مووسا خەمۆ ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   دەبوو پەكەكە هاوكاری هەرێمی كوردستان بووایە نەك ببێتە بارگرانی بەسەریەوە

مووسا خەمۆ  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     دەبوو پەكەكە هاوكاری هەرێمی كوردستان بووایە نەك ببێتە بارگرانی بەسەریەوە

 

 

كردەوەكانی دۆران كالكان

پێچەوانەی قسەكانیەتی

 

ئاشكرایە ڕەفتار و كردەوەكانی پەكەكە نەك هەر ناچنە خانەی خزمەتكردن بە بەرژەوەندییەكانی كوردەوە، بەڵكو كاریگەریی نەخوازراویان هەیە لەسەر كێشەی كورد بەگشتی و لەسەر هەلومەرجی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، هۆكاری ئەم هەڵوێست و كردەوانەی پەكەكە و چەندین پرسی دیكە پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ مووسا خەمۆ ئەندامی پێشووی پەكەكە.

 

* دوای ئەوەی چەكدارانی پەكەكە چەندین پێشمەرگەی كوردستانیان شەهید كرد، ئێستا دۆران كالكان باس لە نیشتمانپەروەری و كوردایەتی دەكات و، پاكانە بۆ تاوانەكانی سەرانی قەندیل دەكات، بە ڕای ئێوە كەسێكی وەك دۆران كالكان بۆچی بێ باكانە ئاگری شەڕی كورد- كورد خۆش دەكات؟

- ئەوەندەی من ئەو كەسایەتیەم ناسیبێت، ئەوا هەموو تەمەنی لە نێو شەڕدا بەسەر بردووە، ئەو ناتوانێت بێ شەڕ ژیانی خۆی بەسەر ببات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەگەر ئەم شەڕە بگۆڕێت بۆ شەڕی كورد دژ بە كورد، ئەمە مەترسییەكەیە، بەتایبەتی كە ئێستا هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت. خۆ ئەگەر ئێمە بێینە سەر باسی قسەكانی دۆران كالكان، ئەوا ناتوانین بزانین لە نێو دڵ و دەروونی ئەودا چی هەیە و نییەتی ڕاستەقینەی ئەو چییە، بەڵام ئەوەی لە كردەوە و هەڵسوكەوتەكانی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەو واقیع و پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی كوردستانی قبووڵ نەكردووە، لە كاتێكدا دەستووری عێراق پێگەی یاسایی بەم هەرێمە بەخشیوە و وڵاتانی دنیاش مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر دۆران كالكان ڕاشیبگەیەنێت كە هەرێمی كوردستانی قبووڵ كردووە، ئەوا كردەوەكانی پێچەوانەی قسەكانیەتی.

* دیسان سەرانی پەكەكەی قەندیل بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان و بێ دەسەڵاتییان لەوەی لە باكوور خەباتی چەكداری بكەن، باس لەوە دەكەن، ئەو شوێنانەی ئێستا چەكدارانی پەكەكەی لێیە، ناوچەی گەریلان و هێزی پێشمەرگە نابێت بچێتە ئەو شوێنانە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا دەكرێت پەكەكە بەشێكی هەرێمی كوردستان قۆرغ بكات لە پێشمەرگە؟ هەروەها ئایا ئەم بانگەشەیەی سەرانی پەكەكە هەر خۆی دەستڕاكێشانی هێزەكانی توركیا بۆ ناو هەرێمی كوردستان نییە؟

- ئێمە دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە هەرێمی كوردستان سەركردایەتی و دامەزراوەی حوكمڕانیی خۆی هەیە و، ناشێت و ناكرێت و كارێكی نالۆژیكە پەكەكە بێت و بانگەشەی ئەوە بكات كە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشانی ئەوە، هەروەها ئەوەش ناڕاستە كە ئەوان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەوان هەندێ ناوچەیان ڕزگار كردووە لە نێو ئەم هەرێمەدا. لەبەر ئەوە پێم وایە كاری لۆژیكی ئەوەیە پەكەكە بارودۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و ڕێگە بدات پێشمەرگە لەو ناوچانەدا جێگیر بێت و خۆیشی هاوكار بێت لەم ڕووەوە. من دووپاتی دەكەمەوە كە باشترە پەكەكە ئەوە قبووڵ بكات كە لە هەرێمی كوردستاندا سەركردایەتی و حوكمڕانی هەیە و ئەم هەرێمە سنووری خۆی هەیە. دواتر ئێمە ئەوە بەدی دەكەین كە خەباتی پەكەكە لە توركیا زۆر لاواز بووە و هەموو شەڕەكەیان هێناوەتە كوردستان، بەوەش دەبینین خەڵكی كوردستان لەم شەڕانەدا زەرەرمەند بووە. لەبەر ئەوە پێم وایە دەبێت پەكەكە بچێت لە ناوچەكانی خۆیدا بەرخودان بكات و پێش بە سوپای توركیا بگرێت، مەبەستم ئەوەیە گۆڕەپانی شەڕەكەی خۆی لە توركیادا بووایە و وەك باری سەر شانی هەرێمی كوردستانی سووك نەكردووە، ئەوا نەبوایەتە بارگرانییش بەسەر ئەم هەرێمەوە، چونكە ئەگەر مەترسییەك ڕوو لەم هەرێمە بكات، هەمووان تێیدا زەرەمەند دەبن.

* سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە كە شەڕی كورد- كورد لە كوردستان نەكرێت و كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، بەڵام پەكەكە لەبری ئەوەی بە دیالۆگ و لیكتێگەیشتن ئەم كێشەیە چارەسەر بكات و هاوكار بێت بۆ ئەوەی سوپای توركیا لە باشوور نەمێنیت، هێندەی دیكە زەمینە بۆ هاتنە ناوەی سوپای توركیا خۆش دەكات، ئایا ئەم ئاراستەیەی پەكەكە خزمەتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان دەكات؟

- من پێم وایە پەكەكە سوودی لەو بڕیارەی جەنابی سەرۆك بارزانی وەرگرتووە كە شەڕی كورد بە كوردی حەرام كردووە، لە كاتێكدا دەبوو پەكەكە بە نییەتپاكییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بكردایە و كەڵكی خراپی لێوەرنەگرتایە. كێشەكە ئەوەیە پەكەكەش بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەوان ناخوازن ئەم شەڕە دروست بێت، بەڵام لە كردەوەدا زەمینەخۆشكردن بەدی دەكرێت. ئەوە لەبەرچاو ناگیرێت كە ئەم هەرێمی كوردستانەی بەدی هاتووە، خەون و ئاواتی لە مێژینەوەی گەلی كورد بووە، چونكە پێشتر دەوترا دروستبوونی حوكمڕانی كوردی و بوونی كوردستان كە لەلایەن سەركردایەتیی كوردەوە بەڕێوە ببردرێت، خەیاڵە، ئێستا كە هاتووەتەدی ئەوا ئەگەر ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە، ئێمە زیانێكی گەورە دەكەین. لەبەر ئەوە دەبێت هەوڵ بدەین وەك چاوی خۆمان پارێزگاری لەم هەرێمە بكەین.

* ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە كە پەكەكە هەرێمی كوردستانی كردووە بە گۆڕەپانی شەڕ و ڕۆژانە هێزەكانی توركیا بە بیانووی بوونی پەكەكە گوندەكانی كوردستان بۆمباران دەكەن، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەگەر پەكەكە دەیەوێت شەڕی توركیا بكات، بۆ لەناو كوردستانی توركیا نایكات، خۆ چیاكانی كوردستانی توركیا لە چیاكانی هەرێمی كوردستان سەختترن؟

- من پێشتریش ئاماژەم بەوە كرد كە بوون و پێگەی پەكەكە لە توركیا لاواز بووە، ئەگەر پێشتر لە شوێنێك 1000 كەسی هەبوایە كاری بۆ بكردایە، ئێستا 10 كەسی ماوەتەوە. بەتایبەتی لە شەڕی خەندەقیشدا دوچاری تێكشكان بوون. دواتر ئەوەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان دەیكات لە بەرژەوەندیی ئەم هەرێمە نییە و دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بەم هەرێمە و ئەمەش بە قازانجی بەرژەوەندییەكانی دوژمنەكانمان دەشكێتەوە.

* ماوەی زیاتر لە یەك مانگە توركیا هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و بە حیساب شەڕی پەكەكە دەكات، بەڵام بێجگە لە كاولكردنی گوندەكان و زیاتر هاتنە ناوەوەی بۆ ناو خاكی كوردستان، دەبینین هیچ لایەك نە پەكەكە و نە هێزەكانی توركیا زیانێكی ئەوتۆیان نییە، ئایا ئەمە لە سیناریۆیەكی ئیقلیمی ناچێت دژی هەرێمی كوردستان كە بە دەستی پەكەكە جێبەجێی دەكەن؟

- ئەوە ڕاستە كە زیانی گەورە بەر خەڵكی كوردستان و بەر كەسانی مەدەنی كەوتووە، دواتر دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت كە هەموو دوژمنەكانی كورد هەوڵ دەدەن و دەیانەوێت ئەو دۆخەی بۆ كورد لەم هەرێمەدا دروست بووە، زیانی بەربكەوێت و خەونی كورد لاواز ببێت.

* پەكەكە خۆی ڕایگەیاندووە كە بڕوای بە سەربەخۆیی كوردستان نییە و ئامانجی ئەو دەوڵەتی كوردستان نییە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئامانجی سەربەخۆیی نییە، بۆچی ئەم هەموو كوڕ و كچەی كوردستان بە كوشتن دەدات؟

- ئێمە دەزانین كە هێشتا خەڵكانێك هەن كە باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان هەیە و پێیان وایە ئەگەر لە ئێستاشدا بەدی نەهاتبێت ئەوا لە ئایندەدا ئەو خەونە هەر دێتەدی. خۆ ئەگەر پەكەكە باوەڕی بە سەربەخۆیی كوردستان نەمابێت، ئەوا نابێت هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی بیروباوەڕی ئەو كەسانە بدات كە كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، مەبەستم ئەوەیە میللەتێكی مەزن هەیە كە هەزاران ساڵە خەبات بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان دەكات، بەڵام خۆ پەكەكە نەیشاردووەتەوە كە سەربەخۆیی كوردستان ناخوازێت، بەڵام خۆ كەسانێك هەن دەیانەوێت بە چەشنی میللەتانی دنیا كورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت. پەكەكە باس لە برایەتیی نێوان گەلان دەكات، بەڵام خۆ دەبێت سەرەتا تۆ میللەتەكەی خۆت ڕزگار كردبێت.

* پەكەكە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ ڕەوتی سیاسەتی جیهانی ناڕوات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانی بە كردەوەكانی ناشیرین كردووە، بۆچی پەكەكە هەموو ئامانجی ئەوەیە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان ناشیرین بكات؟

- كێشەكە ئەوەیە كە پەكەكە پێی وایە ئەگەر حزب و لایەنێك هەبێت لە كوردستاندا ئەوا دەبێت ئەو بێ، بە واتایەكی دیكە پێی وایە ئەگەر پەكەكە نەبێت، ئەوا نابێت كەس و لایەنی دیكە هەبن و ئەوە لەبەرچاو ناگرێت كە چەندین حزبی دیكە هەن كە چەندین ساڵە خەبات دەكەن و بە هەزاران قوربانییان داوە، بەڵام ئەوەی لە پەكەكە بەدی دەكرێت بریتییە لە ڕەتكردنەوەی لایەنەكانی دیكە و هەوڵدان بۆ ناشیرینكردنیان.

* بە رای ئێوە ئەم ئاراستەی پەكەكە بۆ ڕێگرتن لەوەی كوردانی باشوور و ڕۆژ‌ئاوا بگەنە ئامانجی خۆیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی پەكەكە بە دژی بەرژەوەندییەكانی باشوور و ڕۆژئاوا ڕەفتار دەكات؟

- من پێم وایە ئەگەر پەكەكە خوازیاری ئەوەش بێت كە كورد پێكەوە كاربكات، ئەوا باوەڕی وایە دەبێت ڕێبەرایەتی لە دەستی خۆیدا بێت، واتە ئەگەر ڕێبەرایەتیی ئەم پرسە لە دەستی پەكەكەدا نەبێت، ئەوا هەوڵدەدەن كە لەدەستی كەسی دیكەشدا نەبێت. بە كورتی پەكەكە دەڵێت ئەگەر من هیچم پێ ناكرێت، ئەوا ڕێگە نادەم كەس و لایەنی دیكەش هیچ كارێكی دیكە بكات. بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە ئەم كارە بە پەكەكە ناكرێت و دەبێت ڕێگا بە لایەنەكانی دیكە بدات ئەم كارە بكەن. خۆ ئەگەر دەستكەوتێكیش بەدی هات، ئەوا پەكەكە دێت و دەڵێت دەبێت منیش هاوبەشی پێبكەن، ئەگەرنا من دژایەتی دەكەم. بەڵام دەبێت پەكەكە ئەو ڕاستیەی لەبەرچاو بێت كە ئەو لە توركیا سەریهەڵدا و دەبوو مەیدانی خەباتەكەی لەوێ بێت و كار بۆ كوردی توركیا بكات.

Top