محەمەدی حاجی مەحمود: ڕیفراندۆم ئەو تاپۆ ڕەشەیە كە كورد هەر كاتێك بیەوێ دەتوانێ بەكاری بهێنێت
سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە تاپۆی رەش ناو دەبات، کە هەرکاتێک گەلی کوردستان بیەوێ دەتوانێ بەکاری بهێنێت.
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان بە (دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاندووە، رۆژی 25ـی ئەیلوول ”رۆژێکی پیرۆز و مێژووییە“، کە تێیدا گەلی کوردستان دەنگی خۆی بە هەموو جیهان گەیاند.
محەمەدی حاجی مەحمود هەروەها رایگەیاندووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تاپۆیەکی رەشە، کە لە گیرفانی هەموو کوردێکە و هەرکاتێ بیەوێ دەتوانێ دەری بهێنێت و کاری پێ‌بکات.
سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو رۆژە مێژووییە ”بە ئاسانی دووبارە نابێتەوە و پێویستیش نییە دووبارە ببێتەوە“ و تێیدا کورد ویستی خۆی بۆ سەربەخۆیی و رزگاربوون لە پلە دوویی و پلە سێی لە وڵاتانی دەوروبەری کوردستان، نیشان دا.
هەروەک محەمەدی حاجی مەحمود، کە بە کاکە حەمەش ناودەبرێت، رایگەیاندووە، هەموو کاتێک بۆ کارکردن بە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لەبارە، ”من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌نها گوندێكیشمان له كوردستان هه‌بێت حه‌قه ئه‌وه به‌كاربهێنیین و ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌نیین،چونکە کە له‌گوندێك ڕامانگه‌یاند، ده‌گاته‌وه هه‌موو شوێنه‌كانی تر خۆی بۆ خۆی“.
کاکە حەمە بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت، لەکاتێکدا هەموو دونیا باسی ئازادی دەکات، ”ئه‌ی میلله‌تێكی 40 ملیۆنی بۆ ژێرده‌سته بێت بۆ ده‌ڕۆن ده‌وڵه‌تێك له سودان جیاده‌كه‌نه‌وه و ده‌وڵه‌تێكی بچوكی بۆ دروست ده‌كه‌ن له باشوری سودان ڕایده‌گه‌یه‌نن و هه‌موو دنیا پشتیوانی لێده‌كات و له سودانی گه‌وره‌ی جیاده‌كه‌نه‌وه، بۆ ته‌یموری ڕۆژهه‌ڵات له 250 ملیۆن خه‌ڵكی ئه‌نده‌نوسیا و ئیسلامه‌كان جیاده‌كه‌نه‌وه و ده‌وڵه‌تێكی بۆ ڕاده‌گه‌یه‌نن“.
سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە حکوومەتی عێراق بڕیاری داگیرکردنەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی دابوو، ئەو بڕیارەش ”هیچ پەیوەندییەکی بە ریفراندۆمەوە نەبوو“.
محەمەدی حاجی مەحمود باسی رۆڵی سەرۆک بارزانی لە سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، ”کاک مه‌سعود بارزانی كارێكی گرنگی كرد هه‌م بۆ مێژووی خۆی و حیزبه‌كه‌ی، هەم بۆ كه‌سایه‌تی خۆی، كارێک ئه‌و كردوویه‌تی له مێژوودا نه‌كراوه“.
لەبارەی ئەو لایەنانەی لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پەشیمان بوونەوە، کاکە حەمە رایگەیاندووە، ئەوان ”ده‌بوو ئه‌و كاته په‌شیمان ببونایه و نه‌هاتنایه سه‌ر سندوقی ده‌نگدان، هه‌میشه هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك خاوه‌نی زۆره، به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌ویت هه‌موو كه‌سێك له ده‌ستی هه‌ڵدێت، ئێمه له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆمانین و ڕیفراندۆم به‌كارێكی باش ده‌زانیین ، و به‌رده‌وامیش ده‌بین، ریفراندۆم كارتێكی گرنگی ده‌ستی خه‌ڵكی كوردستانه به‌رامبه‌ر به ناحه‌ز و دوژمنه‌كانی“.
هەروەک سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان سەرکەوت و بەتایبەتیش لەو ناوچانەی وەک کەرکووک و خانەقین، کە گوشاری زیاتریان لەسەر بوو، سەرکەوت و زیاتر دەنگی دایەوە و ئێستاش له ئه‌رشیڤی هه‌موو وڵاتانی دنیادا، له ئه‌وروپا، ئه‌مریكا، ئوسترالیا و ئاسیا ریفراندۆم هه‌یه.
باسنيوز
