320 ملیار دینارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان

320 ملیار دینارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، 320 ملیار دینارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و رەتیشی کردەوە لیستی نوێی دابەشکردنی مووچەیان بڵاوکردبێتەوە.

پێشتر ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتبوو، حکومەتی عێراق 320 ملیار دینارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش گوت، بڕیارە پارەکە "لە ماوەی 24 کاژێردا" بگاتە هەولێر.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ئەوەشی خستەڕوو، هیچ بڕە پارەیەک نەنێردراوە و سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی لیستێکی نوێی مووچەی فەرمانبەران؛ روونیشیکردەوە، ئەو لیستەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هەمان لیستی مووچەی مانگی رابردووە و تەنیا بەروارەکەی گۆڕاوە.

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە، ئاخۆ لەگەڵ گەیشتنی 320 ملیار دینارەکەی بەغدا، مووچە دابەشدەکرێت یاخود نا، ئەو سەرچاوەیە راگەیاند، دۆخی دارایی بەغدا جێگیر نییە، بۆیە ناتوانن ئێستا هیچ بەڵێنێک بدەن.

پێشتر جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بۆ دابەشکردنی مووچە دوو بۆ سێ بژاردەیان هەیە، بەڵام ئامادە نەبوو باس لە بژاردەکان بکات.
rudaw -
Top