له‌ ڕاپه‌ڕین پڕۆژه‌یه‌كى كاره‌با جێبه‌جێ ده‌كرێت

له‌ ڕاپه‌ڕین پڕۆژه‌یه‌كى كاره‌با جێبه‌جێ ده‌كرێت
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌باى سلێمانى، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌ ڕاپه‌ڕین پڕۆژه‌یه‌كى كاره‌با جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌مه‌ش كێشه‌ى بارزۆربى چه‌ند فیده‌رێك چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 11/10/2020، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌باى سلێمانى، ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "لەسەر بوودجەی داهاتی كارەبای بەرێوەبەرایه‌تیی گشتیی كارەبای سلێمانی و به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى بارزۆریى تۆڕى كاره‌باى چه‌ند فیده‌رێك و بەپێی گرێبەستێك كە لەگەڵ كۆمپانیایەك ئەنجام دراوە، بەبڕی 179 ملیۆن و 825 هه‌زار دینار، پڕۆژەیەك له ‌سنوورى‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین جێبه‌جێ ده‌كرێت".

پرۆژەكه‌ش بریتییه‌ لە: پڕۆژه‌ى به‌ژێرزه‌وىكردنى به‌شێك له‌ فیده‌رى هه‌شت به‌مه‌به‌ستى هاوسه‌نگكردنى له‌گه‌ڵ فیده‌رى سێى وێستگه‌ى بنارى حاجینه‌ و فیده‌رى (3+8) ، چاره‌سه‌ركردنى بارزۆرى و چاكسازیی فیده‌رى 13ى وێستگه‌ى سه‌نگه‌سه‌ر.

كاره‌باى سلێمانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، پڕۆژكه‌ له‌سه‌ر داهاتى 8%ى كاره‌با و لەلایەن كۆمپانیای (سانان) جێبەجێ دەكرێت، بڕیاره‌ لەماوەی 50 ڕۆژدا تەواو بێت.











باسنيوز





Top