سه‌ندیكای زێڕنگەران: بەباشی نازانین هاونیشتمانیان زێڕ بفرۆشن

سه‌ندیكای زێڕنگەران: بەباشی نازانین هاونیشتمانیان زێڕ بفرۆشن
گوته‌بێژی سه‌ندیكای زێڕنگەرانی کوردستان رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوامە، "ئەگەر زۆر پێویست نەبێت بەباشی نازانم هاونیشتمانیان زێڕ بفرۆشن".

هه‌ندرێن وه‌رتی، گوته‌بێژی سه‌ندیكای زێڕنگەرانی کوردستان راگەیاند "گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان و لێکەوتەکانی کۆرۆنا بووەتە هۆکاری ئەوەی نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدابێت، بەو هۆیەوە پێشبینی دەکرێت نرخی هەر ئۆنسێک زێڕ بۆ هەزار و 900 دۆلار بەرزبێتەوە، خۆزگە خەڵک ژیانی دابین ببوایە، باشتر بوو زێڕ بکڕن نەک فرۆشتنی. بۆیە ئەگەر دۆخی دارایی و پێویستی هاونیشتیمانیان نەبێت بەباشی نازانم هاونیشتمانیان زێڕ بفرۆشن؛ بازاڕی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە و دیارنییە چی دەبێت".

لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لە بازاڕەکانی جیهان زێڕ بەرزترین نرخی تۆمارکردووە و بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

رۆژی چوارشەممە 15ی تەممووزی 2020 نرخی یه‌ك ئۆنس زێڕی عه‌یارە 24 بۆ هه‌زار و 811 دۆلاری ئه‌مریكی بەرزبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2020 دوای هەفتەیەک نرخی یه‌ك ئۆنس زێڕی عه‌یارە 24 بۆ هەزار و 855 دۆلار بەرزبووەتەوە.

لە ماوەی مانگێکیشدا نرخی یەک ئۆنس زێڕی عەیارە 24 لانیکەم 72 دۆلار و 20 سەنت بەرزبووەتەوە.

لە ساڵی 2013دا بڕی 113 تۆن زێڕ لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە کراوە، کە 70%ی بۆ شارەکانی عێراق بووە، لە ساڵی 2014شدا 89 تۆن و لە ساڵی 2015شدا 79 تۆن زێڕ هاوردەکراون، ساڵانی دواتریش نزیکەی 30 تۆن زێڕ پشکنینی لە کۆنترۆڵی جۆری بۆ کراوە.

ئێستا نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەمشێوەیە:
عەیار 24: 370 هەزار دینار
عەیار 21: 324 هەزار دینار
عەیار 18: 277 هەزار دینار














رووداو
Top