لە هەولێر هەر موەلیدەیەکی گەڕەک نەکرێتە بێدەنگ، مۆڵەت لە خاوەنەکەی دەسەنرێتەوە
تاوەکو سەرەتا مانگی 10ی ئەمساڵ هەر موەلیدەیەک لە هەولێر دەنگی لێ بێت، مۆڵەت لە خاوەنەکانیان دەسەنرێتەوە. پارێزگاری هەولێر خاوەنی دوو هەزار و 600 موەلیدەی ئاگادار کردووەتەوە کە دەنگی موەلیدەکانیان بیانگۆڕن و تائیستا 400 موەلیدە کراونەتە بێدەنگ.
مەسعود 10 مانگە سەرقاڵی دروستکردنی خانووە بۆ خۆی و باوکی. نزیکی و دووکەڵی بێزارکەری موەلیدەی گەڕەکەکەیان بووەتە بەربەست لەبەردەم هاتنی بۆ نێو ماڵە تازەکەیان.
مەسعود رەسوول، دانیشتووی گەڕەکی ئاریی هەولێرە و دەڵێت، "هەفتەیەکە خانووەکەم تەواوبووە. دوودڵم، نازانم بێمە ناوی یان نا! دووکەڵی موەلیدەکە زۆرە و تەواوی دراوسێکانیش بێزابوون. کەس ناوێرێت هەر موبەڕیدەیش پێبکەن".
لە کۆتای مانگی 11ی ساڵی رابردوودا بۆ کەمکردنەوەی دەنگی موەلیدە ئەهلییەکان و پاراستنی ژینگە پارێزگاری هەولێر مۆڵەتی شەش مانگی بە خاوەنی موەلیدەکان دا تاوەکو موەلیدەکانیان بکەنە بێدەنگ.
ئاکۆ مەعرووف، خاوەنی موەلیدەیە و دەڵێت، "میچی موەلیدەکانمان کردووەتە ساندویچ پانێڵ و ئەگزۆزی موەلیدەکانیش دەگۆڕین دەکەینە بێدەنگ، بەڵام هەمووی بکرێتە بێدەنگ زۆرگەرمە و موەلیدەکان بەرگەی ناگرن".
بەکر سابیر، خاوەنی موەلیدەیەکی دیکەیە و دەڵێت، "ئێمە موەلیدەکەمان کردووەتە بێدەنگ، بەڵام ئێستا موەلیدەیەکمان تێکچووە فیتەر نایەت چاکی بکاتەوە و دەڵێت شوێنەکە بچووکە و زۆرگەمە".
سەرتای مانگی 5ـی ئەمساڵ دوایین وادەبوو بۆ ئەوەی هەر دوو هەزار و 600 موەلیدەکەی سنووری پارێزگای هەولێر بکرێنە بێدەنگ، بەڵام تاوەکو ئێستا لەو ژمارەیە تەنیا 400 موەلیدە کراونەتە بێدەنگ.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند کەسێک ئامادەیی خۆیان نیشانداوە. ئەگەر بەشێک لە خاوەن موەلیدەکان پابەندی بڕیارەکە نەبن، مۆڵەتی کارکردنیان لێوەردەگرینەوە و دەیدەین بە کەسانی دیکە. وادەکە تاوەکو 2020/10/01 درێژکراوەتەوە؛ باوەڕناکەم جارێکی دیکە درێژبکرێتەوە".
بەپێی بڕیاری پارێزگاری هەولێر هەر خاوەن موەلیدەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، مافی کارکردنی لێ وەردەگیرێتەوە.
rudaw
