وەزارەتی گواستنەوە: هەر ئۆتۆمبێلێکی تاکسی فۆرمی زانیاریی نەبێ شۆفێرەکەی سزای دارایی دەدرێ
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕاگەیاند: "لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پڕۆژە و پلانی گرنگ هەبوون بۆ سێکتەری گواستنەوە و ئەوانەی پەیوەندییان بە وەزارەتمانەوە هەبوو، ئەوەی کە زۆر کەموکوڕی تێدا هەبوو هێڵەکانی گواستنەوە بوون یەکێک لەوانەش تاکسی بوو کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو شپرزەییەکی پێوەدیار بوو پێویستی بە ڕێکخستنەوەبوو".
گوتیشی: "لە زۆرینەی وڵاتان تاکسی بە سەندیکا کراوە و لایەنێکی فەرمی سەرپەرشتی دەکات، لێرەش بەهۆی ئەوەی پەیوەندیداربوو بە وەزارەتی گواستنەوە ڕێککارێک دانرا بۆ دروستکردنی ناسنامەی تاکسی یاخود دروستکردنی کارتی زانیاری تاکسی، بەتایبەت لە ماوەی ڕابردوو کە بەهۆی کۆمەڵێک ڕووداوەوە سەرنشین ترسی هەبوو لەسەرکەوتنی تاکسی و شۆفێریش ترسی هەبوو لە سەلامەتی گیانی خۆی".
راشیگەیاند: "لە پاش پڕۆژەی وەزارەتەکەمان هاووڵاتیان دڵنیابوونەتەوە لە تاکسی و ترسیان نەماوە، چونکە ئێستا بە شێوازێکی مۆدێرن شریتی زانیاری و ژمارەی تاکسی و ژمارەی فریاکەوتنی لەسەر تاکسیەکە نووسراوە و لۆگۆی تایبەتی پێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا تاکسییەکان لە نێوان شارەکاندا جیا کرانەوە، بۆ ئەوەی هەرکەسەر و تاکسی پارێزگاکەی خۆی بناسێتەوە، بەو شێوەیەش شۆفێری تاکسیش ناتوانێت مافی تاکسی شارێکی تر بخوات".
جەختیشیکردەوە: "مەبەستێکی تر لەو چاکسازییەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا ئەوەبوو فەرمانبەری حکوومی یاخود مووچەخۆر نەتوانێت مافی تاکسی بخوات و ببێتە بارگرانی بۆسەر کاری تاکسی، ئێستاش ڕێکخستنی بۆ دەکرێت کە فەرمانبەری حکوومی نەتوانێت تاکسی لێبخوڕێت و بەشێکی ڕێکخستەکانیش تەواو بوون، مەبەست لەوەش گەڕاندنەوەی ماف بوو بۆ شۆفێری تاکسی، چونکە لەوانەیە ئەو هیچ پیشەیەکی تری نەبێت، ماوەیەک پڕۆژەکە بەردەوامی پێدراو %60 ی کارەکان تەواو بوون، بەڵام دواتر بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە نەتوانراوە پڕۆژەکە بەردەوام بێت، پاش ئەوە لە 4/2/2021، دووبارە دەستی پێکردەوە".
روونیشیکردەوە"تاوەکو ئێستا لە ھەولێر 7780 تاکسی لۆگۆیان پێدراوە و 5400 تاکسیش کارەکانیان تەواو بووە، لە دھۆکیش 1221 تاکسی لۆگۆیان وەرگرتووە و 777 تاکسیش کارەکانیان تەواو بووە هەروەها 2780 تاکسی لە پارێزگای سلێمانی فۆرمیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لۆگۆیان پێ بدرێت و 1115 تاکسیش کارەکانیان تەواو بووە و شریتی زانیارییان وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ ئامارێکی پارێزگای ھەڵەبجەمان لانیە و دواتر پرۆژەکە لەوێش جێبەجێ دەکرێت و ھەر شۆفێرێکی تاکسیش ئەو فۆرمە وەرنەگرێت یاخود تاکسییەکە ھی خۆی نەبێت سزای دارایی دەدرێت".
basnews -
