رووسیا: دوو مانگی دیکە ڤاکسین بەردەستدەبێت

رووسیا: دوو مانگی دیکە ڤاکسین بەردەستدەبێت
رووسیا دەڵێت، لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دروستدەکات و دابەشیدەکات، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەکاتی باسکردنی هەوڵەکانی دروستکردنی ڤاکسینەکەدا ناوی رووسیا ناهێنێت و ئەو وڵاتە لەنێو ئەو لیستەدا نییە کە رێکخراوەکە بۆ دروستکردنی ڤاکسین ناوی هێناون.

رووسیا بە فەرمی لەڕێگەی وەزارەتەکانی بەرگری، تەندروستی و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە چەندجارێک ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە لە دوو مانگی داهاتوودا دەتوانێت ڤاکسین بەدەستبهێنێت.

تیتانیا گۆلیکۆڤا، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاندووە "کار لەسەر دوو پلانی دروستکردنی ڤاکسین دەکەین. یەکێکیان لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی گامالێیا و ئەوی دیکەیان لەلایەن تاقیگەی ڤیکتۆری حکومییەوە ئەنجامدەدرێن، ئەو هەوڵانە گەیشتوونەتە قۆناخی سێیەم و لە مانگی ئەیلوولدا کارەکانیان تەواودەکەن، چاوەڕێدەکەین یەکەم بەشی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە لە مانگی ئۆکتۆبەردا دەستپێبکات".

وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا، پێشتر رووسیایان بەوە تۆمەتباردەکرد کە لەڕێگەی هاککردنەوە بیرۆکەی دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای لێیان دزیوە، چونکە ئەو ڤاکسینە هەمان شێوەی ئەو ڤاکسینەیە کە زانکۆی ئۆکسفۆرد ئێستا سەرقاڵی دروستکردنیەتی.

دوای پێداگرییەکانی رووسیا لەوەی هەوڵەکانی سەربەخۆن، ئێستا میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن، رووسیا دەیەوێت بەبێ تاقیکردنەوەی تەواو ڤاکسینەکە بەرهەمبهێنێت.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش هیواکان بۆ دروستکردنی ڤاکسین کەمتر دەکاتەوە و دەڵێت، هەرچەندە باس لە قۆناخەکانی دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەکرێت، بەڵام نابێت هیوامان بە چارەسەری جادوویی هەبێت. رێکخراوەکە پێیوایە بەدەستهێنانی ڤاکسین هێندە ئاسان نییە و کاتێکی زۆری دەوێت.

تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت "ژمارەیەک ڤاکسین ئێستا لە قۆناخی سێیەمدان، هیوادارین بتوانرێت ڤاکسینی کاریگەر بەرهەمبهێنرێت کە رێگە لە تووشبوون بگرێت. هەرچەندە هیچ چارەسەرێکی جادوویی لەئاردا نییە و لەوانەشە هەرگیز نەبێت. ئێستا ڤایرۆسەکە خێرا بڵاودەبێتەوە، پێویستمان بە رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوە".

میدیای ئەمریکا دەڵێت، رووسیا لە کێبڕکێی وڵاتانی رۆژئاوادا دەیەوێت بەپەلە و بەبێ تاقیکردنەوەی پێویست ڤاکسینەکە بەرهەمبهێنێت.









Rudaw
Top