وتارى مهسرور بارزانى له ڕێوڕهسمى كردنهوهى قۆناغى یهكهمى شهقامى 150 مهتریی ههولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/2/25، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی شەقامی 150 مەتریی هەولێر كرایهوه، ههر له ڕێوڕهسمهكهدا مهسرور بارزانى وتارێكى پێشكهش كرد و گوتى: "بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری، لە كابینەی پێشتر دانرا، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك و قەیرانی دارایی جێبەجێ نەكرا".
سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان ئاماژهى بهوهش دا: "ئێمە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەمان هەستمان بە گرنگیی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كرد و زوو بڕیارمان دا كە پێویستە ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێت و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان بە تایبەتیش هەولێر".
مهسرور بارزانى باسى لهوهش كرد: "گرنگیی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە كە ئاسانكاری دەكات بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان و بە تایبەتیش هەولێر، لە گەیشتن بە شوێنی مەبەست، هەروەها دەتوانێ هەولێر بە شارەكانی دەوروبەری ببەستێتەوە و ئاسانكاریش بكات كە پارێزگاكانی دیكە لەم ڕێگەیەوە زووتر بە یەكتر بگەن".
دهقى وتارهكهى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشك و برایانی بەڕێز
ئامادەبوانی هێژا
زۆر بەخێر بێن
بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری، لە كابینەی پێشتر دانرا، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك و قەیرانی دارایی جێبەجێ نەكرا.
ئێمە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەمان هەستمان بە گرنگیی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كرد و زوو بڕیارمان دا كە پێویستە ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێت و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان، بە تایبەتیش هەولێر.
گرنگیی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە كە لە گەیشتن بە شوێنی مەبەست، ئاسانكاری دەكات بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان و بە تایبەتیش هەولێر، هەروەها دەتوانێ هەولێر بە شارەكانی دەوروبەری ببەستێتەوە و ئاسانكاریش بكات كە پارێزگاكانی دیكە لەم ڕێگەیەوە زووتر بە یەكتر بگەن.
دەستخۆشی لە هێمن گرووپ دەكەین وەك كۆمپانیای جێبەجێكار، كە زووتر لە كاتی خۆی و زۆر بە ڕێكوپێكی كارەكانیان جێبەجێ كردووە، سوپاسیان دەكەم بۆ خۆڕاگریشیان هەروەك بیستمان كە حكوومەت تووشی قەیرانی دارایی بووە و وەك پێویست نەمانتوانیوە ئەو پڕۆژانە پارەدار بكەین كە لەلایەن كەرتی تایبەت جێبەجێ كراون.
سوپاسی كۆمپانیاكانی هێمن گرووپ و هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كەرتی تایبەت دەكەم كە لە پارێزگاكانی دیكەشدا یارمەتیی حكوومەتیان داوە و لە ئەركی خۆیان پڕۆژەكانیان جێبەجێ كردووە. دڵنیاشیان دەكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە دانەوەی شایستە داراییەكانیان. هیوادارم لە كاتێكی گونجاودا كاتێك توانیمان ئەم قەیرانە تێپەڕێنین، شایستەكانیان بۆ بگەڕێنینەوە.
داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەكەم كە ئەم شەقامە بەكار دێنن، وریا بن، شەقامێكی جوان و ڕێكوپێكە، تكاتان لێدەكەم بە باشترین شێوە ئەم شەقامە و شەقامەكانیتری كوردستان بەكار بهێنن، چونكە هەندێكجار خێرا لێخوڕین لەوانەیە كارەساتی لێ بكەوێتەوە، بیر لە خۆتان و لایەنی بەرامبەریش بكەنەوە. ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بەهەند وەربگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە سوود لەم شەقامە وەربگرن.
خۆشەویستان
ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەتەوە كە هەندێكیان سروشتین و بەدەست كەسمان نەبووە، وەك پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و هەرەسهێنانی ئابووریی جیهان، بەڵام هیچ لەو هۆكارانە نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم بەردەوامبوونمان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری. بەڵكوو لە كارەكانمان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و چاكسازی بەردەوام دەبین، هەرچەند هەوڵ هەبوون بۆ ڕێگری لەم چاكسازییە، لە زۆر رووەوە ناحەزانی هەرێمی كوردستان هەوڵی تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیان داوە. زۆر لایەنیش هەبوون كە چاویان بە سەقامگیری و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان هەڵنەهاتووە، ئەو هەوڵانەی بۆ نەهێشتنی متمانەی خەڵك بە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان سوپاس بۆ خوا سەریاننەگرت، هیچ یەكێك لەم قەیرانانە نامانوەستێنن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانمان بۆ چاكسازی و ئاوەدانی و پێشخستنی كوردستان.
بەردەوام دەبین لە گەیاندنی كارە خزمەتگوزارییەكان، لەو چەند ڕۆژەی رابردووشدا بڕیارمان لەسەر بودجەی ٢٠٢١دا كە كارە خزمەتگوزارییەكان، بە تایبەتیش پەرەپێدانی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام بن، بڕە بودجەیەكی تایبەتیشمان بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان تەرخان كردووە، ئەمە جگە لەو پڕۆژانەیە كە وەزارەتەكان بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێیان دەكەن.
جارێكیتر دەستخۆشی لە كۆمپانیای هێمن گرووپ دەكەم كە توانیویانە بەدەست و بازووی خۆماڵی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ دەكەن و هیوادارم بەردەوام بین پێكەوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكالنی دیكەش.
بابەتێكی دیكەش هەیە دەمەوێ بیخەمە ڕوو
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر شاری هەولێری خۆشەویست و فڕۆكەخانە بووە ئامانجی تیرۆریستان و چەند مووشەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیری ئاراستە كران، لەو ڕۆژەوە دەزگاكانی هێمنایەتی و ئاسایش و هەموو ئەو لایەنە بەرپرسانەی لە هەرێمی كوردستان ئەركیان لەسەر شانە، كەوتنە خۆ و كارێكی زۆر بەپەلە و خێرایان كرد تا بتوانن ئەو تاوانبارانە دەستنیشان بكەن، هەر زوو سەرەداوی باشیان كەوتە دەست و توانییان ڕۆژ بە ڕۆژ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو لایەنەی لە پشت ئەو كردەوە تیرۆریستییە بووە، بەدەست بهێنن، بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم پێتان ڕابگەیەنم كە دەستكەوتی زۆر باشیان هەبووە و زانیاریی باشیان كۆ كردووهتەوە و ئەنجامی زۆر باشیشیان هەبووە.
هەر دوای ئەوە من راستەوخۆ پەیوەندیم بە سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كرد و لەگەڵ هاوپەیمانان ئەو زانیارییانەمان هاوبەش كرد، تا بەدواداچوونی زیاتر بكرێت بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەو لێكۆڵینەوەیە.
لەبەر ئەوەی هێشتا لێكۆڵینەوە بەردەوامە، نامەوێ هەموو بابەتەكان بە راشكاوی باس بكەم، بەڵام دەمەوێ ئەوە بە هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان رابگەیەنم كە شكور بۆ خوا توانیومانە دەستنیشانی ئەو لایەنە بكەین، زۆر شتی تریش كەوتووهتە دەست كە ئینشاڵا لە كاتێكی نزیكدا دواتر لایەنە بەرپرسەكان ئەم هەواڵە بە هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان رابگەیەنن.
خوا یار بێت بە پشتیوانیی ئێوە كوردستان هەر سەقامگیر بێت
ئیرادەی پۆڵایینی ئێوەی خۆشەویست وادەكات لە خزمەتكردنی كوردستان و بەرگریكردن لێی، بەردەوام بین.
خۆشەویستان لە چەند ڕۆژی رابردوو لە وەزارەتی تەندروستییەوە بیستمان كە چەند نموونەی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی كوردستان سەریانهەڵداوە، ئەمە ئەركێكیتریشمان دەخاتە سەر كە پێویستە پابەند بین بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی كەسوكارمان و خۆمان و هاووڵاتییانی كوردستانیش، جارێكی دیكە داواتان لێدەكەم پابەندی ڕێنماییەكان بن و بەردەوام بن لێی.
جارێكی دیكە سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم و سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم. هیوادارم كوردستان هەر ئاوەدان بێت و ئێوەش هەر سەركەوتوو بن.
باسنيوز
