم بە پێچەوانەی ئەو، لە بنەماڵەیەكی زۆر هەژار لە دایكبووە، لە هەڕەتی لاویدا لەگەڵ دایكم یەكتریان خۆش ویستووە، لە ترسی كۆمەڵگەو داب و نەریتە كۆنەكانی ئەو كاتە، كە خۆشەویستییان بەلاوە گوناهێكی گەورە بووە، ئەو ناوە بە جێ دیڵن و لەگەڵ دایكم پەیمانی ئەوە بەیەك دەدەن، كە لە شاری ئەدەنە بەیەك بگەنەوە، ئیدی لەسەر ئەو پەیمانە لەوێ یەكتر دەبیننەوە و باوكم دایكم دەخوازێت، بەڵام چونكە زۆر دەستكورت و نەدار بوون، دوچاری زەحمەتییەكی زۆر بوونەتەوە، بەڵام دوایی هەلومەرجەكە بەشێوەیەكی دیكە دەسوڕێ و، باوكم لە كۆمپانیای دەرەبەگێكی گەورە كاری دەست دەكەوێت و لەوی كار دەكات، ئیدی ژیانیان بەرەو باشی دەچێت، من ئەو كاتە تا تەمەنم گەیشتبووە حەوت ساڵی، باوكم ژنێكی دیكەی هێنا.
منداڵیم پڕ بوو لە بەختەوەری، بەڵام دوای ئەو قۆناغە ژیانم لێ بوو بەدۆزەخ، چونكە باوكم لە بەرچاوی ئێمەو بۆ خاتری ژنە تازەكەی، زۆر دڵ ڕەقانە لە دایكمی دەدا و ئازاری دەدا، زۆر جارانیش ئێمەی بەو ناسكییەی خۆمانەوە بەدەر دەنا.
هەر كاتێ باوكم من و لەیلای خوشكم (كە دوو سالان لە من بچووك تر بوو) بەدەر دەنا، دەچووین لەژێر دارتووەكەی بەر ماڵمان دەخەوتین، بەڵام جارێكییان كە باوكم من و دایكم و لەیلای خوشكمی بەدەرنا، ڕوومان لەماڵی ئامۆزایەكی دایكم كرد لەئەدەنە، قەت ئەوەم بیر ناچێتەوە كە دایكم بەدرێژایی ئەو ڕۆژە تا گەیشتینە ئەدەنە، بەزمانی كوردی گۆرانییەكی غەریبی دەگوت و ئێمەش كە لە زمانی دایكم حاڵی نەدەبووین، بەڵام هۆن هۆن فرمێسكمان لەگەڵیدا هەڵدەڕشت، ئەو كاتە من دركم بەوە كرد كە ئەشكەنجەو ئازارەكانمان وا بەئاسانی كۆتاییان نایەت، بۆیە بەدەست خۆم نەبوو هەموو كات ئاواتی مردنم بۆ خۆم دەخواست .
ئیدی بەناچاری لەو تەمەنە ساوایەی خۆمەوە دەستم بەكار كرد، بەتایبەت لە وەرزی میوە و لۆكە ڕنین لە كێلگەكاندا، تا دەگاتە كۆڵ هەڵگری، ئەو كاتە من هەم كارم دەكردو هەم دەمخوێند، هەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندییشم تەواو كرد، بەڵام هەموو كارێكیشم دەكرد، وەك تۆ فرۆشتن لە شەقامەكان و ڕۆژنامە پەخش كردن و بەقاڵی، دواتر ئامێرسازیی دەزگا سینەماییەكان، بەتایبەت كەلوپەلەكانی كۆمپانیای (ئەند فیلم) و (كەمال فیلم) ئەو ئامێرانەم گوند بەگوند دەگێڕا و فیلمی سینەماییم پیشانی خەڵكی دەدا، هەندێ جاریش دەوری كۆمبارسم لە هەندێ لە فیلمەكاندا دەبینی .
ئینجا یەڵماز بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی: دەتوانم بڵێم من بەو شێوەیە هاتمە دنیای سینەما .
* ئەی پاشان لە كوێ خوێندنت تەواو كرد؟
- ساڵی 1956 چوومە كۆلێژی ماف لە زانكۆی ئەنقەرە، بەڵام چونكە لەپاڵ خوێندندا هیچ كارێكم دەست نەكەوت، كە پێی بژیم، بۆیە بەناچاری دوای دوو مانگ زانكۆم بەجێ هێشت و ڕووم كردەوە ئەدەنە.
لەوێ لەكۆمپانیایەكی بەكرێگرتنی فیلم دەست بە كار بووم، لەساڵی 1957 چوومە ئەستەنبۆڵ و لە كۆمپانیای (دەزگای فیلم) دەستم بەكار كردن كرد، ساڵی 1958 یش چوومە كۆلێژی ئابووری لەزانكۆی ئەستەنبۆڵ، بەڵام پێش ئەوەی خوێندن تەواو كەم لە ساڵی 1961بۆ یەكەمجار دەستگیر كرام .
* ئەی چۆن گەڕایتەوە نێو نێوەندی هونەری ؟
- پیش هەموو شتێ دەمەوێ ئەوە بڵێم كە من خۆم بەقەرزداری دایك و باوكم دەزانم، دەڵێم باوكم، چونكە ئەگەرچی ئەو پیاوێكی دڵ ڕەق بوو، بەڵام منداڵەكانی خۆی خۆش دەویست، بەتایبەت من، بە بیرمە زۆر جاران لەگەڵ دایكم بەیەكەوە گۆرانیی خەماویی كوردییان دەچڕی و دەردی غەریبیی خۆیان هەڵدەڕشت، جاروبارێكیش لەگەڵ گۆرانییەكان ئامێری سازی لێ دەدا، هەندێ جاریش كە دراوسێ و خزمەكانمان باوكمیان بۆ ئاهەنگی خەتەنەكردنی منداڵەكانییان بانگ دەكرد، باوكم منیشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد، لەو كاتانەدا دڵم زۆر بەگۆرانییەكانی خۆش دەبوو.
دایكیشم زۆر جاران لە شەوانی دوور و درێژ و ساردوسڕی زستاناندا چیرۆكی خۆشی لە ئەفسانە و حیكایەتە خورافییەكان بۆ دەگێڕاینەوە، ئەو شەوانە ماڵمان پڕ دەبوو لەو دراوسێیانەی بۆگوێ گرتن لەچیرۆكە بەتامو چێژەكانی دایكم شەوان دەهاتنە ماڵمان، ئەو كاتانە ئاواتی ئەوەم دەخواست، هەر هەموویان بنووسمەوە، بەڵام ئەو دەسەڵاتەم نەبوو، بێجگە لەدایكم پیرەمێردێك بەناوی مام یەعقووب لە گوندەكەماندا هەبوو، دەنگی لە گۆرانیگوتندا زۆر خۆش بوو، زۆر بەجوانییش ئامێری سازی دەژەنی، جاروبار شیعریشی دەنووسی، زۆر بووبوو بەهاوڕێم و زۆر یەكترمان خۆش دەویست، ئەو فێری ئەوی كردم شیعر چۆن دەنووسرێ، بەڵام بۆ سینەما، من لەتەمەنی سیانزە ساڵییەوە هاتمە نێو دنیای سینەما، لەتەمەنی چواردە ساڵییەوە بوم بەئیش پێكەری ئامێری سینەماو پاشانیش ئەكتەری كۆمبارس، ئا بەم شێوەیە ژیانی من بەرەو ئاقارێكی دیكە ڕۆیشت .
سەرچاوە: موقع ایلاف، بقلم د. هشام الراوی، نیسان 2020
