نێچیرڤان بارزانی: عاشوورا هەلێکە بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ کێشەکان
نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ شەممە 29-08-2020، لە هەژماری خۆی لە توویتەر رایگەیاند، "یادکردنەوەی رووداوی دڵتەزێنی عاشوورا و بیرکردنەوە لە واتا مرۆییە قووڵەکانی لە قوربانیدان و دڵسۆزی و بەهای بەرز، هەلێکە بۆ وانەفێربوون لەپێناو یەکخستنی ریزەکان و بەلاوەنانی ناکۆکییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و ئاستەنگەکان و دۆزینەوەی چارەی دەستووری بۆ کێشەکان، تاوەکو سەقامگیری و گەشەکردن و ژیانی ئاسوودە لە عێراق بەدیدێن".
ئەم توویتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دواجار گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ناردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو رێککەوتنە تەنیا تا کۆتایی ساڵی 2020 بڕدەکات و هەردوولا هێشتا لە دانوستاندان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
وشەی عاشوورا لە رۆژی دەیەمی مانگی موحەڕەمی رۆژژمێری کۆچی سەرچاوەی گرتووە، بەهۆی شەهیدبوونی حوسێنی کوڕی عەلی، کچەزای محەممەدی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) لە ساڵی 61ـی کۆچی لە شاری کەربەلا لە عێراق، باوەڕدارانی شیعە هەموو ساڵێک لە عاشوورا یادی شەهیدبوونی حوسێنی کوڕی عەلی دەکەنەوە، کە یەکێکە لە دیارترین ئیمامەکانی شیعەی دوازدە ئیمامی.
رێوڕەسمی یادکردنەوە و ماتەمینی رووداوی عاشوورا لە عێراق شەوی رابردوو 28ـی ئابی 2020 دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتاییدێت
rudaw
