مامۆستا مەلا مەحموود ئازادی بۆ گوڵان: مامۆستایانی ئایینی لە دژی داگیركاری و چەوسانەوەی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕش و خەباتی گەلی خۆیاندا بوون
لەم دیمانە تایبەتەی گوڵاندا، مامۆستا مەلا مەحموود ئازادی، پێشنویژ و وتارخوێن لە شاری سلێمانی، تیشك دەخاتە سەر پێگەی مەزنی زانایانی ئایینی وەك میراتگرانی پێغەمبەران لە پاراستنی بەها مرۆیی و نەتەوەییەكاندا. ئەو باس لە حوجرە دەكات وەك سەنگەری یەكەمی پاراستنی زمانی كوردی و هزری ڕزگاریخوازی، جەختیش لە گرنگیی ڕۆڵی مینبەر دەكاتەوە لە چەسپاندنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی، پێكەوەژیانی ئایینەكان و ڕێگریكردن لە توندڕەوی، تاوەكو ئایین ببێتە هەوێنی دڵسۆزی بۆ خاك و نیشتمان.
* مەلا و زانایانی ئایینی كوردستان بە درێژایی مێژوو نەك هەر ڕێبەرێكی ئایینی، بەڵكو چرای ڕووناككەرەوەی هزری نەتەوەیی بوون، ئایا چۆن دەڕواننە ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی لە نێوان ئیمان و خۆشەویستیی نیشتمان لە لای زانایانی كورد هەبووە؟
- بەڕاستی مامۆستایان و زانایانی ئایینی لە نێو كۆمەڵگەدا خاوەن پێگەیەكی زۆر مەزن و پیرۆزن، چونكە ئەوان وەك چرایەك وان بۆ ڕێنوێنیكردنی خەڵك بەرەو ڕاستی و چاكە. ئەم پێگەیەش لەو فەرموودە پیرۆزەی پێغەمبەری خواوە (د.خ) سەرچاوە دەگرێت كە دەفەرموێت: «الْعُلَمَاءُ وَرَثَةُ الْأَنْبِيَاءِ». واتە: زانایان میراتگری پێغەمبەرانن. لێرەدا دەبێت ئەوە بزانین كە ئەم میراتە، ماڵ و سامانی دونیا و درهەم و دینار نییە، چونكە وەك لە فەرموودەدا هاتووە: «إِنَّ الْأَنْبِيَاءَ لَمْ يُوَرِّثُوا دِينَارًا وَلَا دِرْهَمًا، إِنَّمَا وَرَّثُوا الْعِلْمَ». كەواتە میراتی ڕاستەقینەی ئەوان بریتییە لە زانست، زانیاری و ڕەوشت بەرزی.
زانایانی چاك و خوداناس ئەوانەن كە بە كردەوە نیشانی دەدەن میراتگری پێغەمبەرانن و لە ڕێگەی ڕاستی و حەق لانادەن. پێویستە لە هەموو ڕەهەندەكانی ژیاندا، بەتایبەت لە مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا، ئاكارە بەرزەكانی پێغەمبەران ڕەنگ بداتەوە تێیاندا. ئەوان دەبێت نموونەی باڵای بەزەیی، سنگفراوانی و لێبوردەیی بن. زانای ڕاستەقینە ئەو كەسەیە كە دەبێتە پردی تەبایی و بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی لە نێوان مرۆڤەكاندا. ئەركی ئەوان تەنیا وانەگوتنەوە نییە، بەڵكو ئەگەر ناكۆكی و كێشەیەك لە نێو خەڵكدا سەری هەڵدا، دەبێت بە حیكمەت و داناییەوە بۆیان چارەسەر بكەن و ئاشتی بخەنە نێوانیانەوە. بە كورتی، زانایان كاتێك دەبنە میراتگری ڕاستەقینە كە بتوانن بە زانست و ئاكارە جوانەكانیان ببنە جێگەی متمانەی كۆمەڵگە و دڵی خەڵكی بۆ لای خوا و مرۆڤایەتی ڕابكێشن.
* زانایانی ئایینی لە كوردستان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی دژایەتیكردنی زوڵم و داگیركاريی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بوون، بنەمای شەرعی و ئەخلاقیی ئەم ڕەتكردنەوەیەی ستەمە لە دیدی ئێوەوە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- بێگومان مێژوو شاهیدی ئەوە دەدات كە مامۆستایانی ئایینی هەمیشە وەك قەڵایەكی پتەو لە بەرانبەر ستەم و زۆرداری وەستاونەتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی سەرچاوەی ئەو نادادییە كێ بووە، ئایا كاربەدەست و دەسەڵاتدار بووە، یان خەڵكانی دی. مامۆستایان بە پشتبەستن بە بنەمای «الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر»، هەمیشە لە ڕێگەی ئامۆژگاری و ڕێنماییەوە هەوڵی ڕاستكردنەوەی لادانەكانیان داوە، تەنانەت ئەگەر لەو پێناوەدا ڕووبەڕووی كێشە و مەینەتی گەورەش بووبێتنەوە، چونكە بڕوایان وابووە كە گەورەترین جیهاد بریتییە لە «كلمة حق عند سلطان جائر»، واتە وتەی حەق لە لای دەسەڵاتداری ستەمكار.
لە مێژووی پڕ لە كارەساتی عێراق و كوردستاندا، دەبینین مامۆستایانی ئایینی لە ڕیزەكانی پێشەوەی شۆڕش و خەباتی گەلەكەماندا بوون دژی داگیركاری و چەوسانەوەی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان. زانایانی ڕاستەقینە كە «العلماء ورثة الأنبیاء» (زانایان میراتگری پێغەمبەرانن)، ئەركی سەرشانیانە پارێزگاری لە عەقیدە و ئەخلاق بكەن و ڕێگری لە هەر ئاژاوە و جەنگێك بكەن، كە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی و ئارامیی موسڵمانان دەگەیەنێت. ئامانجی باڵای ئەوان هەمیشە چەسپاندنی دادپەروەری و بڵاوكردنەوەی ئاشتی بووە لەناو كۆمەڵگەدا.
* دەوترێت «حوجرە» یەكەمین قوتابخانەی بیری نەتەوەیی و پاراستنی زمانی كوردی بووە و هەمیشە وەك زانكۆیەكی خۆماڵی پەرەی بە هزری نەتەوەیی داوە، چۆن گرنگیی حوجرە وەك ناوەندێكی پێگەیاندنی سەركردەی سیاسی و نیشتمانپەروەری هەڵدەسەنگێنن؟
- بەڕاستی حوجرە ئایینییەكان لە مێژووی گەلی ئێمەدا ڕۆڵێكی بێوێنە و باڵایان هەبووە لە پێگەیاندنی (نخبة من العلماء والفقهاء)، ئەو زانا و دانایانەی كە بوونە چرای ڕوونكەرەوە بۆ كۆمەڵگە. من وەك كەسێك كە بۆ ماوەی دە ساڵ شەرەفی ئەوەم هەبووە وەك (طالب العلم) لەو ناوەندە پیرۆزانەدا بمێنمەوە، لە نزیكەوە شایەتی ئەو هەوڵ و كۆششە گەورەیەم كە لەوێدا دەدرا. حوجرەكان تەنیا شوێنی فێربوون نەبوون، بەڵكو مەڵبەندی (التربیة والتعلیم) و فێربوونی ئاداب و زانستە شەرعییەكان بوون.
جێگای دەستخۆشییە كە دەبینین بەرهەمی ئەو حوجرانە ئەمڕۆ لە كایە زانستییەكاندا درەوشاوەن، زۆربەی ئەو فەقێیانەی دوێنێ، ئەمڕۆ بوونەتە مامۆستای زانكۆكان و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆران، یان وەك مامۆستای ئایینی و مودەڕیس خزمەت دەكەن. فەقێ لەو سەردەمەدا بە هۆی كەمدرامەتییەوە نموونەی سەبر و قەناعەت بوون، بەڵام بەهۆی پاڵپشتی و سەخاوەتی خەڵكی دڵسۆزی شار و دێهاتەكان، توانییان بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بن.
ئەو قوتابییانە شەو و ڕۆژیان خستبووە سەر یەك بۆ لەبەر كردنی قورئانی پیرۆز و قووڵبوونەوە لە زانستەكانی فەرموودە و فقهـ و زمانەوانیدا. پاراستن و گەشەپێدانی حوجرەكان ئەركێكی گرنگە، چونكە هەمیشە وەك مەڵبەندێكی ڕەسەن دەمێننەوە بۆ پێگەیاندنی ڕێبەرانی هزر و هۆشیاری. من خۆم كاتەكانم بە جۆرێك تەرخان كردبوو كە بەیانیان تا ئێوارە بە بێ پشوودان خەریكی پەرەپێدانی زانستی و خوێندنەوە بووم، چونكە دەمانزانی تەنیا بە زانست دەتوانین خزمەتی ئایین و نیشتمانەكەمان بكەین.
* زانایانی ئایینی لە هەر چوار پارچەی كوردستان خاوەن یەك گوتار و یەك هەڵوێستی نەتەوەیی بوون، ئەم یەكگرتووییەی زانایان چۆن بووەتە هەوێنی پاراستنی یەك پارچەیی خاكی كوردستان لە ڕووی مەعنەوییەوە؟
- بێگومان یەكڕیزی و یەكپارچەیی مامۆستایان بەردی بناغەی سەركەوتنی هەر پەیامێكی پیرۆزە لە ناو كۆمەڵگەدا. كاتێك مامۆستا دەبێتە پێشەوا و ڕێنیشاندەری خەڵك، ئەركی سەرشانیەتی كە لەوپەڕی هەماهەنگیدا بێت لەگەڵ هاوپیشەكانیدا بۆ ئەوەی هەوڵەكانیان بەرهەمدار بن و كاریگەرییان هەبێت. خۆشبەختانە، مامۆستایانی ئایینی لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بە ڕۆحێكی یەكگرتووانە و بە پشتبەستن بە ڕێبازی قورئان و سوننەت، خەریكی بڵاوكردنەوەی ئاكاری بەرز و زمانی دیالۆگن لە ناو جەماوەردا.
شكۆمەندیی ئەم بەرنامە خوداییە لەوەدایە كە قورئانی پیرۆز لە ڕێگەی گەورەترین فریشتەوە (جوبرەئیل) نێردراوە، لە پیرۆزترین مانگدا (ڕەمەزان) و لە پڕفەڕترین شەودا (لەیلەتولقەدر) كە عیبادەتی تێیدا لە هەشتا و چوار ساڵ چاكترە. ئەم پەیامە مەزنە بۆ گەورەترین پێغەمبەری خودا دابەزیوە. هەر بۆیە، ئەو مامۆستایانەی ئەمڕۆ وەك میراتگری پێغەمبەران هەڵگری ئەو پەیامە پیرۆزەی قورئانن و ڕێگەی ڕاست نیشانی مرۆڤایەتی دەدەن، بێگومان لە دونیا و لە قیامەتیشدا لە ڕیزی هەرە پێشەوەی سەربەرزان و ڕوو سووران دەبن.
* لە گوند و شارەكانی كوردستان، مەلا و زانایانی ئیسلامی هەمیشە كۆڵەكەی ئاشتی و چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بوون، ئەم ڕۆڵە چۆن یارمەتیدەر بووە لە كەمكردنەوەی گرفتە كۆمەڵایەتییەكان و، پاراستنی شیرازەی كۆمەڵگە لە كاتە سەختەكاندا؟
- بێگومان مامۆستایانی ئایینی هەمیشە وەك كۆڵەكەیەكی پتەو و كاریگەر بۆ چارەسەركردنی ئاڵۆزییە كۆمەڵایەتییەكان دەركەوتوون و ڕۆڵێكی بەرچاویان لە چەسپاندنی ئاشتەواییدا هەبووە. بۆ نموونە، من خۆم شاهیدی ئەوە بووم كە خێزانێك دوای ٤٦ ساڵ تەمەنی هاوبەش، لەسەر كێشەیەكی زۆر سادە بەرەو لێكترازان چوون، بەڵام توانیمان بە هەوڵی دڵسۆزانە دووبارە پێكەوەیان ئاشت بكەینەوە. جگە لەمەش، مامۆستایان لە كێشەكانی دارایی و ململانێ ماڵباتییەكاندا هەمیشە وەك خەمخۆرێكی ڕاستەقینە دەوریان بینیوە. لەبەر ئەوەی مامۆستایانی ئایینی بە میراتگری پێغەمبەر (د.خ) دادەنرێن، ئەركە لەسەریان كە ئاكار و ڕەوشتە بەرزەكانی ئەو پێشەوایە لە نێو ناخی خۆیاندا بەرجەستە بكەن، تا بەم جۆرە بتوانن بەو متمانەیەی لای خەڵك هەیانە، ڕێنوێنی كۆمەڵگە بكەن و بەرەو تەبایی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە هەنگاو بنێن.
* زۆرجار زانایانی ئایینی كوردستان بە فەتوای دروست و سەردەمیانە بەرگرییان لە ماف و كەرامەتی ئافرەتی كورد كردووە، چۆن دەتوانن مێژوویەكی گەشی ئەم هەڵوێستانە بۆمان باس بكەن؟
- بە دڵنیاییەوە، مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی بەرچاو و كاریگەر دەگێڕن لە چاككردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و چارەسەركردنی كێشە خێزانییەكاندا. زۆر جار كاتێك ئافرەتان ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە لەگەڵ هاوسەرەكانیان، ئامۆژگاری و ڕێنماییە ژیرانەكانی مامۆستایان دەبنە مایەی ئاشتەوایی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناو خێزان. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە مەرج نییە ئەم ئەركە تەنیا لای پیاوان بێت، بەڵكو بوونی خانمە مامۆستا ئایینییەكان لە ناو كۆمەڵگەی ژناندا گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە و دەتوانن بە شێوازێكی كاریگەرتر لە خەم و كێشەكانی ڕەگەزی خۆیان تێبگەن. هەروەها بڵاوبوونەوەی پەیامی پیرۆزی قورئان و فەرموودە لە ڕێگەی بڵندگۆكانی مزگەوتەوە، وا دەكات، هەم پیاوان و هەم ئافرەتان ئاشنای ماف و ئەركەكانی خۆیان بن، ئەمەش سەرەنجام دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ چاندنی تۆوی خۆشەویستی، ڕێز و تەبایی لە نێوان هاوسەرەكاندا و پتەوكردنی بناغەی خێزان لەسەر بنەمای بەزەیی و میهرەبانی.
* كوردستان خاوەن مۆدێلێكی میانڕەوی ئیسلامییە كە ڕێگەی بە سەرهەڵدانی هزری توندڕەوی و تیرۆریستی نەداوە و هەمیشە دژی وەستاوەتەوە. ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە پاراستنی ئەم میانڕەوییە و پاراستنی گەنجان لە فكری توندڕەو چی بووە؟
- پێویستە مامۆستایانی ئایینی لە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمەڵگەدا دوور بن لە هەر جۆرە توندڕەوییەك و هەمیشە بنەمای نەرمونیانی و لێبوردەیی بكەنە سەرمەشقی كارەكانیان. ئەركی ڕاستەقینەی ئەوان ئەوەیە كاتێك گرژی و ئاڵۆزییەك لەناو خەڵكدا دروست دەبێت، بە دانایی و هێمنییەوە دەستوەردان بكەن و ڕێگەچارەی گونجاو بدۆزنەوە. لەبەر ئەوەی پێغەمبەران زێڕ و زیویان وەك میرات بۆ مرۆڤایەتی بەجێ نەهێشتووە، بەڵكوو میراتی ڕاستەقینەی ئەوان زانست و ڕەوشتی بەرز بووە. ئەگەر ئەم پەیامە پیرۆزە بە شێوازێكی جوان و پڕ لە میهرەبانی بە خەڵك بگەیەنرێت، بێگومان زۆربەی كێشە و ناڕەحەتییەكانی كۆمەڵگە بەرەو نەمان دەچن و ئاشتی جێگەیان دەگرێتەوە.
* كوردستان وەك نموونەیەكی دەگمەنی پێكەوەژیانی ئایینە جیاوازەكان (موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و ئەرمەن و.. هتد) دەبینرێت، ڕۆڵی مینبەری مزگەوتەكان لە چەسپاندنی ئەم فەرهەنگی قبووڵكردنی یەكترەدا چی بووە؟
- بە حەقیقەت، مینبەری مزگەوتەكان لە كوردستان هەمیشە ناوەندی بڵاوكردنەوەی پەیامی لێبووردەیی و ئاشتی بوون. مامۆستایانی ئایینیی ئێستا و ڕابردوومان، بە پەیڕەوكردنی ڕێبازی پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەر بێت) و هاوەڵانی، ڕۆڵێكی كاریگەریان هەبووە لە چەسپاندنی ڕەوشتی جوان و مامەڵەی شایستە لەگەڵ پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكەدا. گەورەترین نموونەش شاری مەدینەیە، كە تێیدا پێغەمبەر (د.خ) بناغەی ژیانێكی هاوبەشی لەگەڵ یەهوودییەكاندا داڕشت و بەو پەڕی جوانییەوە مامەڵەی لەگەڵ كردن. ئەم كولتووری پێكەوەژیانە لە مێژووی كوردستاندا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە، كاتێك دەبینین موسڵمانان لەگەڵ مەسیحی، یەهوودی، كاكەیی و ئێزدییەكاندا لە كەشێكی پڕ لە خۆشەویستی و تەباییدا ژیاون. ئەم ئارامییەش بەرهەمی ئەو پەروەردە و ئاكارە بەرزە ئیسلامییەیە كە مامۆستایانی ئایینی گەیاندوویانە، هەر بۆیەش لە نێوان پێكهاتە ئایینییەكانی ئەم نیشتمانەدا هیچ كاتێك فیتنە و ئاژاوە جێگەی نەبووەتەوە.
* چۆن مامۆستایان دەتوانن هاوسەنگیی نێوان ئایین و نیشتمانپەروەری بۆ گەنجان دروست بكەن و ڕۆڵیان چییە لە پاراستنی خاك و زماندا، هاوشێوەی زانایانی پێشوو كە لە ڕێگەی ئایینەوە خزمەتی فەرهەنگ و زمانیان كردووە و نیشتمانپەروەرییان بە دیندارییەوە گرێ داوە؟
- زانایانی ئایینی ئەم ڕەوشتە بەرزەیان لە پێشەوای مرۆڤایەتییەوە (د.خ) وەرگرتووە. لەو ڕۆژگارانەی زمانی كوردی قەدەغە كرابوو، مامۆستا و شاعیرە ئایینییەكانمان بە هۆنراوە و نووسینەكانیان ناسنامەی كوردییان پاراست. كۆششێكی زۆریان كرد بۆ ئەوەی زمانی كوردی پارێزراو بێت و ببێتە زمانێكی فەرمی لە كوردستاندا. زانایانی ئایینی لەم پێناوەدا ڕۆڵێكی گرنگیان گێڕاوە و زۆرجاریش ڕابەرایەتیی شۆڕشەكانیان كردووە. چونكە ناكرێت لە تاراوگە بیت و بتوانیت كارێكی كاریگەر ئەنجام بدەیت، بۆیە مامۆستایان بە ڕەوشتی جوان، هەوڵی پاراستنی نەتەوە و نیشتمانیان داوە، كە ئەمەش بووەتە هۆی هاندانی خەڵك بۆ تێكۆشان لە پێناو خاكدا.
مامۆستایان هەمیشە شوێن پەنجەیان دیار بووە، گەنجانێك هەبوون پێشتر لە بیری ئیسلامی دوور بوون، بەڵام بە هۆی ئامۆژگاری و ڕێنماییەكانەوە، هەم ئایینەكەیان لا شیرین بووە و هەم بوونەتە پارێزەری نیشتمان. ئێستا سوپاس بۆ خودا دەبینین گەنجێكی زۆر ڕوویان لە مزگەوتەكان كردووە. بۆ نموونە، ڕۆژێك لە بەرنامەی «دەنگی سوننە»دا ئامۆژگارییەكم پێشكەش كرد، دواتر هاوڕێیەك بۆی گێڕامەوە كە شۆفێرێكی تەكسی پێی وتبوو: «من پێشتر باوەڕم بە خوا و پێغەمبەر نەبوو، بەڵام بیستنی وتارێكی (مەلا مەحموود) گۆڕانی تێدا دروست كردم و ئێستا شەونوێژەكانم لەدەست نادەم». دەبینیت ڕێنمایی مامۆستا چەند كاریگەرە بۆ گەڕانەوەی گەنجان بەرەو ڕێگەی ڕاست. ئێمە لە سەنتەری «حیكمە» كە تژییە لە فێرخوازانی قورئان و فەرموودە، تەنانەت ڕۆڵەی بەرپرسەكانیشی تێدایە، ئەمەش دەبێتە هەوێنی ئەوەی نیشتمانپەروەری و وەفادارییان بۆ خاك و خێزان قووڵتر بێتەوە.
