جێگری پارێزگاری نەینەوا: ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەبێتە هاندەرێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال
عەلی عومەر کەعبوو، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری ڕێکخراوەکان ڕايگەیاند: "ڕەوشی شنگال گەیشتبووە ئاستێکی مەترسیدار و لەمێژە خەڵکی شنگال چاوەڕێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بوون، چونکە دوای ئەم ڕێککەوتنە دەست بە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی شنگال دەکرێت و ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی پێشتر بەنیازی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بوون، بەڵام لەبەر نەبوونی ئیدارەی شەرعی و بوونی گرووپی چەکدار و میلیشیا نەیاندەتوانی لەوێ چالاک بن، دوای ئەم ڕێککەوتنەی هەولێر و بەغدا، ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال دادەنرێت و کاری باشتر لە سنووری شنگال دەکرێت".
جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەش دا: "پێشتر و ئەوکاتانەی ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەچوونە شنگال و کاری ئاوەدانی بکەن، ئیدارەیەکی ناشەرعی ببووە ئاستەنگ لەبەردەمیان، بەڵام بە جێبەجێبوونی ئەم ڕێککەوتنە ڕەوشەکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی شنگالدا دەبێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
باسنيوز
