کارمەندێکی پێشووی کەناڵی پەیام: کۆمەڵی ئیسلامی مانگانە ٤٥٠ ملیۆن داهاتی هەبوە و سواڵیشی كردوە

کارمەندێکی پێشووی کەناڵی پەیام: کۆمەڵی ئیسلامی مانگانە ٤٥٠ ملیۆن داهاتی هەبوە و سواڵیشی كردوە
کارمەندێکی پێشووی کەناڵی پەیامی کۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ڕەخنە لە حزبەكە دەگرێت و ئاشكرای دەكات كە ”کۆمەڵی ئیسلامی داهێنەری دیاردەی سواڵکردنە“.

لە نووسینێکیدا كە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی كردۆتەوە، بارزان ئەیوب، کارمەندی پێشووی کەناڵی پەیامی کۆمەڵی ئیسلامی، نووسیویەتی: “دوو ساڵ لەمەوبەر خەڵکیم ئاگادار کردەوە لەو سواڵکردنە بێ تاموئابڕووبەرانەیەی کۆمەڵی ئیسلامی لە ڕێگەی کەناڵی پەیامەوە دەستی داوەتێ، هۆشداریم پێدان لەوەی سواڵکردن بۆتە پیشەیان و ئەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت بۆ خۆیانە نەک ئیسلام و خوا و پێغەمبەر”.

ئاماژەی بەوەش داوە كە کۆمەڵی ئیسلامی لەساڵی ٢٠٠٨ەوە تاوەکوو ساڵی ٢٠١٣ مانگانە ٣٥٠ ملیۆن دیناریان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو بودجەی حزب وەرگرتووە، سەد ملیۆن دیناریشیان لە وەزیر و ئەندام پەرلەمان و پۆلیس و خانەنشینە بن دیوارەکانیان وەرگرتۆتەوە، واتا 450 ملیۆن دینار داهاتی مانگانەی کۆمەڵی ئیسلامی بووە و بەردەوامیش سواڵیان کردوە و گوتویانە ”هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی نوری ئیسلام نەکوژێتەوە“.

كارمەندەكەی پێشووی كەناڵی پەیام دەڵێت: “كۆمەڵ زۆرترین سودیان لە سۆزی خەڵکی ڕەش و ڕووت وەرگرتوە، دوای ئەوەی بودجەی حزبەكان نەما، کۆمەڵ نەک پەکی نەکەوتوە، کەناڵەکەشیان کرد بە سیستمی (HD)”.

لە بەشێکی دیکەدا نووسیویەتی: “ئەمساڵیش لە ڕەمەزاندا سنوقی سواڵەکەیان بە کەناڵی پەیام دانایەوە و ئەوەندەیتر ناوبانگی بەڕێوەبەر و ستاف و کارمەندانی کەناڵەکەیان شکاند، نازانم و هۆکار چیە بە جورئەتێكیان تێدا نیە بە مەکتەب سیاسیی کۆمەڵ بڵێ، ئەو داهاتە زەبەلاحەی نەخۆشخانەی بەخشین و کۆمپانیای دەرگا و پەنجەرە بۆ کوێ دەچێت؟ تا کەی ئێمە دەست لە خەڵک پان بکەینەوە و کەسایەتیمان بەم سواڵە ناشرینە لەکەدار بکەین؟”.

پێشتر بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاندبوو كە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان یەكێكە لەو حزبانەی خانەنشینی نایاسایی هەیە و لەم ماوەیەشدا ترسی ئەوەیان هەیە كە مووچەی خانەنشینكراوە نایاساییەكانیان ببڕێت، بۆیە هێرشی بەردەوام دەكەنە سەر پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.










باسنيوز



Top