توركیا وەزیری دەرەوەی یۆنان لە ئاسمانەوە دەستبەسەر دەكات

توركیا وەزیری دەرەوەی یۆنان لە ئاسمانەوە دەستبەسەر دەكات
ئێوارەی ئەمڕۆ حكوومەتی یۆنان بە توندی ناڕەزایی لە دژی حكوومەتی توركیا دەربڕی لە بەرانبەر ئەوەی بۆ ماوەی 20 خولەك ڕێگە بە فڕۆكەی وەزیری دەرەوەی یۆنان نەدراوە بە ئاسمانی توركیادا بفڕێت، لەمبارەیەوە ئەسینا دەڵێ ئەنكەرا لە ئاسمانەوە وەزیری دەرەوەی دەستبەسەر كردووین.

حكوومەتی ئەسینا رایگەیاندووە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەو كاتەی وەزیری دەرەوەی یۆنان لە عێراقەوە دەگەڕایەوە یۆنان، دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی توركیا بە مەبەست بۆ ماوەی 20 خولەك ڕێگریان لە تێپەڕینی فڕۆكەكە كردووە بە ئاسمانی توركیادا.

لای خۆیەوە توركیا ئەم تۆمەتەی ڕەت كردووەتەوە و رایگەیاندووە فڕۆكەیەك لە ئاسمانی عێراقەوە بە بێ ئەوەی ئاراستەی ڕوون بێت ویستوویەتی بە ئاسمانی توركیادا تێپەڕێ، بەڵام دوای ئەوەی ئاراستەكەی ڕوون بووەوە، ڕێگە درا بە تێپەڕینی.

جێی باسە بارودۆخی نێوان توركیا و یۆنان گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپی لەسەر ناكۆكییەكانیان بەهۆی سنووری وشكانی نێوانیان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە غازی سرووشتی، ئەمەش لە كاتێكدایە هەردوو وڵات ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆن.










باسنيوز



Top