كەركووك.. ئافرەتێك لەژێر گوشاری هاوسەرەکەی و خەسووی خۆی سووتاند

كەركووك.. ئافرەتێك لەژێر گوشاری هاوسەرەکەی و خەسووی خۆی سووتاند
لە شاری كەركووك چەن ڕۆژ پێش ئێستا ئافرەتێكی كوردی تەمەن 18 ساڵ بەهۆی سووتانەوە گیانی لەدەست داوە و باوكی ئافرەتەكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەلایەن مێردەكەیەوە ئاگری تێ بەر دراوە و ئێستاش مێردەكەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/8/2020، محەمەد حەمەلاو، باوكی ئەو ئافرەتەی بەهۆی سووتانەوە گیانی لەدەست داوە ڕای گەیاند: "كچەكەم ناوی سەراب محەمەد حەمەلاو تەمەنی 18 ساڵە و نۆ مانگ پێش ئێستا شووی كرد و لە گەڕەكی عەسکەری شاری كەركووك نیشتەجێ بوون و لەو كاتەوەی كە شووی كردووە مێردەكەی لەگەڵی زۆر خراپ بووە و هەمیشە لێی دەدا و سووكایەتی پێ دەكرد".

گوتیشی: "ئازارێكی زۆری كچەكەمی داوە و دواتر هەر لە ماڵەكەی خۆیان ئاگری تێ بەرداوە و بەتەواوەتی سووتاوە و ئینجا خەڵك كچەكەمیان بردووە بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەكەیەوە گیانی لەدەست داوە و دواتر پۆلیس مێردەكەی دەستگیر كردووە".

باوكی ئەو ئافرەتە بە چاوی گریانەوە ئەوەشی ئاشکرا کرد: "وەك دەزانرێت دۆخی كەركووك ئێستا چۆنە و ماڵی مێردی كچەكەم واسیتەیان هەیە و ترسم لەوەیە بە سزای خۆی نەگەیەندرێت و ئازاد بكرێت، بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەم كە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو كردەوە وەحشیگەرانەی كە بەرامبەر كچەكەم كراوە و بە دڕندەترین شێوە ئاگری تێ بەر دراوە و ئەم دۆسیە دەبێت دادگا یەكلای بكاتەوە بۆمان تاكوو مافی خۆمان وەردەگرین".

هاوکات کەناڵی (کوردستان ٢٤) لەبارەی خۆسووتاندنی ئەو ئافرەتەوە بڵاوی کردووەتەوە: "سەراب محەمەد، تەمەنی تەنیا 18 ساڵ بوو کاتێک ساڵی رابردوو هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەحمەد کردووە و ئەحمەد پێشتر دوو جار هاوسەرگیریی کردووە، بەڵام لە هەردووکیان جیا بووەتەوە. سەرابیش کە تەنیا نۆ مانگ بوو هاوسەرگیریی لەگەڵ کردبوو، پێنج رۆژ پێش ئێستا 2020.8.15 لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرکووک، خۆی سووتاند و هەر ئەو رۆژەش بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی لەدەست داوە".

لە تۆمارێکی دەنگیدا، سەراب قسە دەکات و کەمێک پێش مردنی شاهێدی لەبارەی چۆنیەتیی خۆسووتاندنەکەی دەدات. تۆمارە دەنگییەکە لەلایەن برای سەراب تۆمار کراوە و لەلایەن دایکییەوە بەتایبەت بۆ کوردستان24 نێردراوە.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەنگی سەراب دەبیسترێت، بە ئاستەم قسە دەکات و دەڵێت "ئەحمەد لێمی دا.. دەڕوا ژن دەهێنێت... دایکی گوتی بڕۆ ژن بهێنە"، کاتێکیش براکەی دەپرسێت کێ پێی گوتی خۆت بسووتێنە؟، لە وەڵامدا دەڵێ "دایکی".

دایک و باوکە جگەرسووتاوەکەی سەراب، دەڵێن کچەکەیان جلوبەرگی لەبەردا نەبووە کە خۆی سووتاندووە، "ئەو رۆژە لەلایەن مێردەکەی و خەسوویەوە لێی دراوە، کاتیکیش هەڕەشەی خۆسووتاندنی کردووە و نەوتی بەخۆیدا کردووە، خەسووی خۆی چەرخەکەی داوەتە دەستی تاکوو خۆی بسووتێنێت".

هەر هەمان رۆژی خۆسووتاندن و گیانلەدەستدانی سەراب، خێزانەکەی سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام دەڵێن بەهۆی ئەوەی زاواکەیان عەرەبە و پێشتر حەشدی شەعبی بووە، تاکوو هەواڵەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو نەکرایەوە، رێگە نەدراوە کەیسەکە بەو شێوەیە ئاشکرا بکرێت.












باسنيوز



Top