شرۆڤەکارێک: پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی لە دەستوور گرنگتر نەبێت، هێندەی ئەو گرنگە

شرۆڤەکارێک: پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی لە دەستوور گرنگتر نەبێت، هێندەی ئەو گرنگە
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و رۆژنامەڤانێک جەخت لەوە دەکەنەوە ئەگەر دادگەی فیدراڵیی عێراق لە دەستوور گرنگتر نەبێت، ئەوا هێندەی دەستوور گرنگە و نابێت کورد سازشی لەسەر بکات.

زانا رۆستایی، ئەندامی لیژنەی یاسایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و یاساناس لە بەرنامەی گفتگۆی رۆژنامەنووسی کە تایبەت بوو بە پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی، باسی لە گرنگیی یاسای دادگەی فیدراڵی کرد و گوتی: "لە هەموو خولەکانی پەرلەمانی عێراقدا هەوڵ دراوە ئەم یاسایە دەربچێنرێت، بەڵام بەهۆی هەستیاریی ئەم دادگەیە و بیروڕا سیاسییە جیاوازەکانەوە دەرنەچێنراوە. ئەم دادگەیە کە تا ئێستا لە عێراقدا بە ناوی دادگەی فیدراڵی کار دەکات ئەوە نییە کە دەستوور باسی دەکات. ئەوەی کە دەستووری عێراقی باسی دەکات، هێشتا پێکنەهێنراوە و دەبێت بە یاسا رێکبخرێت."

ئەو یاساناسە باسی لەوەیش کرد کە "یاسای دادگەی فیدراڵی یەکێکە لەو یاسایانەی بە زەحمەت دادەنرێت و بە زەحمەتیش لادەدرێت و هەموار دەکرێت. بۆیە هەتا لە داڕشتنیدا وردبینی بکرێت، باشترە."

هاوکات عارف قوربانی، رۆژنامەڤان پێیوایە: "لایەنی شیعە مەبەستیان نەبوو کە یاسای دادگەی فیدراڵی دەربچێت و دەیانوسیت لە کاتێکدا بێت کە مەبەست و ئامانجەکانی ستراتیژی شیعە بەدیبهێنن. ئەوەی بۆ کورد مەترسیدارە ئەو پێشنیازەیە کە کورد تەنیا لەو بڕگانەدا مافی ڤیتۆی هەبێت کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت و بە تایبەتتریش ئەوەی کە شیعە دەیانەوێت لە دوو نوێنەرەکەی کورد تەنیا یەکێکیان مافی ڤیتۆی هەبێت. پرسی دادگەی فیدراڵی ئەگەر لە دەستوور گرنگتر نەبێت ئەوا هێندەی دەستوور گرنگە. نەدەکرا سیاسییەکانی کورد لە هەولێر و سلێمانی دابنیشن و ئەم پرسە بۆ پەرلەمانتارەکان جێبهێڵن. کارێکی خراپە بۆ خەڵکی کوردستان کە نوێنەرەکانمان لە بەغدا لە پێناو بودجەدا چاوپۆشی لەوە بکرێت کە پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی تێبپەڕێنرێت."

زانا رۆستاییش لای خۆیەوە لەو بارەیەوە گوتی: "منیش پێم باش نییە کە لە پێناو بودجەدا سازش لەسەر پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بکرێت. ئەوەندە ناهێنێت کە ئەمڕۆ کارتێکمان بە دەستەوەیە بیدۆڕێنین. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە کە لایەنە کوردییەکان جێپەنجەی خۆیان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە دابنێن و بە شێوەیەکی وا پەسندی بکەن کە مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبێت. ئەوەی ئێستە کورد لە دەستیدایە، رەنگە سبەینێ بایەخی نەمێنێت."

رۆستایی ئاماژە بە دوو بەربەستی گەورە لە بەردەم یاسای داداگەی فیدراڵیدا دەکات کە بریتین لە ناکۆکی لەسەر رۆڵی شارەزایانی فیقهی ئیسلامی و دەنگدان لە دادگەکەدا لەسەر ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە مافی هەرێم و پارێزگاکانەوە هەیە.

لە ماددەی 92ی دەستووری عێراقدا ئەوە جێگیر کراوە کە پێویستە شارەزایانی فیقهی ئیسلامی لە پێکهاتەی دادگەکەدا بەشدار بن، بەڵام لە دەستووردا ژمارە و ئەرکیان دیاری نەکراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق باس لە هەوڵی لایەنێک یان پێکهاتەیەک دەکات کە وەک ئەو دەڵێت ئێستا باڵادەستە و دەیەوێت بنەماکانی تایفەکەی خۆی لە سیستمی حوکمڕانیی ئەم دەوڵەتەدا بچسپێنێت کە دواییش زۆر بە زەحمەت لادەدرێت و دەڵێت: "ئەو لایەنە باڵادەستەی عێراق دەیەوێت دوو کەسی شارەزا لە فیقهی خۆیان دابنێن و رۆڵێکی کاریگەرییان لە دادگەی فیدراڵیدا هەبێت و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان هەبێت. تەنانەت مەترسیی ئەوە هەیە کە کاریگەرییان لەسەر تەواوی بڕیارەکانی دادگە هەبێت."

عارف قوربانی ئەوەی خستەڕوو: "بەبێ بوونی ئەو دادگایەیش خەریکە بە جۆرێک لە جۆرەکان عێراق بەرەو ویلایەتی فەقیهـ بڕوات. مەزهەبی شیعە لە زۆر جومگەی دەوڵەتداریدا بەسەر حوکمڕانیی عێراقدا زاڵ بووە. دەبێت لەوە تێبگەین کە شیعە دەرفەتێکیان بۆ رەخساوە و بە ئاسانی لە دەستی نادەن. رەنگە کورد نەتوانێت بە ئاسانی پێشی پێ بگرێت. هەقە کورد وردتر بیر بکاتەوە."

زانا رۆستاییش دەڵێت: "شیعەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسایە پێویستیان بە رازیکردنی کورد هەیە. بەڵام ئەگەر پرۆژەیاساکە بەو شێوەیە تێبپەڕێنرێت و ڤیتۆ بۆ ئەو دوو شارەزایەی فیقهی ئیسلامی هەبێت، مەترسیی ئەوە هەیە شتێکی وەک ویلایەتیی فەقیهـ دروست ببێت."

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق ئاماژە بەوە دەدات کە زۆر جار دادگەی فیدراڵی بۆ نیازی سیاسی بەکاردەهێنرێت. ئەو هەڵبژاردنی ساڵی 2010 بە نموونە دەهێنێتەوە کاتێک فراکسیۆنی ئەیاد عەللاوی لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین دەنگی هێنا، بەڵام لەناو پەرلەماندا نووری مالیکی فراکسیۆنێکی گەورەتری دروست کرد و لە لێکدانەوەی فراکسیۆنی گەورەدا، دادگەی فیدراڵی لە بەرژەوەندیی نووری مالیکی یەکلایی کردەوە و لە پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانیشدا هەر وابوو.

بەڵام ئێستا شیعەکان داوا دەکەن کە دوو شارەزاکەی فیقهی ئیسلامی و دوو شارەزا یاسایییەکەی نێو دادگەی فیدراڵی مافی ڤیتۆیان هەبێت.

لەمبارەوە زانا رۆستایی پێی وایە پاساوی پاراستنی بنەماکانی شەریعەت بیانووە و لە جێی خۆی نییە، بۆیە دەڵێت: "باشترین شت ئەوەیە ئەو قازییانە بدۆزنەوە کە شارەزای فیقهی ئیسلامین یان ئەو چوار کەسەی دادەنرێن تەنیا رۆڵێکی راوێژکارییان پێ بدرێت."

هەروەها عارف قوربانی دەڵێت: "ئەوەی کە دەڵێن دوو ئەندامە کوردەکەی دادگەکە مافی ڤیتۆیان لەسەر پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوە بێبەشکردنی کوردە لە هەموو شتەکانی دیکەی عێراق. کورد بەوە دەبێتە هاوبەش کە مافی ڤیتۆی لە هەموو پرسەکاندا هەبێت، چونکە بەوە دەتوانرێت مووچە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێت."

هەر بە پێی دەستووری عێراق دادگەی فیدراڵی کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەکات، دەبێت بە جۆرێک بێت کە کریستیان و سابیئەی مەندائی، ئێزدی و کاکەییەکان بە هی خۆیانی بزانن، چونکە هێمایەکە بۆ هەموو دەوڵەتەکە.

لەمبارەشەوە زانا رۆستایی دەڵێت: "لە دادگەی فیدارڵیدا جێی هەموو پێکهاتەکان نابێتەوە. ئەگەر کریستیانێک دابنرێت، ئەی ئێزدی چی لێ دەکەیت؟ چارەسەر ئەوەیە کە ئەو دوو کەسەی شارەزای یاسان لەو پێکهاتانە بن و شارەزای یاسایش بن. دادگەی فیدراڵی لەسەر بنەمای ئەوە دانەنراوە کە نوێنەرایەتیی هەرێمەکان بکات، بەڵکو نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان دەکات. "

هەروەها لە دادگەی فیدراڵیی وڵاتانی دیکەدا ئەوە چەسپێنراوە کە هەموو هەرێمەکانی دیکە و ئەندامانی دادگەی فیدراڵی نەتوانن گەلەکۆمە لە پارێزگا یان هەرێمێک بکەن.

رۆستایی ئاماژە بەوە دەدات کە هیچ مەرجێکی دەستووری نییە کە دەبێت لە دادگەی فیدراڵیدا چەند کەس کورد بن و چەند شیعە و سوننە بن، بەڵام ئەوە واقیعی دەوڵەتە ئاڵۆزەکەی عێراقە کە وا دەخوازێت هەموویانی تێدا بێت.

لەبارەی تێپەڕاندنی یاساکەیشەوە لەبارەی کوردەوە دەڵێت: "نوێنەرانی کورد لە پەرلەماندا زۆرینە نین کە بتوانن یاساکان بە زۆرینە یەکلایی بکەنەوە و پێویستیان بە سازانی سیاسی دەبێت. لە رابردوویشدا ئەمە لەنێو پەرلەماندا روویداوە کە زۆر جار دوو یان سێ یاسا بە یەک پاکێج دەرچوون و یاسایەک بە یاسایەکی دیکەوە پەیوەست کراوە بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە هەبێت. یەکێکیان لە بەرژەوەندیی پێکهاتەیەکە و ئەوی دیکەیان لە بەرژەوەندیی پێکهاتەیەکی دیکەی. دەڵێن دەنگ بە یاساکەی من بدە با منیش دەنگ بە یاساکەی تۆ بدەم."

لە ماددەی 65ـی دەستووری عێراقدا باس لە دانانی ئەنجوومەنی فیدراڵی کراوە کە تاوەکو ئێستا ئەو ئەنجوومەنە دانەمەزراوە و کەسیش باسی ناکات لە کاتێکدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە هەندێک لەو بڕیارانە پارێزراو بێت کە تاوەکو ئێستا بە دڵی هەرێمی کوردستان نین. ئێستا بەشێک لە شیعەکان داوا دەکەن کە بەر لە پرۆژەیاسای بودجە پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی پەسندبکرێت.

هەر لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا هەڵکەوت عەزیز، لە بەغداوە بەشدار بوو و گوتی: "ماددەی 12 کێشە گەورەکەی لەسەرە کە پەیوەندیی بە شیوازی دەنگدانی دادگەی فیدراڵییەوە هەیە رێککەوتنی لەسەر نەکراوە. هیشام سوهەیلی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عێراقیونە گوتی: 'زۆر ئەستەمە لەسەر ئەو ماددەیە رێککەوتن بکرێت.' ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی دەنگدان لە دادگەی فیدراڵیدا بە دوو لەسەر سێ یەکلایی ببێتەوە کە بە تەواوەتی لەلایەن فراکسیۆنە کوردییەکانەوە رەت دەکرێتەوە."

ئاشکرای کرد کە بەشێکی هەوڵی شیعەکان ئەوەیە کە بە کوردیان گوتووە وەرن با ئەمڕۆ پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی تێبپەڕێنین، دوایی ئێمە لە پرسی پرۆژەیاسای بودجە و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستاندا نەرمی دەنوێنین و دەڵێت: "ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە ئەگەر بەو شێوەیە رێکبکەون، چونکە پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵێک یان دوو ساڵە و لەوە زیاتر درێژە ناخایەنێت، بەڵام دادگەی فیدراڵی بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان مەترسیدارە. هەروەها ئەمڕۆ پەرەمانتارە کوردەکان باسیان لەوە دەکرد کە سوننەکان جێی متمانە نەماون. تا ئەم ساتە سوننەکان ئامادە نین دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدەن و لەگەڵ کورددا هاوبڕیارن. هاوکات هەموو لایەنە شیعەکان یەک بۆچوونیان هەیە، بە تایبەتی سائیروون پێداگرە کە پرۆژەیاساکە تێبپەڕێنرێت."

دادگەی فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی عێراقە و دەسەڵاتی بەسەر هەموو وڵاتدا دەشکێت. ئەگەر بەبێ رەزامەندیی کورد پرۆژەیاساکەی تێبپەڕێنرێت، دواتر بە بڕیارەکانی ئەو دادگەیە دەتوانرێت مەترسی بۆ کورد دروست بکرێت.

هەروەها سەنگەر عەبدولڕەحمانیش وەک بەشداربوویەکی دیکەی بەرنامەکە کە لە بەغداوە بەشدار بوو گوتی: "ئەوەی لە پەرلەمانی عێراقدا دەیبینیت مەبەستێکی سیاسی لە پشتی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵییەوەیە. وەک دەستکەوتێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆ نموونە محەممەد حەلبووسی دەیەوێت بیکاتە دەستکەوتێکی سیاسیی بۆ خۆی و بڵێت لە سەردەمی مندا تێپەڕێنرا. ئەگەر شێوازی دەنگدان و یەکلاییکردنەوەی پرسەکان لە دادگەی فیدراڵیدا بە دەنگی دوو لەسەر سێ بێت، ئەو کاتە لە کۆی نۆ ئەندامی دادگەکە دەکاتە شەش ئەندام کە پێنجیان شیعەن و یەکێکیش لە سوننە رەنگە کاریگەریی لەسەر دابنرێت و دەنگ بدات. ئەو کاتە ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوەیە وەک دەرهێنانی نەوت، ئەگەر ئەم دادگەیە بڕیار بدات کە دەرهێنانی و فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بابتێکی نایاساییە، ئەوە کێشەی زۆر گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەبێت."

رەنگە ئەوە خۆشباوەڕی بێت کە پێمان وا بێت شیعە و سوننە لە پرسێکدا لەبارەی کوردەوە یەکدەنگ نەبن، بەتایبەتی کە لە ماوەی رابردوودا بنیرا چۆن هەردووکیان دوای گشتپرسی کۆمەڵێک بڕیاریان دژی هەرێمی کوردستان دا و لە پرۆژەیاسای قەرزیشدا بۆچوونی کوردیان وەرنەگرت و تێیانپەڕاند.

سەنگەر عەبدولرەحمان ئەوەی خستەڕوو کە هەندێک دەنگۆ لەنێو پەرلەماندا هەیە کە محەممەد حەلبووسی و سەدرییەکان رێککەوتبن لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە و لە بەرامبەردا محەممەد حەلبووسی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بهێنێتەوە پەرلەمان و تێبپەڕێنرێت و گوتی: "یەکێک لە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان لە کۆبوونەوەی محەممەد حەلبووسیدا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکاندا جۆرێک لە نەرمیی نواندووە کە ئەگەر یەکلایی کردنەوەی پرسەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق بە حەوت کەسیش بێت رازییە. ئەمەیش بەشی خۆی مەترسیی هەیە. بە ئەگەرێکی زۆر ئەمڕۆ پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دەردەهێنرێت."

لە کۆتایی بەرنامەکەدا عارف قوربانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت کورد لە پرسی دادگەی فیدراڵیدا دۆخەکە ئاڵۆز بکات و نەچێتە کۆبوونەوەکەوە بۆ ئەوەی گرفت دروست ببێت. دەبێت داوا بکەن هەر نۆ ئەندامەکە مافی ڤیتۆیان هەبێت و هەق وایە کورد ئێستا پرسی ماددەی 140 بهێنێتە پێشەوە و بەربەست لەبەردەم تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵیدا دروست بکات. بۆ ئەوەی کورد لە عێراقدا مافی نەفەوتێت، دەبێت هەر نۆ ئەندامەکە مافی ڤیتۆیان هەبێت کە ئەمە کارتێکی بە هێزە لە دەستی کورددا. بە گوێرەی ئەم یاسایەی دادگەی فیدراڵی چارەنووسی خەڵکی کوردستان ناڕوون دەبێت.

ئەو ماددانەی لە پرۆژەیاسای دادگەی باڵای فیدراڵیدا رێککەوتنیان لەسەر نەکراوە ئەمانەن:

ماددەی 2:

پەیوەستە بە پێکهاتەی دادگەی فیدراڵی، کە چەند بابەتێک لەخۆدەگرێت، وەکو: ئایا دادگەی فیدراڵی لە کێ پێکدێت، لە چەند دادوەر و شارەزای شەرعی پێکدێت، لە چەند شارەزای یاسایی پێکدێت، ئایا لە کوێ دەنگدەدەن، دەنگدەدەن یان تەنیا راوێژ دەکەن، لە چ کات و بابەتێک قسە دەکەن، شارەزایانی شەرعیی ئیسلامی ئایا مافی راوێژیان هەیە یان دەتوانن دەنگیش بدەن، ئەگەر مافی دەنگدانیان هەیە لە کوێ مافی دەنگیان هەیە. تاوەکو ئێستا ئەمە یەکلایی نەبووەتەوە و کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەر لەسەر ئەو بابەتە بوو.

بۆچوونی لایەنە شیعەکان ئەوەیە، دەبێت شارەزایانی شەرعی ئیسلامی لەگەڵ دادوەرەکان دەنگ بدەن و هەندێکی دیکەش دەڵێن: با ئەوانە تەنیا لەو بابەتانە دەنگبدەن کە پەیوەستن بە ماددەی 2ـی دەستوور کە تایبەتە بە بنەما چەسپاوەکانی ئیسلام. هەندێکی دیکەش دەڵێن: نەخێر با لە هەموو بابەتێکدا دەنگ بدەن. بۆچوونی کوردیش ئەوەیە، زیاتر راوێژکردن بێت، سووننەکانیش لەگەڵ ئەو بۆچوونەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەری مامناوەند.

ماددەی 3:

پەیوەستە بەوەی کێ مافی دیاریکردنی ئەندامانی دادگەکەی هەیە، کێ دایاندەمەزرێنێت، هەندێک دەڵێن: ناوەکان لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکرێن و سەرۆککۆمار بۆچوون و دەنگیان لەسەر دەدات، هەندێکی دیکەش دەڵێن: ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان پێشنیازیان دەکات و پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدات، پاشان سەرۆککۆمار مەرسوومی کۆماریی بۆ دەردەکات.

ماددەی 12:

تایبەتە بە میکانیزمی بڕیاردان. بە چ شێوەیەک دادگەی فیدراڵی بڕیاردەدات، ئایا لە هەموو بابەتەکاندا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ دەبێت یان زۆرینەی سادە. لایەنی کوردی بۆچوونی وایە لە هەموو کێشەکاندا پێویستە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بێت، لە بەرامبەردا لایەنە شیعەکان دەڵێن: "نەخێر با بە زۆرینەی سادە بێت"، هەروەها لەبارەی ئەو کێشانەی کە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان بەشێکن لە ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کورد داوای کۆدەنگی دەکات و شیعەکان دەڵێن "نەخێر با لەو کێشانە دوو لەسەر سێ بێت".

بەپێی ماددەی 92ـی دەستووری عێراق، ئەو یاسایە یەکێکە لەو یاسایانەی کە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی تێپەڕێندرێت، بۆیە رێبوار هادی دەڵێ: "پێناچێت هیچ لایەنێک یان دوو لایەن بە یەکەوە بتوانن ئەو ژمارەیە لە پەرلەمان کۆبکەنەوە و دەنگی لەسەر بدەن، بۆیە تێپەڕاندنی زۆر قورسە، تاوەکو ئێستا لایەنەکان رێککەوتنیان لەسەر ئەو سێ ماددەیەی ماوە نەکردووە، پێش رێککەوتنیش کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکرێت، بڕیارە ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆببینەوە، کەواتە ئەو دانیشتنەی بڕیاربوو ئەمڕۆ بۆ دەنگدان لەسەر ئەو سێ ماددەیەی دادگای فیدراڵی بکرێت یان دانیشتنەکە دوادەخرێت یان ئەو بڕگەیە لە کارنامەی دانیشتنەکە دەردەهێندرێت".

سەبارەت بە پرسی بەستنەوەی هەردوو پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی و پرۆژەیاسای بودجە، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێ: "ئێمە قبووڵمان نەکردووە ئەو دوو پرۆژەیاسایە بە یەکەوە ببەسترێتەوە، چونکە بابەتی دادگای فیدراڵی زۆر لەوە گەورەتر وەک لەوەی کە ئێستا باسی لێوەدەکرێت، چارەنووسی ئەو هەرێمە و فیدراڵیەتی لە عێراق و هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق لەسەر ئەو بابەتە وەستاوە، واتە ناکرێت ئەوان وا لێی بڕوانن ئێمە سازش دەکەین لە پرسی دادگای فیدراڵی بەرامبەر بەوەی بودجە دوادەخەن یان بە شێوازێکی دیکە تێیدەپەڕێنن، بۆیە ئێمە نە سازش لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی دەکەین لە بەرامبەر بودجە، نە رازیش بووینە ئەو یاسایە پێشی یاساکەی دیکە تێپەڕێت".

لایەنە شیعەکان، لە نێویاندا، فراکسیۆنی سائیروونی سەر بە رەوتی سەدر پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەیان بەستووەتە بە بە پەسندکردنی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی عێراق، ئەمەش بۆ ناچارکردنی لایەنە سیاسییەکان بەوەی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی پەسندبکەن و رێگە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لەمساڵدا کراوە بێت.

دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە 9 ئەندام پێکهاتووە؛ 3 شیعە، 2 کورد، 2 سوننە و تورکمانێک و کریستیانێک، بەڵام ئێستا دوو ئەندامی دادگاکە نەماون، بۆیە دادگاکە ناتوانێت کۆببێتەوە و بڕیاربدات، چونکە بەپێی یاسای دادگاکە، دادگای فیدراڵ دەبێ بە ئامادەبوون و بەشداربوونی سەرۆک و هەموو ئەندامانی کۆببێتەوە و بڕیاربدات.

بەپێی ماددەی 93ـی دەستووری عێراق، دادگای فیدراڵ 8 ئەرکی سەرەکی هەیە، کە دیارترینیان پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، کە بڕیارە هەڵبژاردنی ئەمساڵی لە 10ـی ئۆکتۆبەری داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
rudaw -
Top