روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆوە

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی "راگەیاندنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە" رەتدەکاتەوە کە گوایە کەسێک بەناوی عومەر بارتان بە چاوی بەستراوەوە لە سنووری ئیبراهیم خەلیل نێردراوەتەوە تورکیا، دەڵێت، "ئێمە سەرلەبەری ئەم هەواڵە رەتدەکەینەوە".

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئەو هەواڵە بە "هەوڵێکی دیکەی راگەیاندنی چەواشەکاریی پەکەکەی دەزانین بۆ ناوزڕاندن و بەدناوکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە".

ئاژانسی فورات نیوزی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان رۆژی چوارشەممە 24-2-2021 لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عومەر بارتان تەمەنی 48 ساڵان بووە و خەڵکی ناوچەی تاتوانی سەر بە شاری بەدلیسی باکووری کوردستانە، "بەهۆی کارە سیاسییەکانییەوە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرابوو و 12 ساڵ لە زیندان مابووەوە، دوای زیندانەکەش دۆسیەیەکی دیکەش لە سەری دەکرێتەوە و فشاری دەخرێتە سەر، بۆیە لە حوزەیرانی 2019 بەناچاری روو لە باشووری کوردستان دەکات".

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکەی نزیک لە پەکەکە، ئەو کەسە لە هەولێر دەمایەوە و "لە 3ـی تەممووزی ساڵی 2019 دوای مانگێک مانەوەی لە باشوور، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستگیردەکرێت... عومەر بارتان بە خانەوادەکەی گوتووە، 28ـی مانگی کانوونی دووەمی 2021، بە دەستی کەلەپچەکراوی و بە چاوی بەستراوەوە براوەتە سنووری باکووری کوردستان و لە سنووری ئیبراهیم خەلیل بە دەست و چاوی بەستراوەوە [لە سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە] نێردراوەتەوە تورکیا".

دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ:

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە*

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ، ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە ، هەواڵێکیان بڵاوکردەوە کە گوایا کەسێک بەناوی ( عومەر بارتان ) خەڵکی ناوچەی تاتوانی تورکیا ، بە چاوی بەستراوەوە لە سنووری ئیبراهیم خەلیل نێردراوەتەوە تورکیا. ئێمە سەرلەبەری ئەم هەواڵە ڕەت دەکەینەوە و بە هەوڵێکی دیکەی ڕاگەیاندنی چەواشەکاری پەکەکەی دەزانین بۆ ناوزڕاندن و بەدناوکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان . بۆیە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/2/25
rudaw -
Top