ئاوات شێخ جەناب: داهات زیاتربێ رێژەی لێبڕینی مووچە کەم دەکرێتەوە
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی (کوردستان24) گوتی: "پرۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و بەرەو تەواو بوونە، هەندێک کێشەی هونەری ماون، وەکوو نرخی نەوت و بودجەی پێشمەرگە و هەندێک داتای وەزارەتەکان تەواو بێ بە چەند ڕۆژێک پەسند دەکرێ و بۆ پەرلەمانی کوردستان دەنێردرێ".
وەزیری دارایی گوتیشی: "بودجە هەنگاوێکی گرنگی شەفافیەت و بەرەنگاری گەندەڵی و چاکسازی دەبێ کە کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە کارنامەکەیدا پەسندی کردووە".
هەروەها ئاوات شێخ جەناب لەبارەی مووچەوە گوتی: "بەهۆی قەیرانی دارییەوە مووچە بووە بەرپرسیاریەتی هەموومان، پرسی لێبڕینی مووچەش بڕیاری تەواوی حکوومەتە و ناچاری بووە بەمەبەستی خۆ گونجاندن بووە، خۆشبەختانە ئێستا هەنگاوەکان بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆ بەرەو پێشچووە، ئەگەر داهاتەکە باشتربێ ڕێژەی لێبڕینی مووچەش کەم دەکەینەوە".
لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا گوتی: "کێشەکە بە تەنها لەسەر پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو کێشەی تریش هەیه بۆ نموونە لە تەواوی عێراق داوای سندوقێکی داهاتی نەوت دەکرێ که 5%ی داهاتاکانی بۆ پارێزگاکان بێ، تاوەکوو ئێستا شیعەکان له نێوخۆیاندا ڕێککەوتنی خۆیان لەبارەی ئەو بڕگانە نەکردووە کە پەیوەستن بە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجە، ئەگەر ئەوان پێشنیازێکیان هەبێ، ئەگەرنا کاری شاندی ئێمه لەسەر هەموو ئاستەکان تەواو بووە".
باسنيوز
