لە هەڵەبجە سێ رۆژە بەهۆی جەژنەوە پشکنینی کۆرۆنا نەکراوە
د. شاناز نەقشبەندی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە راگەیاند "ماوەی سێ رۆژە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ گومانلێكراوانی كۆرۆنا ئەنجامنەدراوە، ئەوەش بەهۆی كەمیی ژمارەی نەخۆش و كەمیی ژمارەی كارمەندانی تاقیگەیە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە گوتیشی "ئێمە 3 کارمەندی تاقیگەمان هەیە بۆ بینینی نەخۆش و بەهۆی جەژنی قوربانەوە لە پشوودان، ئەگەر لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا سامپڵ لە گومانلێکراوان وەربگیرابایە، ئەنجامی پشکنینەکە هەر دەکەوتە پاش پشووی جەژن، ئەنجامنەدانی پشكنینی كۆرۆنا بەو مانایە نایەت ئێمە هیچ رێكارێكمان نەگرتبێتەبەر، بەڵكو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە 24 کاژێر كراوەیە و ئەو نەخۆشانەی گومانی كۆرۆنایان لێ دەكرێت لە بەشی دابڕگەی تەندروستی (عزل) داخڵ دەكرێن و لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی هەناویی ئێشكگرەوە پشكنینیان بۆ دەكرێت".
بە گوتەی د. شاناز نەقشبەندی، بڕیارە لە سبەی سێشەممە 4-8-2020ـەوە پشکنینی گومانلێکراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێبکاتەوە.
گوتەبێژەکەی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکە 2002 پشکنینی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 475 تووشبوویان پۆزەتیڤ بوون، لەوانەش 420یان چاکبوونەتەوە، ئێستا تەنیا حەوت تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی وەفا ماون و تەندروستیی 5یان باشە و 2 تووشبووش بەشێوەیەکی کاتی پێویستیان بە ئۆکسجینە.
رووداو
