پێشکەشکارانی ماستەر و دکتۆرا پێویستە بۆ خوێندن مۆڵەت وەربگرن

پێشکەشکارانی ماستەر و دکتۆرا پێویستە بۆ خوێندن مۆڵەت وەربگرن
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەموو ئەو خوێندکارانەی داوایان بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دیبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی پێشکەشکردووە و لە یەکێک لە دامودەزگەکانی هەرێمی کوردستان یان عێراق دامەزراون، پێویستە مۆڵەتی خوێندن وەربگرن.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چوارچێوەی رێکارەکانی دەستپێکردنی خوێندنە بۆ ئەو خوێندکارانە بۆ ساڵی خوێندنی 2020 بۆ 2021.

ئەو پێشکەشکارانەی پێویستە مۆڵەتی خوێندن وەربگرن ئەوانەن کە بە شێوەی هەمیشەیی لە یەکێک لە فەرمانگە حکومییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دامەزراون. لە راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە "بەپێچەوانەوە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن، نابێت فەرمانی کارگێڕیی دەستبەکاربوون لە خوێندن بۆ وەرگیراوەکان لەلایەن زانکۆکانەوە دەربکرێت".

ئەوانەی داوای خوێندنیان بۆ دیبلۆمی باڵای یەک ساڵی، ماستەر و دکتۆرا پێشکەشکردووە، ئەگەر ئەو مۆڵەتە نەبەن، ئەوا "سڕینەوەی ناویان بۆ دەکرێت ئەگەر لە هەر قۆناخێکی خوێندنەکە بن".

هەر بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەو خوێندکارانەی کە وەرگیراون بۆ خوێندن لە یەکێک لەو سێ ئاستە، دەبێت پێش دەستپێکردن بە خوێندن، دەستەبەری دارایی بدەن.

rudaw -
Top