ئەفسەرێکی پێشمەرگە: بە هەزاران کچ ئامادەن بە خۆبەخش بەرگری لە میلـلەت بکەن
نوفا خەلەف، کچێکی 26 ساڵی خەڵکی شنگالە، سێ ساڵە بووەتە پێشمەرگە و بەردەوام مەشق و راهێنان دەکات، ئەو دەڵێت، ئەمڕۆ جیاوازیی نییە کچ بیت یاخود کوڕ بۆئەوەی بەرگریی لە میلـلەتەکەت بکەیت و لە هەر جێیەک بیت شانبەشانی برا پێشمەرگەکان بەرگری لە میلـلەتی خۆت بکەیت.
ساڵی 2015 هێزێکی پێشمەرگە لە کچانی شنگال پێکهێنرا و 47 کچ بەشداربوون، دواتریش ژمارەکە زیادبوو بۆ 88 كچ، هێشتاش کچانێک هەن خوازیارن ببنە پێشمەرگە، بەڵام ژمارەی ئەوانەی وەردەگیرێن دیاریکراون.
خاتێ عەلی، ئەفسەری پێشمەرگە دەڵێت، "ئەوانەی ئێستا 88 کچن، بە هەزاران کچیش ئامادەن بە خۆبەخشی بەبێ هیچ بەرامبەرێک بەرگریی لە میلـلەتی خۆیان بکەن، ئەگەر ئەو ئافرەتانە نەیانزانیبایە پێشمەرگایەتی کارێکی پیرۆزە و سیستەمی پێشمەرگایەتی جیاوازە لەگەڵ هەر سیستەمێکی دیکە، ئەوا داوایان نەدەکرد ببنە پێشمەرگە".
ئەو کچانەی شنگال مەشق و راهێنانی توانای جەستەیی، هەڵگرتنی چەک و تیۆرییان وەرگرتووە، رۆژانەش هەشت کاژێر مەشق و راهێنانیان کردووە.
عەزیز وەیسی، فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەڵێت، رۆژانە هەشت کاژێر مەشق و راهێنانیان دەکرد، دەرکەوت کە چەند زیرەک و باشن، "لە ماوەی خولی راهێنانەکە و ئامادەبوون و تەکتیکی سەربازی و تەقەکردندا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا فێربوون".
بەهۆی هێرشی داعش بۆسەر شنگال زۆرترینی ئەوانەی بوونە قوربانی کچانی کوردی ئێزدی بوون، هەربۆیە هەندێکیان بەشێوەی هزری و پراکتیکی خۆیان پڕچەک کردووە.
rudaw -
