پرۆژەیەکی هاوچەرخی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت
سێ وەبەرهێنەی کورد سوودمەند لەم پرۆژانە بوون و دەبێت لە ساڵی یەکەمدا هەریەکەیان 25 جووتیار فێری ئەم سیستەمە نوێیە بکەن.
بەشار مشیر ئاغا، وەبەرهێنەی کشتوکاڵییە و دەڵێت، "ئەم پرۆژەیەمان لە رێگەی ئیکۆ کۆنسوڵ لە حکومەتی هۆڵەندی وەرگرتووە. لە هەرێمی کوردستان لە سێ پارێزگا دەبێت. لە دهۆک لەگەڵیان رێککەوتین کە 100 خانووی پلاستیکی بکەینە فراولە. لەم پرۆژەیەدا زیاتر لە 25 خێزانی جووتیار سوودمەند دەبن. هەروەها دەرفەتێک بۆ دەرچووانی زانکۆی کشتوکاڵی دەرەخسێنێت. ساڵی داهاتوو بەرفراوانتری دەکەین و زیاتر خوێندکار سوودمەند دەبن. لە رووی کواڵێتی و جۆر و رێژەی بەرهەمەوە لە بەرهەمی نێوخۆ باشتر دەبێت و کێشەی بەبازاڕکردنیش چارە دەکات، چونکە بە رێگەیەکی تایبەت و زانستی دەکرێت و بە بازاڕ دەکرێت".
کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا لەگەل رێکخراوی ئیکۆ کۆنسوڵ راستەوخۆ چاودێریی پرۆژەکە دەکەن. ئامانجی ئەم پرۆژەیە بۆ دابینکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەیە کە لە بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا خواستیان لەسەرە.
ویلیەم کۆزێن، کۆنسوڵی هۆڵەندا راگەیاند، "ئێمە جووتیاران بە باشترین ریگە فێر دەکەین کە ئەو بەرهەمەیان هەبێت کە خواستیان لەسەری هەیە. نەک هەر تەماتە و خەیاری خۆماڵیتان هەبێت کە باشن، بەڵام بەرهەمی نوێی وەک بیبەری رەنگاوڕەنگ، تەماتەی بچووک یان شلیک یان بەرهەمە گەڵاییەکان. ئینجا فێر ببن کە چۆن بەردەوام بەرهەمیان بهێنن و بیانکەنە نێو سندوقەکان و لە بازاڕەکاندا بیانفرۆشنەوە، نەک تەنیا بۆ ناوخۆ بن و، بنێردرێنە وڵاتانی دیکەش".
لە هەولێر لەسەر رووبەری هەزار مەتر چوارگۆشە بیبەری رەنگاوڕەنگ و تەماتەی بچووک دەچێنرێت. لە دهۆک لە 100 خانووی پلاستیکیدا شیلیک دەچێنرێت و لە سلێمانی لە 100 خانووی پلاستیکیدا بەرهەمە گەڵاییەکانی وەک کاهوو، خەس، کەلەرم و قەرنابیت دەچێنرێن.
رووداو
