سەرکردەیەکی یەکێتی: لە نێو یەکێتی نیازی ئەوە ھەیە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بکرێت

سەرکردەیەکی یەکێتی: لە نێو یەکێتی نیازی ئەوە ھەیە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بکرێت
سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای گەیاند كە لە نێو حزبەكەیدا نیازی ئەوە هەیە، ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێت.

حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوەکانی دوکان و ھەولێر، لەسەر چەند خاڵێکی دیاریکراو گفتوگۆیان کردووە و بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا لەسەر خاڵەکانی نێو کۆبوونەوەکە ڕێکبکەون، بەڵام “تا ئێستا کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەكراوە و ئەگەر ھەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە”.

جەختیشی كردەوە كە ئەوان ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە بە “کارێکی باش و گرنگ”دەزانن. گوتیشی: “پێشتر یەکێتی و پارتی ناکۆک بوون، باشە چ قازانجێکمان لەو ناکۆکییانە کردووە؟ تەنھا ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا ھێناوە، بۆیە تەبایی و یەکڕیزی ئەرکی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە، تاوەكوو بتوانین بە ھەموومان پێکەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و بەشداری لە چارەسەرکردنی كێشەكان بکەین”.

حاجی مەسیفی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی و پارتی نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو مێژووەی کە ھەموو میللەتی کوردی ناڕەحەت کرد، ئێستاش ئەگەر ڕێك نەكەوین، ناتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵکوو کێشەکان زیاتر چەق دەبەستن، ئەوکاتەش هیچ لایەنێک قازانج ناکات.

دووپاتیشی كردەوە: “یەکێتی و پارتی باش یەکتر دەناسن، بۆیە ئەو دوو حزبە بە باشی دەزانن لە یەکتری نزیک ببنەوە، لە نێو یەکێتیش نیازی ئەوە ھەیە کە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی واژۆ بکرێت”.











باسنیوز



Top