وەزارەتی کارەبا گرێبەستێكی بۆ راكێشانی هەشت فیدەری كارەبا واژۆ کرد
بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی کارەبا کە تێیدا هاتووە: "بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی دەرهێنانی 8 فیدەری (11kv) لە وێستگەی(132 KV) ) كەسنەزان، ئەمڕۆ رێكەوتی 7/9/2020 ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای (دڵسۆز) بە گوژمەی 1 ملیار و 250 ملیۆن و 148 هەزار دینار واژوو كرد".
روونیشکراوەتەوە، کە میانی رێورەسمی واژووكردنی گرێبەستەكەدا وەزیری كارەبا سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیرانی كرد بۆ تەرخانكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیەو چەند پرۆژەیەكی دیكە كە دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی بارزۆری لەسەر وێستگەو تۆرەكانی كارەبا لەتەواویی پارێزگاكانی كوردستان.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، کە لەتەوەرێكی قسەكانیدا وەزیری كارەبا وێڕای سوپاسی كۆمپانیای دڵسۆز كە لەماوەی دیاریكراوی خۆی توانی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی وێستگەی كەسنەزان – تەق تەق تەواو بكات، داواشی لێكردن بەهەمان شێوە لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا كە 60 رۆژە ئەم پرۆژەیەش بە دیزاین و كوالێتی بەرز جێبەجێ بكەن و پابەندی رێنمایی و راسپاردەكانی وەزارەت بن.
جەختیشکراوەتەوە، کە وەزارەتی كارەبا لەماوەی رابردوودا بەسەركەوتوویی توانی ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ لەناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا جێبەجێ بكات و ژمارەیەك پرۆژەی دیكەش لەقۆناغی كۆتایی دایە، بەتەواوبوونی ئەم پرۆژانەش بارزۆری لەسەر وێستگە و تۆڕەكانی كارەبا كەم دەبێتەوەو رۆڵیشیان دەبێت لەسوود وەرگرتنی تەواو لەو وێستگانەی كارەبا كە تەواو كراون.
باسنيوز
