کەرکووک؛ هاووڵاتییەک خانووەکەی دەڕووخێنن، پاڵی پێوەدەنێن و بە جەڵتە دەمرێت
بڕیار یابە یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی لە ساتی هاتنی تیمەکانی قایمقامیەت رێگریی کرد لەوەی خانووەکانی گەڕەکی گۆڕەپانی ئاهەنگەکان بەتەواوی تەختی زەوی بکرێن، بەڵام هێرشی کراوەتەسەر و بریندارکراوە. ئەو کە پێشمەرگەیە دەڵێت "ئەو کەسەی گیانی سپارد، پاڵیان پێوەی نا، چوەوە ماڵ و کۆچی دواییکرد بەو پاڵ پێوەنانە، منیش کەوتمە سەر زەوی و بورامەوە، دەمەوێت دەنگم بگاتە هەموو عێراق، هەموو کوردستان، من خۆم پێشمەرگەم، ئاخر چی بکەم؟"
ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە بەناچاری خانووەکانیان جێدەهێڵن، دوای ئەوەی هۆشدارییان پێدراوە لە ماوەی دوو رۆژدا خانووەکانیان بەتەواوی دەڕوخێندرێن.
عەدنان مستەفا شۆفێری تەکسییە، دەڵێت "هاتوونە بۆ گیانمان دەستدرێژیی دەکەن بە چەکەوە، خانوویەکم گرتووە لێرە دەڕۆم، کابرایەک بە خۆڕایی پێیداوم".
هەندێ ماڵی دیکە کە هیچ شوێنێک شکنابەن تا بۆی بڕۆن، پێداگیرن لە نەڕۆیشتنیان، دوای رووخاندنی بەشێک لە خانووەکانیان ئامادە نین جێیبهێڵن ئەگەر قەرەبوویان نەکەنەوە.
زاهیر حەمید، دانیشتووی گەڕەکەکە ئاماژەی بەوە کرد "چارەیەکمان نییە، ئێمە زەوی داگیرناکەین، هەژار و کەمدەرامەتین، لەجیاتی ئێرە ئەڵتەرناتیڤمان دەوێت، خەڵکەکە گوتیان بۆ کوێ بڕۆین، کەچی ئەوان تەقەیان لە خەڵک دەکرد".
قایمقامییەتی کەرکووک بە وەکالەت رایگەیاند، بۆ رووخاندنی ئەو خانووانە بڕیاریان هەیە و جێبەجێی دەکەن، زەوییەکەی موڵکی وەرزش و لاوانە و پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
فەلاح یایچلی، قایمقامی کەرکووک بە وەکالەت ئاماژەی بەوە کرد "ئەمە زیادەڕۆییە لەسەر موڵکی دەوڵەت، وەک دەزانن، هەموو زیادەڕۆییەک لادەبرێت لە هەر شوێنێکی کەرکووک کە بڕیاری 154 دەیگرێتەوە، بڕیاری دادوەری ناوێت، چونکە بڕیاری 154 سەرۆکی یەکەی کارگێڕیی دەستکراوە دەکات و دەستوەرنادات، راستەوخو لادەبرێت".
لەدوای ساڵی 2003وە کە ئاوارەکان گەڕانەوە شارەکەیان، چاوەڕێبوون حکومەت زەوییان پێبدات و قەرەبووی دەربەدەرییان بکاتەوە،
بەڵام کە ئەوە نەکرا، چەندین گەڕەکی زیادەڕۆ دروستبوون، لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017وە لەژێر حوکمڕانیی ئیدارەی ئێستا لە باشووری شارەکە زیادەڕۆیی بە ئاشکرا دەکرێت، کەچی لەملاشەوە ناوبەناو ئەو گەڕەک و خانووانە تێکدەدرێن کە ساڵانێکە دروستکراون.
rudaw -
