سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: دەبێت پەكەكە لە شنگال بچێتە دەرەوە

سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: دەبێت پەكەكە لە شنگال بچێتە دەرەوە
سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوای دەرچوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شنگال دەكات و دووپاتی كردەوە كە لە ماوەی ڕابردوودا خەڵكی دەڤەرەكە باجی ئەوەیان داوە كە پەكەكە لە ناوچەكەیاندا بووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 11/10/2020، سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كە كوردێكی ئێزدییە، ڕایگەیاند، وەك دەزانرێت شنگال دەكەوێتە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری عێراقەوە، ئێستا گرنگە كە رێككەوتن لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال بەپێی دەستوور كراوە، سەرەكیترین بابەت، دەركردنی هێزە نامۆكانن بەتایبەتی چەكدارانی پەكەكە.

سەیدۆ چەتۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پەكەكە لە دەرەوەی یاسا وەكوو هێزێكی خۆسەپێن هاتوونەتە شنگال و خەڵكی شنگال و كوردانی ئێزدی باجی بوونی ئەوانیان لە شنگال داوە و دەبێ ئەو هێزە ناشەرعییانە لە شارەكەدا نەمێنن.

بە هۆی بوونی بارەگاكانی پەكەكە لە شنگال، چەند جارێك توركیا بۆردومانی شارەكەی كردووە و چەتۆ پێی وایە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كۆتایی بەو گرفتانە دێ.










باسنیوز

Top