ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم بۆ گوڵان: پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرایی ئاوی هەولێر لە کاتێکی پێوانەییدا تەواو بوو

ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم بۆ گوڵان: پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرایی ئاوی هەولێر لە کاتێکی پێوانەییدا تەواو بوو


ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم بەڕێوەبەری حکومەت، ڕایگەیاند پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە ڕێژەی 100% تەواو بووە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، ئەم پڕۆژەیە بە "هەنگاوێکی بێپێشینە و ستراتیژی" وەسف کرد کە لە ماوەی کەمتر لە 15 مانگدا جێبەجێ کرا و کێشەی کەمئاوی پایتەختی هەرێم چارەسەر دەکات بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ. بەهۆی ئەم پڕۆژەیە، زیاتر لە 1000 بیرەی ئاوخواردنەوە داخراون و ئاستی بەفیڕۆچوونی ئاو بە شێوەیەکی گرنگ کەمکراوە.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد بە وردەکاری باس لە میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژە کرد و ڕوونیکردەوە کە چارەسەری کێشەی بەفیڕۆچوونی ئاو تەنیا بە گۆڕین یان چاککردنەوەی بۆرییەکان ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە تیمی پسپۆڕ و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە. بە پێی ستانداردە جیهانییەکان، دەبێت بەفیڕۆچوونی ئاو لە 10% کەمتر بێت، هەروەها ئەوەی کە لە هەرێم ڕێژەیەکی زۆر زیاتر هەیە، هۆی ئەوە بووە کە پڕۆژەی خێرای هەولێر بە فریاگوزارییەکی پێوانەیی جێبەجێ بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ هەروەها هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی داچوونی زەوی بەهۆی بەکارهێنانی زۆری ئاوی ژێرزەوی و ئاماژەی بەوە کرد کە ستراتیژیی نوێی حکومەت پشتبەستنی بە ئاوی سەرزەوی و ڕووبارەکانە. ئەم دیدگایە تەنیا بۆ هەولێر نییە، بەڵکو پڕۆژەی هاوشێوە لە قوشتەبە جێبەجێ کراوە و بەرنامەی هاوشێوە بۆ سلێمانی، کۆیە، شەقڵاوە و گوێڕیش لە خشتەی کاردان.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەردەوامی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانیش گرنگ دانا و داوای کرد سیستەمی کۆنتڕۆڵکردن و هەستیار بۆ تانکییە سەربانی ماڵان دابنرێت بۆ ڕێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاو.

پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە شێوەیەکی پێوانەیی بەسەرکەوتووی تەواو بوو و بە دەستکەوتێکی ستراتیژی بۆ کابینەی نۆیەم و هاوڵاتیانی هەرێم وەسف دەکرێت، کە دڵنیابوونەوەی ئاسایشی ئاو بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین دەکات.

Top