مونا قەهوەچی: ئەم کابینەیەدا زۆرترین ماف بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوە

مونا قەهوەچی: ئەم کابینەیەدا زۆرترین ماف بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوە


مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند ئێستا هەموو پێکهاتەکان لە عێراق کێشەیان هەیە، بەتایبەتی لەڕووی نوێنەرایەتی و کارکردن لە دامەزراوەکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەموو پێکهاتەکان نوێنەراییەتییان هەیە لە پەرلەمان و ئەم کابینەیەش زۆرترین مافی بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوە.

مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/2/2021 لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی تورکمانی کە لە پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی ناسێندراوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان زۆرترین مافمان پێ دراوە، بەڵام هێشتا داواکاریی دیکەمان هەیە، بەتایبەتی لەڕووی ڕۆشنبیری و میدیاییەوە.

هاوکات لەمبارەوە ئایدن مەعرووف، وەزیری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا پێکهاتەکان ڕۆڵ و کاریگەریی فراوانیان لە بەشداریی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستاندا هەیە و ئەوەش وێنەیەکی جیاوازی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە"

وەزیری پێکهاتەکان گوتیشی: "ئێمە بۆ داواکارییەکانمان لە حکوومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان بە نموونە دێنینەوە، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو مافێکی ئێمەی لە بەرچاو گرتووە، چونکە زۆر گریگیی بە پێکهاتەکان دراوە، جگە لەوەش مافی ڕۆشنبیری و سیاسیمان پێ دراوە".

هاوکات مونا قەهوەچی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (باسنیوز)دا لەبارەی پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان گەڕێکی دانیشتنی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەست پێ کردووە و سێ لایەنە سەرەکەییەکەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم ڕەزامەندن کە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا گفتوگۆکان لەبارەی دەستوورەوە تەواو بکرێن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و مانەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بۆیە قسەکردن لەسەر دەستووری هەرێمی کوردستان جارێ ڕاگیراوە و لە دەرفەتی گونجاودا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەو پرسە قسە دەکات".






باسنيوز
Top