سێ لیوای دیکەی حەشدی شەعبی رەوانەی شنگال کراون
بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی قوتابخانە و باڵەخانە حکومییەکان و بەشێک لە خانووە چۆڵەکانیان کردووە بە بارەگا و شوێنی حەسەوانەوە. فەرماندەکانی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوە دەدەن کە بە فەرمانی سەرووی خۆیان هاتوونەتە سنوورەکە و هەر کاتێک بڕیارێکی نوێ بێت ناوچەکە چۆڵدەکەن. عێراق نیگەرانە لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە شنگال، ناردنی هێزی زیاتری حەشد لە کاتێکدایە کە دەبوو بەپێی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ قەزاکە دروست بکرێت و سەرجەم هێزەکان بە حەشدی شەعبیشەوە لە شارەکە بچنە دەرەوە.
ئەو سێ لیوایە بریتین لە لیواکانی 14 و 21 و 33، بەشێوەیەک لیوای 14 لە چیای شنگال و لیوای 21 لە رۆژهەڵاتی شنگال لە چیای سینۆ و لیوای 33 لە رۆژئاوای شنگال لە سەربازگەی دۆمیز و ناوچەی حەیالی جێگیرکراون. ئەمە وێڕای ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە پێشتر لە شنگال بوون. بەشێک لە بەرپرسانی حەشد بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرش و پەلامارێکی سوپای تورکیا هاتوونەتە شنگال.
بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی 9-10-2020 حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارۆچکەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان رێککەوتنێکیان واژۆکرد.
بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت سەرجەم هێزەکان بچنە دەرەوەی شنگال لەوانەش حەشدی شەعبی، ئیدارەی هاوبەش لە قەزاکە پێکبهێنرێت، و دۆسیەی ئەمنی لە دەست حکومەتی فیدراڵی بێت.
ئەو رێککەوتنە بە سەرەتایەک دانرا بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140 بە کەرکووکیشەوە هەمان شێوەی رێککەوتن بکرێت، بەڵام چوار مانگ و نیوە بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە، بەپێچەوانەوە حەشدی شەعبی هێزی زیاتری رەوانەی شنگال کردووە. وێڕای چەندین جار هەوڵدان بەڵام وەک وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، بەغدا خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەدزێتەوە.
لیوای 14 هێزی کەتائب سەیدوشوهەدایە بە سەرۆکایەتیی ئەبو ئەلاء وەلائی، لیوای 21 رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، لیوای 33 هێزی وەعدلڵا- لیوای شەباب رسالی بە سەر حزبی فەزیلەن، ئەمە وێڕای هێزەکانی نوجەبا و حزبوڵڵا و ئەو هێزە حەشدەی بۆ کوردانی ئێزدی دروستکراون. سەرۆکی دەستەی حەشدی، نیگەرانە لەوەی بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نزیک هێزەکانی پێشمەرگە بە دروستکردنی هەستیاریی دابنرێت.
فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەو رۆژانەدا هەندێک هەوڵدەدەن حەشدی شەعبی وەک یەکێک لە پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقییەکان بە تووندڕەو وێنا بکەن، یاخود بە هەڵوێستێک کە جیای دەکاتەوە لەگەڵ ئەوانی دیکە و بەوەی تووندە، بەتایبەتی لەو رۆژانەی دواییدا لەگەڵ برایانی کورد کە ئەمە راست نییە".
لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا فالح فەییاز ئاماژە بەوە دەدات: "ئێمە لەگەڵ پێشمەرگە بەشداریی شەڕەکانمان کردووە و خوێنمان تێکەڵی یەکدی بووە، رازی نابین بە تووند ناومان بهێنرێت، یاخود بوونمان لە تەماسی پێشمەرگە و هێزی دیکە کە هەستاریی دروست بکات، ئێمە سوورین لەسەر برایەتی نێوان عەرەب و کورد و سوورین لەسەر برایەتیی سوننە و شیعە، ئێمە سوورین لەسەر پاراستنی ئەم وڵاتە".
هەروەها عەلی حوسێنی، گوتەبێژی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هێزانە بە فەرمانی سەرووی خۆیان رەوانەی شنگال کراون بە مەبەستی هاوکارییکردنی هێزەکانی پۆلیس و سوپای عێراقی لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا.
rudaw -
