وەزارەتی كشتوكاڵ: پێشتر چەندانجار داوا كراوە شوێنی دار سنه‌وبەرەكانی سلێمانی بكرێتە پڕۆژە

وەزارەتی كشتوكاڵ: پێشتر چەندانجار داوا كراوە شوێنی دار سنه‌وبەرەكانی سلێمانی بكرێتە پڕۆژە
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا لە بارەی سووتانی دارسنەوبەرەكانی شاڕێی نێوان سلێمانی تاسڵووجە، ئاماژەی بەوە كرد، پێشتر چەندانجار داوا كراوە شوێنی ئەو دار سنه‌وبەرانە بكرێن بە پڕۆژە.

ئەمڕۆ شەممە 19/9/2020، حوسێن حەمە كەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەبارەی سووتانی دار سنەوبەرەكانی شەقامی سەرەكیی تاسڵووجە - سلێمانی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕوونی كردووەتەوە كە پێشتر پێشتر چەندان جار هەوڵ دراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتەكەیان لارینەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دار سنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت.

هەر لەو راگەیاندراوەدا، تیشك خراوەتە سەر ئەوەی، لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە (سووتانی دارسنەوبەرەكان) لەچەند ڕۆژی رابردوو رووی داوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و گرتنەبەری رێکاری پێویست.

پێشتر عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كردبوو كە بە پشتیوانیی هەندێك كەسی دەسەڵاتدار لە سلێمانی، كەسانێك بە ئەنقەست سنەوبەرەكانی ڕێگەی تاسڵوجە دەسووتێنن و دەیانەوێت دواتر ڕێپێدانی كاتی لە شارەوانی وەربگرن و بیكەن بە پێشانگای ئۆتۆمبێل.

دوێنێ هەینی 18/9/2020، ئەوە ڕاگەیاندرا كە دەربارەی بابەتی سووتاندنی سنەوبەرەکانی ڕێگەی تاسڵوجە لە سلێمانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لێکۆڵینەوەی دەست پێکردووە و هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵ و دەستەی ژینگە بە هاوکاریی پارێزگاری سلێمانی، خەریکی بەدواداچوونن بۆ زانینی هۆکارەکانی سووتانی سنەوبەرەکان و ڕووبەری زەوییەکە.












باسنيوز



Top