لە عێراق هۆشداری لە زیاتر بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری دەدرێت

لە عێراق هۆشداری لە زیاتر بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری دەدرێت
یەک لەسەر سێی دانیشتووانی عێراق برسین و بە سەختی نانیان بۆ پەیدا دەکرێت. رێکخراوی جیهانیی خۆراک ئامارێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، ئەو برسێتییە دەرهاویشتەی کۆرۆنایە، کار و کەسابەتی نەهێشتووە وخەڵک پارەی نەماوە پێی بژی.

هاونیشتمانییەک گەرچی ئێش و ئازارەکانی کۆرۆنای نەچەشتووە و خۆی لە تووشبوون پاراستووە، بەڵام لێکەوتەکانی ڤایرۆسەکە ئازارێکی نوێ و لەبیرنەکراوی پێی بەخشیوە . پێشترهاوژینەکەی رۆژانە 25 هەزار دینار داهاتی هەبوو، بەڵام لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆرۆنا کاری کەم بووە و ئێستا بە زەحمەت خەرجیی رۆژانەیان دابین دەکەن.

نەوال خان، هاونیشتیمانییە و دەڵێت، "پێشتر دەمانتوانی کرێی خانوو بدەین. لەسەر ئەو هەژارییەش هەر باش بووین، بەڵام ئێستا دۆخمان زۆر زۆر خراپە، تەنانەت دوێنێ کوڕەکەم داوای هێلکەی کرد گوتی، "دایە بۆ هێلکەمان نییە؟" منیش گوتم، "کوڕم پارەمان نییە". ئیدی چووم بە 500 دینار بەس سێ دانە هێلکەم کڕی".

ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵکی هەژاری هەژارتر کردووە و کەمداهاتەکانیش کە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە کار و کاسبییان لەدەستداوە، خزیونەتە نێو بازنەی هەژارییەوە.

ئافرەتێک کە فافۆن و قوتووی ساردی کۆدەکات دەڵێت، "من 70 ساڵم. بە قوتووفرۆشی بژێویمان دابین دەکەم. کارەکە قورسە، بەڵام چی بکەم؟ ناچارم، چونکە پارەی کرێی خانووی و ئاو و کارەبا قەرزارم".

بەپێی رووپێوییەكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی تەواوی پارێزگاكانی عێراق نزمترین رێژەی هەژاریی تێدایە و پارێزگای هەولێر بە پلەی دووەم دێت. بەرزترین رێژەی هەژارییش لەسەر ئاستی عێراق لە پارێزگای موسەننایە. لەنێوان ساڵی 2007 تاوەکو 2018 رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بووە:

رێژەی هەژاری لە ساڵی 2007دا:
هەولێر 3.4%
سلێمانی 3.3%
دهۆک 9.3%

رێژەی هەژاری لە ساڵی 2018دا:

هەولێر 6.7%
سلێمانی 4.5%
دهۆک 8.6%

واتە بەگشتی لە هەرێمی کوردستان رێژەی هەژاری لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا 17% بەرزبووەتەوە.

لە هەولێر رێژەی هەژاری 97% زیادیکردووە، لە سلێمانی 36.3% زیادیکردووە. لە دهۆک سەڕەرای ئەوەی ئێستا هەژاری تێیدا لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی زیاترە، بەڵام لە بەراوردکارییەکەدا بە رێژەی 7% هەژاری تێیدا کەمی کردووە.

بەپێی پێوەری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەر خێزانێک داهاتی مانگانەی لە 110 هەزار دینار کەمتر بێت، لەژێر هێڵی هەژاریدایە. لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وایانکردووە زیاتر لە 500 هەزار کەس بکەونە ژێر هێڵی هەژاری. پێشبینی دەکرێت ئەو رێژەیە 10% بەرز ببێتەوە و ئەوەش ئەرکی رێکخراوە مەدەنی و خێرخوازیەکانی قورستر کردووە.

رۆندک فارس، بەرپرسی چاودێری و هەڵسەنگاندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی راگەیاند، "لە سەرەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی هاوکاریی زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بکات. توانیویشیەتی لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەش ملیار دینار بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە پێویستیان بە هاوکاری هەبووە. زیاتر لە چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار لەو پارەیە لەلایەن کۆمپانیا و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە".

لەدوای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و ئابووری، هەرێمی کوردستان پێی نایە نێو قۆناخێکی نوێی بووژانەوە و ئارامی، بەڵام ئیستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی دژواری ئابووری و سیاسییەوە کەوتووەتە نێو رێڕەوێکی تاریک.













رووداو
Top