فرسەت سۆفی: سەرۆکی حکوومەت رایسپاردووم چارەسەری دوکاندارەکانی بازاڕی سیم بکەین
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە راگەیاندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستانمان بەسەرکردەوە، کەبەداخەوە سەرلەبەیانی دوێنێ ئەم بازاڕە کە بازاڕێکی میللیە، بۆ سێیەم جار بەهۆی ئاگروتنەوە سوتا و زیاتر لە 250 دوکان زەرەو زیانی پێگەیشت، سوپاس بۆ بەرگری شارستانی هەولێر و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە کە توانییانە بە زووترین کات ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن".
دەشڵێت: "بۆچارەسەرکردنی کێشەکانی زیان لێکەوتوان و دوکاندارانی ئەم بازاڕە لەسەر ڕاسپادەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین لەخەم و ئازار و ئەو برینەی کە بەهۆی ئەو ئاگرەوە لەو خەڵکە هەژار و کەمدەرامەتە دروست بوو یارمەتییان بدەین و چارەسەری کێشەکەیان بکەین".
بەرەبەیانی دوێنێ هەینی، ئاگر لە بازاڕی سیم لە هەولێر کەوتەوە و کە بەوهۆیەوە دووکاندارەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشت، هۆکارەکەش نە شیاوی شوێنەکە و نەبوونی مەرجی سەلامەتی پێویست بوو لەم بازاڕە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا، بازاڕێکی نوێیان بۆ بکاتەوە.
دەقی راگەیاندراوەکە:
بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستانمان بەسەرکردەوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستانمان بەسەرکردەوە، کەبەداخەوە سەرلەبەیانی دوێنێ ئەم بازاڕە کە بازاڕێکی میللیە، بۆ سێیەم جار بەهۆی ئاگروتنەوە سوتا و زیاتر لە 250 دوکان زەرەو زیانی پێگەیشت، سوپاس بۆ بەرگری شارستانی هەولێر و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە کە توانییانە بە زووترین کات ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
بۆچارەسەرکردنی کێشەکانی زیان لێکەوتوان و دوکاندارانی ئەم بازاڕە لەسەر ڕاسپادەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین لەخەم و ئازار و ئەو برینەی کە بەهۆی ئەو ئاگرەوە لەو خەڵکە هەژار و کەمدەرامەتە دروست بوو یارمەتییان بدەین و چارەسەری کێشەکەیان بکەین.
نیگەرانین بەو ڕووداوەی کە ڕوویداوە و پەرۆشین بۆ ژیان و گوزەرانییان، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لەدیوانی پارێزگا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووینەوە و بڕیارماندا هەموو هەوڵەکانمان بخەینەگەڕ تاوەکو جارێکی تر کارەساتێکی لەو جۆرە ڕوونەداتەوە، بۆئەو مەبەستەش لێژنەیەکمان پێکهێنا بەپەلە لەگەڵ ئەنجومەنی ئەو بازاڕە بکەونە گفتوگۆ و شوێنیکی شایستە و گونجاو بە ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکەو نزیک لەو شوێنەی خۆیان دابین بکرێت، لەو بارەیەشەوە جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێداوین کە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی ئەو شوێنە دابین بکات، تاوەکو بازاڕێکی سەردەمیانەی هاوچەرخ، بەستاندارد و مەرجەکانی سەلامەتی دروست بکرێت بۆیان.
ئەو شوێنەی ئێستا ئەوان کە کەوتۆتە ژێر هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی کارەبا بەهیچ پێوەرێک بۆ بازاڕ گونجاو نییە، لەبەرئەوەی هەم مەترسی بۆ سەر تەندروستی و ژیانیان هەیە و هەمیش خوانەخواستە ئەگەر تەلێک لەو تەلە کارەبا بکەوێتە خوارەوە ئەوا کارەساتی گەورە ڕوودەدات، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ تاوەکو بەزووترین کات چارەسەری کێشەکانییان بکەین و شوێنێکی گونجاویان بۆ دابین بکەین، پەرۆشی ئەوانین و دەمانەوێت لەخەمەکانییان کەمکەینەوە و نامانەوێت هەموو ئەوانەی لەو بازاڕەکاردەکەن یەک ڕۆژیش کارەکانییان بوەستێت تائەوکاتەی شوێنێکی تری گونجاویان بۆ دەدۆزیینەوە و دەگەینە ڕێککەوتن لەگەڵیان، پێشمان ڕاگەیاندوو هەرچیەک بکەین بۆیان بە ڕێککەوتن و ڕەزامەندی و هاوکاری و هەماهەنگی ئەوان دەبێت، چونکە ئەوانە کەس وکار و ئازیزیی ئێمەن و خۆمان لەهەموو کەس زیاتر بە هاوبەشی خەمییان دەزانین، دڵنیاشیان دەکەینەوە هەرچیەک بکەین دەبێت لەپیناو ئەوان و بۆ ئەوان بێت.
باسنيوز
